فەرەیدوون سامان
زمانی کوردی سەرباری ئەوەی بەرگەی هەموو هەوڵێکی شۆڤینیستانەی بۆ لەناوبردن و توانەوە گرتووە، رووبەڕووی چەندان هەوڵی پەراوێزخستن و لاوازکردن بووەتەوە، بەڵام هەر وەک کێوە سەرکەشەکانی کوردستان بە زیندوویی و نەمری مایەوە، لەهەر کوێیەکی ئەم نیشتمانەی ئێمە بێت، زمانی کوردی دەفری بیرکردنەوە و پەیوەندیی نێوان ئیتنیک و پێکهاتەکانی گەلەکەمانە، بەڵام ئێستا بە حوکمی کایەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەبەر رۆشنایی کەوتنی سنوورەکان، زمانەکەشمان کەوتۆتە بەر هەڕەشە و هێرشێکی توندی داگیرکردنی کەلتوریی.
کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
یەکێک لەو ئاستەنگانەی ئەمڕۆ لە سایەی تەکنەلۆژیای زانیاری و بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رووبەڕووی زمانەکەمان بۆتەوە و رەوشێکی دیکەی جیاوازتری هێناوەتە ئارا، کە لەگەڵ ئەزموونی گەلانی تر جیاوازە، لەوانەش گەلانی خاوەن دەوڵەت و دامەزراوەی ئەکادیمی، بە دیوێک راستە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان(سۆشیالمیدیا) خزمەتی بە ناسنامەی زمانەکان کردووە، بەتایبەت زمانی نەتەوە بی قەوارەکان، هاوکات بە دیوێکی دیکەدا یارمەتییەکی بەهێزی داوە بۆ رووکەشێتی و بێبایەخی ئەو زمانانە لە ناو کۆمەڵگاکاندا و هەڕەشەی راستەوخۆی توانەوەیان لەسەرە و مۆدێلێکیش بووە بۆ هێژموون و کاریگەرییەکانی ئەوەی لە کەناڵە بیانییەکانەوە پەخش دەکرێن و ئەوەی لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بڵاو دەکرێنەوە.
کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەر چەندە وەک ئامرازەکانی مۆدێرنیتە سوودی زۆری هەیە، بەڵام دەستدرێژییەکی کەلتوریی هەیە بۆ سەر وشەگەلی ژیانمان، بەتایبەتی لەڕووی ناسنامەی زمانەوانییەوە، ئەوەی کە رۆژانە زمانی كوردی رووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە، بۆ نموونە لە بەکارهێنانی شێوەزاری لۆكاڵی(زمانی بازاڕ)ی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەروەها ناساندنی زمانە بیانییەکان و بەکارهێنانی وشە و زاراوەکانیان بە مەبەستی خۆهەڵکێشان و شانازیکردن لەکاتی ئاخاوتندا باشترین بەڵگەن، تەنانەت تا ئەو رادەیە رۆیشتووە لە رێگای هەندێ کەناڵ و دامەزراوەی یاسایی وەک (پەرلەمانی کوردستان) بە بیانووی شارستانی نەبوونی، داواکراوە واز لە زمانەکەمان بهێنن و روو لە زمانێکی بیانی وەک ئینگلیزی بکەن، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموومانە کە زمانی کوردی وەک بیلبیلەی چاومان بپارێزین، ئەویش سەرەتا لە رێگای پەرەپێدانی میتۆدە پەروەردەییەکان دەبێت(بەتایبەت پەروەردە ناحکومی و ئەهلییەکان)، هەروەها سوود وەرگرتن لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن، بۆ پاڵپشتیکردنی زمانی کوردی بۆ کارلێککردن لەگەڵ جیهانی دیجیتاڵی، کە بۆتە پێویستییەکی سەردەمییانە.
پاراستنی زمانی کوردیی
بێگومان یەکێک لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی هەر گەل و نەتەوەیەک ئاسایشی زمانە، لە یەک وشەدا پاراستنی ناسنامەی زمان پەیوەندیی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، پاراستنی زمانی کوردیی بەرجەستەکردنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی زمانەوانی زۆر گرنگ و پێویستن، چونکە ئەمڕۆ داگیرکاریی کەلتووری ئاماژەیەکە بە هەوڵ و کردارەکانی کۆمەڵگایەکی زاڵ لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بۆ سەپاندنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی کەلتوری خۆی بەسەر کۆمەڵگایەکی نازاڵدا، وەک دابونەریت، ئایین، زمان، نۆرمە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان، و لایەنەکانی دیکەی سیستەمی ئابووری و سیاسی کە کۆمەڵگای زاڵ پێکدەهێنن.
داگیرکردنی کەلتوریی جۆرێکە لە کۆڵۆنیالیزم، واتە دەوڵەتێکی باڵادەست بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسەڵاتی کەلتوریی کۆمەڵگاکەی بەسەر گەلانی تردا فراوان دەکات، ئەویش بە گۆڕینی یان جێگرتنەوەی لایەنەکانی کەلتوریی کۆمەڵگایەکی نازاڵدا، وەک بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی، یاسا، پەروەردە و...هتد.
داگیرکردنی کەلتوریی نەرم
ئێستا داگیرکردنی کەلتوریی بە شێوەی نەرم(ناتوندوتیژ)یش هەیە، وەک چالاکی هونەری، گۆرانی و مۆزیک و دراما و سینەما، گۆرانی و درامای بیانی کە لەوانەیە تۆ حەزت لێ نەبێت، بەڵام ئەمڕۆ بە سانایی گەیشتۆتە ناو ماڵ و کوچە و کۆڵان و کافێ و ریستۆرانتەکانمان، لە کاتێکدا ئەم دیاردەی لە وڵاتانی دراوسێ و دەوروبەرمان نەک هەر قەدەغەیە، بەڵکو بەکارهێنەرانی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە، چونکە ئەوان پێیان وایە داگیرکاریی کەلتوریی یەکێکە لە گرنگترین ئامرازە سەرەکییەکانی کۆڵۆنیالیزم، ئەوان لە باوەڕی خۆیاندا بە سەروەری کەلتورەکەیاندا داگیرکاریی کەلتوری ئەنجام دەدەن و بە بیانووی پاککردنەوەی داگیرکەران لە نەریتی ناشارستانییان و داگیرکردنی کەلتوریی کە یەکێکە لە باشترین رێگاکان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەڵستی داگیرکەران بە سڕینەوەی هەموو شوێنەوارەکانی کەلتوریان و هەموو ئەو شتانەی کە دەرکەوتەکانی یەکگرتنیان بەهێز دەکات.
ئەگەر هەموو زمانەکانی جیهانیش بمرن زمانی کوردی هەرگیز نامرێت، بەڵام دەبێت رۆڵ و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و نەتەوەیی خۆمان بەرامبەر بە زمانەکەمان بگێڕین
بەرپەرچی ئەم هەڕەشە کەلتورییە بدەنەوە
داگیرکردنی کەلتوریی چیتر پەیوەندیی بە دەستێوەردانی سەربازییەوە نەماوە، یان بە بەکارهێنانی کاریگەریی ئابووری و سیاسی لە وڵاتە دەسەڵاتدارە بەهێزەکان بەسەر وڵاتانی کەمتر دەسەڵاتدا. رەنگە لە بازرگانی نێودەوڵەتی، پەرەپێدانی پیشەسازی لە دەرەوە و وەبەرهێنانی بیانی لەڕادەبەدەر و یارمەتی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتە گەشەسەندووەکان رووبدات، وەک دەوڵەتە بەهێزەکان ئەمڕۆ سیاسەتی داگیرکاریی کەلتوریی خۆیان پەیڕەو دەکەن بەناوی باشترکردن، بڵاوکردنەوەی چاودێری تەندروستی، پەروەردە و...هتد، دروستکردنی خواست لەسەر کاڵا و خزمەتگوزاریی بەرهەمهێنراوی وڵاتێک لە بەشەکانی تری جیهان لە رێگای بەکارهێنانی تاکتیکی بازاڕی توندوتیژەوە دەتوانرێت بە داگیرکاریی کەلتوریی دابنرێت. وەک هاوردەکردنی فیلم و مۆسیقا و جلوبەرگ و خۆراک لە وڵاتانی دیکەوە هەڕەشەی جێگرتنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکات و وردە وردە تایبەتمەندییەکانی کەلتوری لۆکاڵی دەگۆڕێت و لەناوی دەبات، هەندێک وڵات هەوڵیان داوە ئەم هەڕەشە کەلتورییە لە رێگەی جۆرەها رێوشوێنی یاسایی وەک قەدەغەکردنی فرۆشتنی هەندێک بەرهەم، بەرپەرچی ئەم هەڕەشە کەلتورییە بدەنەوە، دواجاریش یەکێک لە قوربانییەکانی کەلتور زمانی نەتەوەکەیە.
زمانی بیانی وەک زمانێکی زیادە
کاریگەرییەکانی داگیرکردنی کەلتوریی ئەوەند مەترسیدارن، چونکە کەلتورە داسەپاوەکەی بەسەر یەکپارچەیی کەلتوریی داگیرکراودا زاڵ دەبێت و لەناوی دەبات، دانیشتوان بە بیانووی ئەوەی کە دەوڵەتێک بۆ گەشەپێدانی ئابووریی تەرخانکراوە، لە زەوییەکانیان بێبەش دەکرێن و بەم شێوەیە شێوازی ژیانیان تێکدەچێت، سەربەخۆیی و بڕوا بەخۆبوونیان لەدەست دەدەن، دەکەونە دۆخی هەژاری، تووشی بەدخۆراکی و نەخۆشی دەبن، داگیرکاریی کەلتوریی کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەمەچەشنی کەلتوریی هەمان کۆمەڵگا هەیە، دەبێتە هۆی ئەوەی زمانێکی بیانی وەک زمانێکی زیادە لە ناوخۆدا بەکار بهێنرێت، ئایدیۆلۆژیاکانی دیکە کە دژایەتی بیروبۆچوون و ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵگایەک دەکەن لەوانەیە بپەژرێنن و دانیشتوان لەڕووی کەلتورییەوە پشت بە هاوردەکردنی بیانی ببەستن، هەموو ئەمانە رێگرن لە گەشەکردنیان لە ئەدەب و زانست و پەروەردە و میدیا و زمانی نەتەوەکەدا.
زمانی کوردی هەرگیز نامرێت
دواجار ئامانجی سەرەکی داگیرکاریی کەلتوریی، لاوازکردنی بنەما کەلتورییەکانی نەتەوەی داگیرکراوە بۆ ئەوەی ملکەچی بێت و بەم شێوەیە هێژموونی بەسەردا ئاسان بکات، بۆ ئەوەی داگیرکەر بەرژەوەندییەکانی خۆی بەدەست بهێنێت، هەروەها ئامانجی دیکەی ئەوەیە کە دەسەڵاتی داگیرکەر بتوانێت دەسەڵات و کۆنتڕۆڵ و زاڵبوونی خۆی بپارێزێت. بە سەپاندنی کەلتوری خۆی بەسەر نەتەوەی داگیرکراودا و بانگەشەی ئەوەی کە خاوەنی زانیاری و زانستی مۆدێرنن کە توانای بنیاتنانی دەوڵەت و باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان دەدات و خەڵکە رەسەنەکە ناچار دەکەن بە بێ ناڕەزایی و بەرگری دەسەڵاتی داگیرکاریی قبوڵ بکەن.
زمانی کوردی خودا هەڵیبژاردووە بۆ ئەوەی ببێتە زمانی نەتەوەیەکی زیندوو لەسەر خاکەکەی، ئەگەر هەموو زمانەکانی جیهانیش بمرن زمانی کوردی هەرگیز نامرێت، بەڵام دەبێت رۆڵ و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و نەتەوەیی خۆمان بەرامبەر بە زمانەکەمان بگێڕین، بۆیە پێویستە یاسایەکی پەرلەمانی دابڕێژرێت بۆ پاراستنی و ناسنامەی کوردیمان لەو داگیرکارییە کەلتوریی و دڕندانەیە، بەتایبەت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رووبەڕووی زمانەکەمان دەبێتەوە.