دەسەڵاتی كاتیی دیمەشق بە نیازە كەرتە گشتییەكان بكاتە تایبەت

01:43 - 2025-01-07
ئابووری
52 جار خوێندراوەتەوە
زۆربەی كەرتە ئابوورییەكانی سوریا لە شكستدان

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

دوای رووخانی هەموو دیكتاتۆرێك كێشە ئابوورییەكان سەرهەڵدەدەن و بەهۆی نەمانی راگەیاندنێك بۆ پەردەپۆشكردنیان زەقتر دەردەكەون، سوریا دوای ئەو هەموو شەڕ و ماڵوێرانییەی بەهۆی سیاسەتی دیكتاتۆر و ململانێی ناوخۆیی و ئیقلیمییەوە بەسەری هات، ئێستا دەسەڵاتی كاتی ئەو وڵاتە ئابوورییەكی داڕماوی بە میرات بۆ ماوەتەوە، ئابوورییەك، كە %70ی كەرتە گشتییەكانی داڕماون و شكستیان هێناوە. محەمەد ئەبازید وەزیری دارایی حكومەتە كاتییەكەی سوریا رایگەیاند، هەموو ئەو كەرتە گشتییانەی لە دۆخی داڕماندان دەبێ بدرێن بە كەرتی تایبەت.
ئەو وەزیرە كاتییە ئاماژەی بەوەكرد، حكومەت كار بۆ ئەوە دەكات یاسای نوێی وەبەرهێنان دەربكات، بۆ ئەوەی وەبەرهێنی بیانی بۆ سوریا رابكێشێت. ئەم لێدوانانەی وەزیری دارایی حكومەتە كاتییەكەی سوریا تەواو پێچەوانەی سیاسەتی حكومەتی پێشووی سوریایە، كە سیاسەتێكی سۆشیالیستانەی پەیڕەو دەكرد و حكومەت دەستی بەسەر زۆربەی كەرتە ئابوورییەكاندا گرتبوو.

ئابوورییەكی مۆدێرن
لە دوای رووخانی دیكتاتۆر لە رۆژی هەشتی كانونی یەكەمی 2024دا، ئەحمەد ئەلشەرع كە دەسەڵاتی ئێستای سوریای بە دەستە بە كەناڵەكانی راگەیاندنی وت: سوریا پێویستی بە بنەمای ئابوورییەكی مۆدێرن هەیە، بەر لە هەموو شتێكیش دەبێ گرنگیی بە كەرتی كشتوكاڵ و دوای ئەویش كەرتی پیشەسازی و دواتر كەرتەكانی خزمەتگوزاریی و سیستمی بانكیی بدرێت.
محەمەد ئەلبەشیر سەرۆكی حكومەتە كاتییەكەی سوریاش لە لێدوانێكی پێشوویدا وتبووی سیاسەتی رژێمی پێشوو ئابووریی سوریای بەرەو وێرانیی و داڕمان بردووە.
هەموو ئەم لێدوانانەش بەو ئاراستەیەن كە دەسەڵاتدارانی كاتیی سوریا دەیانەوێ وای پیشان بدەن، كە ئاراستەی بیركردنەوەیان بۆ ئابووریی وڵات، بەرەو ئابوورییەكی لیبراڵ و بازاڕی ئازادە، بەڵام هێشتا دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا جێگیر نەبووە، تا بتوانێ بڕیار لەسەر سیاسەتی ئابووریی وڵاتەكە بدات و خەڵكی سوریاش تا ئێستا بەدەست دەیان كێشەی ئابووریی وەك: هەژاری، بێكاری، ئاوارەیی و بێ ماڵ و حاڵییەوە دەناڵێنن.
سەرچاوە: حەل نێت

بابەتە پەیوەندیدارەکان