بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی پێشوازیی لە سەید عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کرد.
لە دیدارێکدا كە رەفعەت عەبدوڵڵا و نزار ئامێدی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سیاسی دووپاتكرانەوە.
هەر لە دیدارەکەدا هەردوولا پەرۆشبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، رێکەوتنە سیاسییەکان و بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکتێگەشتنەکان لەنێوان لایەنە بەشداربووەکانی پێکهێنانی حکومەت بۆ دۆزینەوەی دەرچەی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، سەرخستنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی حکومەت و پشتگیریکردن لە دامەزراوە دەستوورییەکان.
دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا تەوەرێکیتری دیدارەکە بوون و جەخت لە دوورخستنەوەی وڵات لە ئاڵۆزییەكان کرایەوە بەشێوەیەک هەموولایەنەکان یەک گوتاری هاوبەشیان هەبێت لەپێناو پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ تەواوی پرسەکان هەڵویستی نیشتمانیی یەکێتی خستەڕوو و رایگەیاند، هەموو هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار، دادپەروەر و دەربەست بە خەمی خەڵکەوە. لە هەنگاوەكانیشمان بۆ دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانە لە ململانێ سیاسییەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەمیشەیی لە چوارچێوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەردەوامین.
پەیوەست بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەرۆک بافڵ وتی، چاودێریی پێشهات و گۆڕانكارییەكان دەكەین و پێشوازیی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەكەین كە ئامانجەكەی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەیە.