خێرایی رووداوەکان و بابەتە گەرمەکانی رۆژ بە جۆرێکن کە نەک رۆژنامەی کاغەزی، بەڵکو هەندێک جار کەناڵە ئاسمانییەکان و میدیای ئەلەکترۆنیش پێڕاناگەن رووماڵی رووداوێک بکەن، بەڵام ئەرکی رۆژنامە زیاتر لەوێوە دەستپێدەکات کە لە رێی بەدواداچوون و بنکۆڵکارییەوە باکگراوندی رووداوەکان بکات وشرۆڤەی لێکەوتەکان لە زاری شارەزایانەوە بۆ خوێنەرانی بگوازێتەوە.
وەک ئێستا دەبینرێت رووداو و گۆڕانکارییەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان سات بەسات لە گۆڕانی بەردەوامدان، بۆیە کوردستانی نوێ بە پێویستی زانی تەوەرێک لەوبارەیەوە بکاتەوە تا را و بۆچوونی سیاسەتمەداران و شارەزایانی دۆخی سیاسی بزانێت، ئەوەی گرنگیشە بەلای خوێنەری کوردەوە لەم رووداوانەدا، چارەنووسی کورد و ئەزموونی رۆژئاوایە کە ئێستا بووەتە تەوەری سەرەکی لە هەموو میدیا عەرەبی ئیقلیمی و جیهانییەکانیشدا.
بەشداربووی ئەم تەوەرەش، د.تارق جەوهەر سارمەمی، بۆ پرسیارەی تەوەرەکە، بەمجۆرە وەڵامی کوردستانی نوێی داوەتەوە.
ئامادەکردنی / کوردستانی نوێ
د.تارق جەوهەر سارمەمی بۆ کوردستانی نوێ : کوردەکان لە رۆژئاوا، داوای داننان بە مافی نەتەوەیی و فراوانکردنی مافە کەلتوری و ئیدارییەکان دەکەن و بەدوای خۆبەڕێوەبەرییەکی تایبەتمەندا دەگەڕێن لە نێوان ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیدا
پێگەی کوردی رۆژئاوا لە نێوان پشتیوانییی نێودەولەتی و ئاڵەنگارییەکانی ناوچەکە
پشتیوانییی ئەمریکا بۆ کورد لە سوریا لەدوای 2011 ەوە لە نێوان پشتیوانیی مرۆیی وسەربازی و سیاسیدا جیاواز بووە و زۆرجاریش تێکەڵەیەک بووە لە هەر سێ جۆر، هەروەک زۆرجار پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات و پەیەدە لە رۆژئاوا، بە بەشێک لە ستراتیژی فراوانی سیاسی و سەربازی و ئەمنی ئەمریکا دادەنرێت و بابەتەکە تەنیا هاوکاری مرۆیی نییە.
پاڵپشتی مرۆیی: پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ کورد لە سوریا، سەرەتا بە هاوکاریی مرۆیی دەستی پێکرد و دواتر بۆ پشتیوانیی سیاسی و سەربازی فراوانتر بوو، لەوانە فریاگوزاری پزیشکی، خۆراک، ئاو، شوێنی مانەوەیان، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە زیانیان لێکەوتووە بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە.
ئەم هاوکارییە ئامانجی کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی مەدەنیە لە رۆژئاوا وەکو سەرێکانی، تەل عوبێد و کۆبانێ و ئەوانی تر.
بیرمان نەچێت پشتیوانیی مرۆییش بەشێکە لە سیاسەتی ئەمریکا بۆ دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی قەیرانی مرۆیی و دەستەبەرکردنی سەقامگیری لەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە کۆنترۆڵکراون.
پاڵپشتیی سیاسی
پشتیوانیی سیاسی، زۆرتر لە هەڵوێستی ئەمریکادا بەرامبەر بە کورد لە سوریا دیارە، بەتایبەتی لە رێگەی پاڵپشتیکردنی سەربازی و لۆجستی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرکردایەتی کورد لە روبەڕوبوونەوەی داعش لە سوریادا. ئەمریکا مەشق و پڕچەککردن و پاڵپشتی لۆجستیکی پێشکەش بەو هێزانە کرد، کە لە شەڕی داعشدا لە سوریا هاوکارییان کرد.
ئەم هاوکارییە رەهەندی سیاسی گەورەی هەبوو، بەو پێیەی ئامانجی پاراستنی کاریگەریی ئەمریکا بوو لە سوریا و بەهێزکردنی پێگەی کورد وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی لە دژی هەڕەشەکانی وەک داعش و رژێمی سوریا.
جگە لەوەش هەندێکجار پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ کورد لە سوریا پاڵپشتیی سیاسی بووە لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا، وەک هاوکاریکردن بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی سیاسی زیاتر یان گوشار لەسەر وڵاتانی ناوچەکە وەک تورکیا و سوریای ئەسەد.
کەواتە، دەکرێت بڵێین پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ کورد لە سوریا تەنیا پاڵپشتییەکی تەواو مرۆیی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی نزیکی بە حیساباتی سیاسییەوە هەیە، لەوانەش کاریگەریی لەسەر هاوکێشە سەربازی و سیاسییەکانی ناوچەکە.
ئەم پشتیوانییەی ئەمریکا، رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر پشتیوانیی وڵاتانی ئەوروپاش بەریتانیا فەڕەنسا و ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا ،هەم پشتیوانی سیاسی و مرۆیی هەمیش پشتیوانی سەربازییان پێشکەش بە هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەزموونی ئیدارەی خۆسەر لە ناوچە ئازادکراوەکان کردووە کە نموونەی پێکەوەژیانی کورد و عەرەب و مەسیحی و رۆڵی کارا و ئازادانەی ژنان لە سەنگەرەکانی دژ بە داعش و خۆبەرێوەبردنی ئیدارەی رۆژئاوا بۆتە جێی ستایش و سەرسامی ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی تر.
چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد لە سوریای نوێدا
دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد لە سوریا پێویستی بە رێبازێکی هەمەلایەنە هەیە کە ئاستەنگە ئاڵۆزەکان لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەییدا لەبەرچاو بگرێت.
لە سەرەتای دروستبوونی ململانێکان لە سوریا، پرسی کورد بابەتێکی هەستیار بووە کە تێیدا زۆر فاکتەر کاریگەریی هەبووە لەوانە بارودۆخی ناوخۆیی، دەستێوەردانەکانی ناوچەیی، هەروەها خواستەکانی کورد بۆ داننان بە مافە کەلتوری و سیاسییەکانیان.
لە 2011 وە، کورد خاوەنی سیاسەت و ستراتیژی جیواز بووە لە شەڕی دژی داعش، لە شێوازی خۆبەڕێوەبەری و پێکەوەژیان و کرانەوە و رێزگرتن لە ئازادی و یەکسانی.
ئاڵەنگارییەکانی بەردەم چارەسەری سیاسی:
کوردەکان لە رۆژئاوا، داوای داننان بە مافی نەتەوەیی و فراوانکردنی مافە کەلتوری و ئیدارییەکان دەکەن، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا بەدوای خۆبەڕێوەبەرییەکی تایبەتمەندا دەگەڕێن لە نێوان ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیدا، بەڵام ئەمە پێچەوانەی دیدگای ناوەندیی دیمەشقی هەردوو سەردەمی رژێمی پێشووی ئەسەد و دەسەڵێتی ئێستای ئەحمەد شەرع دەبێتەوە، چونکە چەندین لاوە، ئەم دەسەڵاتە نوێیە رایانگەیاندووە کە دژی فیراڵی و ئۆتۆنۆمین و تەنانەت هەندێکیان دژی ئەوەن کە تایبەتمەندێتی بە ناوچەیەکی سوریا بدرێت، چونکە بە مەترسیی دەزانن بۆ سەر یەکپارچەیی سوریا.
بۆیە ڕەنگە ئەم مەسەلەیە، گرژییەکانی نێوان کورد و هێزەکانی دیکەی سوریا وەک عەرەب و تورکمان بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیی دەکرێن، ببێتە بەربەستێکی گەورە بۆ گەیشتن بە رێکەوتنی کورد و دیمەشق.
دەستتێوەردانی ناوچەیی:
دووەم ئەڵنگاری لە تورکیاوە دێت کە بەردەوام بۆ لەباربردنی هەر هیوایەکی کورد هەمیشە هەوڵدەدات یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) کە رۆڵێکی بەرچاوی لە روبەڕوبوونەوەی داعشدا هەبووە، بە گروپێکی تیرۆریستیی پەیوەست بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بناسێنێت. ئەمەش ئاستەنگێکی گەورە لە بەردەم هەر رێککەوتنێکی نێوان کورد لە سوریا و دەوڵەتی تورکیا دروست دەکات.
بەڵام ئەم دوو ئەڵەنگارییە لەبەردەم بەردەوامبوونی پاڵپشتی و هاوکارییەکانی نێودەوڵەتی بۆ کورد و هەسەدە و پەیەدە و ئیدارەی خۆسەر لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپا وڵاتانی دیکە لە دژی داعش و گروپە توندئاژۆکانی سەر بەتورکیا، پێگەی ئەوانی پتەوتر کردووە، ئەوەتا لەسەردانی وەزیرانی دەروەی ئەلامنیا و فەڕەنسا و وەفدی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا کە راشکاوانە باس لە مسۆگەرکردنی مافی کورد و بەشداریی کاریگەریان لە بیناکردنەوەی سوریا و دامەزراندەوەی سوپاکەی پەیامێکی روونە بۆ دیمەشق و ئەنقەرە و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی کەنایانەوێت کورد بە رۆڵ و سەنگی خۆی، مافە سیاسی و کەلتوری و فەرهەنگی و ئیداری و ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە دەستووری نوێی سوریادا جێگیر بکرێت.
جیاوازی نێوان هێزە کوردییەکان:
کورد لە سوریا جیاوازی لە تێڕوانینەکانیاندا هەیە، لە کاتێکدا هەندێکیان داوای ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوودا دەکەن، هەندێکی دیکەیان فیدراڵیزم یان تەنانەت سەربەخۆیییان پێ باشترە. ململانێی پارتە کوردییەکان وەک پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و لایەنەکانی دیکەی وەک ئەنجومەنی نیشتمانی کورد، یەکێکە لە ئالەنگارییە مەترسیدارەکان، چانسی گەیشتن بە چارەسەری یەکگرتووی سیاسی ئاڵۆزتر دەکات.
بەڵام ئەو بانگەواز و مرونەتەی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ژەنراڵ مەزڵوم کۆبانی دەرفەتێکی باشی ڕەخساندووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەنەکەسە بگەنە جۆرێک لە رێککەوتن، ئەگەر ئەنەکەسە توانی لەژێر هەژموونی تورکیا و ئۆپۆزسیۆن و هێزە کوردییەکانی تر بێتە دەرەوە و بە بڕوایەکی کوردانە و بێمەرجی پێشوەخت، بچنەوە رۆژئاوا و بە یەک هەڵوێست بەشداریی لە گفتوگۆکانی کورد و دیمەشقدا بکەن.
دیالۆگ لەگەڵ تورکیا:
توخمێکی گرنگ بۆ ئیدارەی خۆسەر و کورد بریتییە لە گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تورکیا لەسەر پێگەی کورد لە سوریا. لەوانەیە ئەمریکا و ئەوروپا لەم دۆسێیەدا بتوانن رۆڵێکی ئەرێنی ببینن کە تورکیا دڵنیا بکرێتەوە کورد و ئەزموونەکەی لە رۆژئاوا، نابنە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاسایشی تورکیا، بەوەی کە خاکی سوریا بۆ ئەو رێکخراوانە بەکارناهێنرێت کە تورکیا بە تیرۆریستیان دەزانێت، لەبەرامبەر پێدانی مافی زیاتر بە کورد لەناو سوریای نوێدا.
رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی:
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا، دەتوانن بە گوشار خستنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی سیاسی، بەشداری بکەن لە دۆزینەوەی چارەسەر. دانوستانە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن بەشدار بن لە چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکان و بەشداریی سیاسی کورد لە دامودەزگاکانی حکومەتدا.
کۆدەنگی ناوخۆیی نێوان لایەنە سورییەکان:
هێشتا زووە دڵنیابین لەوەی کە دۆخی سوریا لە سایەی ئەو هەموو ناکۆکی و گرووپە جیاوازانەدا کە تەنیا هێزەکانی تەحریری شام، هەموو جومگەکانی دەسەڵاتیان بە دەستە و هیچ لایەنێکی تری وەک کورد و پێکهاتەکانی تر وەک عەلەوییەکان و مەسیحی و دروزەکان و تورکمان بەشداریان پێنەکراوە کە دواجار رەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی گرژی و ناکۆکی لەکاتی نووسیینەوەی دەستوور و پیكهێنانی حکومەتی راگوزەر و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و جیاکردنەوەی دین و دەوڵەت و رۆڵی ژن و ئازادییەکان و دیموکراسی. دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی هەمەلایەنە، پێویستیی بە کۆدەنگی هەیە لە نێوان هەموو لایەنەکان لە سوریا، بەدەسەڵاتی نوێی سوریا و ئۆپۆزسیۆن و کوتلە کوردییەکانەوە، بۆ ئەوەی دیاری بکرێت کە دەسەڵات لە داهاتوودا چۆن هاوبەش دەبێت؟ رەنگە چارەسەرەکان بریتی بن لە فۆرمولەی فیدراڵی یان لامەرکەزی کە دان بە مافەکانی کورد لە ناوچەکانی خۆیاندا بنێن، بەڵام بەبێ ئەوەی سازش لەسەر یەکڕیزی سوریا بکات.
لە کۆتاییدا:
دۆزینەوەی رێگاچارەی سیاسی بۆ پرسی کورد لە سوریای نوێدا پێویستی بە دانوستانی هەمەلایەنە هەیە کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەخۆ بگرێت، نەرمی و سیاسەتێکی واقعبینانە لە لای کورد و دەسەڵاتی نوێی سوریا، بە پشتیوانیی ئەوروپا و ئەمریکا، گەرەنتی مافە رۆشنبیری و سیاسییەکانی کورد زامن بکرێت.
بەتایبەتی کە هەڵوێست و سیاسەتەکانی ئێستای ئیدارەی خۆسەر و ئازایەتی شەڕڤانان، لەبەرەی شەڕی دژ بە تورکیا و بەکرێگیراوەکانی و پشتیوانیی سیاسی و دیپلۆماسی ئەوروپا و ئەمریکا، وای لێدەخوێندرێتەوە کە پێگەی کورد لە ئایندەی سوریادا، پێگەیەکی بەهێز و کاریگەر دەبێت و ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی کورد دەکات.