ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
فڕۆكەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتی یەك مانگی تەواو بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ئەو وڵاتەوە، كە بە رووخانی رژێمەكەی ئەسەد كۆتاییهات، داخرابوو، لە كاتی رووخانی رژێمیشدا هەندێك بەشی فڕۆكەخانەكە بەر تاڵانیی كەوت و ئەوەش خستنەوەگەڕیی فڕۆكەخانەكەی قورستركرد، بەڵام بەم دواییانە كێشەكانی چارەسەركرا و رۆژی سێشەممە بە رووی گەشتە ئاسمانییەكاندا كرایەوە.
سەعد خەیربێگ بەرپرسی فڕۆكەخانەكە رایگەیاند: كارەكانی چاكردنەوە و بەگەڕخستنەوەی فڕۆكەخانەكە یەك رۆژ پێش ئەوە تەواو بووە و ئەو كەموكووڕییانەی بەهۆی تاڵانكردنییەوە دروست ببوو چارەسەر كراوە، ئێستاش فڕۆكەخانەكە ئامادەیە بۆ پێشوازی لە گەشتە ئاسمانییەكان. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە یەكەم گەشت لە دیمەشقەوە بەرەو ئیمارات دەست پێدەكات و دوای ئەوەش فڕۆكەیەك لە قەتەرەوە دەگاتە دیمەشق.
گواستنەوەی یارمەتیی مرۆیی
فڕۆكەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتی بەر لەوەی لەكاربكەوێت، زیاتر بۆ گەشتی ئەو فڕۆكانە بەكار دەهات، كە تایبەت بوون بە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ سوریا، لەگەڵ گواستنەوەی ئەو بەرپرسانەی لە وڵاتانی دیكەوە سەردانی سوریایان دەكرد.
هێڵی ئاسمانی قەتەر سەبارەت بە هاتوچۆی نێوان هەردوو وڵات رایگەیاند: لەمەودوا هەفتەی سێ گەشتی ئاسمانییان دەبێت بۆ قەتەر، ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ كرانەوە بە رووی سوریادا و هەروەها دەبێتە بەشێك لە چالاكی و جموجۆڵی ئاسمانی ناوچەكە.
فڕۆكەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتی گەورەترین فڕۆكەخانەیە لە هەموو سوریادا و لە ساڵی 1970وە دروستكراوە، لە كاتی شەڕی ناوخۆدا و بە تایبەتیش لە ساڵی 2022وە چەندین جار لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان كراوە، بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتاییە درامییەكەی رژێمی ئەسەد فڕۆكەخانەكەش بە تەواوی لەكاركەوت.
سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت