دانا رەئووف
ئەوەی لەم کورتە نووسینەدا گرنگە بیخەینەڕوو، ئەوەیە کە بوشنەر یەکەم بنەماکانی شانۆیەکی دۆکیومێنتاریی دادەڕێژێت، دواتر (بیسکاتۆر و برێشت) دەگەڕێنەوە سەری و برەوی پێدەدەن
شانۆی «رۆژ» و ئاریان مونشکین لە ساڵی 1970دا دوو نمایشی گرنگ لەسەر شۆرشی فەرەنسی بەناوی (1789و1793)وە لە پاریس پێشکەش دەکەن. گروپی شانۆی «رۆژ» بە میتۆدەکانی شانۆی راگوزاریی و دۆکیومێنتاریی دەگەڕێنەوە بۆ مێژوو، تا سەرلەنوێ مێژوو لەو ساتەوەختەدا بخوێننەوە. مونشکین لەم نمایشانەدا، لە چەمک و فۆرمە هەمەلایەنەکانی شانۆی میللیی فەرەنسی، بەتایبەتیش لەو فۆرمانەی لە چاخەکانی ناوەڕاستدا باو بوون نزیک دەبێتەوە.
هەردوو شانۆنامەکەش(1789) و (1793) ئهکتهرهکان بەهاوکاریی ئاریان مونشکین، لە رێگای تەکنیک و مەشقی راگۆزاییەوە دایانهێناوە و دوایی نووسراوەتەوە، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە دەقە شانۆییەکان شانۆنامەنووسێکی دیاریکراویان نەبووە. هاوکات شۆڕشی فەرەنسا، وەک رووداوێکی مێژوویی گرنگ رەنگدانەوەیەکی زۆری بەسەر شانۆی ئەوروپییەوە هەبووە؛ بەرئەنجامەکانی ئەو شۆڕشە لە چەندین بەرهەمی نووسەرە گەورەکاندا، بەتایبەتی دەقی شانۆییدا رەنگیان داوەتەوە.
لەم کورتە وتارەدا هەوڵ دەدەم، دوو نموونە بهێنمەوە کە هەردووکیان لە دوو زەمەن و شوێنی جیاوازدا و لە دوو شانۆنامەدا گەڕاونەتەوە بۆ رووداوەکانی شۆڕشی فەرەنسا. یەکەمیان شانۆیی (مەرگی دانتۆن)ی نووسەری ئەڵمانی گیۆرک بویشنەر و ئەویتریان (مارا -ساد)ی پیتەر ڤایس. ئەوەی جێگای سەرنجە هیچکام لەم دوو نووسەرە بە رەچەڵەک فەرەنسیی نین و هەردووکیان ئەڵمانین. بویشنەر شانۆنامەکەی لە ساڵی 1835دا نووسیوە. چەمکی شۆڕش، وەک دینامیکییەتی رووداوەکان بابەتی سەرەکیی شانۆنامەکەیە، بۆ ئەم مەبەستە لە واقیعی ژیانی ئەو رۆژگارە و هەلومەرجەکان نزیک دەبێتەوە.
لەم تێڕوانینەوە، هەردوو کارەکتەری «دانتۆن» و «رۆپسپیێر»، کە دوو کەسایەتی گرنگی شۆڕشی فەرەنسای بوون، رووبەڕووی یەک دەکاتەوە. لەم رووەوە خوێنەر و بینەر دەکەونە نێوان دوو هەڵوێستی جیاوازەوە؛ یەکەمیان ئایا دەبێت وەک رۆپسپیێر دەیەوێت، کوشتار و تیرۆری نەیارەکانی شۆڕش بەردەوام بێت، یاخود وەک دانتۆن هەوڵی بۆ دەدات، میکانیزمێکی میانڕۆ بەکاربهێنرێت و رێگا بە خوێنڕشتنی زیاتر بگیرێت. لە ئەنجامیشدا دانتۆن بە کەسێکی گەندەڵ و نزیکی پادشا دادگایی دەکرێت و ملی دەپەڕێنن. بویشنەر چەندە لە رووداوە مێژووییەکانی فەرەنسا و بەڵگەنامەکانی ئەو کاتەوە نزیک دەبێتەوە، هێندەیش بە شێوەیەکی سەربەست مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوانەدا دەکات.
ئەوەی لەم کورتە نووسینەدا گرینگە بیخەینە روو ئەوەیە، کە بوشنەر یەکەم بنەماکانی شانۆیەکی دۆکیومێنتاریی دادەڕێژێت، کە دواتر (بیسکاتۆر و برێشت) دەگەڕێنەوە سەری و برەوی پێدەدەن. ناکرێت مێژوو بێ هیچ دەستکاریکردن و ههڵوهسته لهسهرکردن لەمەڕ ئەمڕۆ و گرنگیی ئەو زەمەنە رابردووە، ئەو رووداوانە بەسەر ئەمڕۆوە فەرامۆش بکرێت، هاوکات گرانیشە هەموو رووداوە مێژووییەکان لە کارێکی ئەدەبیی یان شانۆییدا جێگایان ببێتەوە. پیتەر ڤایس لە شانۆنامەی (مارا -ساد) دا وایکردووە.
ڤایس نەیویستووە تەنیا رووداو و بەسەرهاتە توندوتیژ و راستەقینەکانی مێژوو تۆمار بکات، بەڵکو ویستوویەتی جۆرێکی تایبەتمەند و جیاواز لە دراما بخوڵقێنێت، کە بە سوود وەرگرتن لەو بەڵگەنامە مێژووییانە نەخشەیەک بۆ بیری مرۆڤایەتی بکێشێت.
(مارا-ساد) هەر وەک (مەرگی دانتۆن)، باسی شۆڕشی فەرەنسا دەکات، ڤایس مارکیز دی ساد و ژان پۆل مارا کە لە دوو زەمەنی جیاوازدا ژیاون، دەهێنێتە سەر شانۆ و لە ژوورێکدا پێکەوە کۆیان دەکاتەوە. ساد وەک نووسەرێک، کە بڕوای بە توانای مرۆڤی تاک و خودگەرایی هەبووە، بانگەشەی فراوانبوونی دەسەڵاتی ئیندیڤید دەکات. مارایش کە یەکێک بووە لە رابەرەکانی شۆڕشی فەرەنسا، بڕوای بە توندوتیژییە چونکە هەر ئەو توندوتیژییە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی سەرفرازی. پێگەیشتنی ئەم دوو کارەکتەرەیش لای ڤایس لە ترۆپکی رووداوە راستەقینەکانی شۆڕشی فەرەنسادا بەرجەستە دەبێت، بەتایبەتیش لە ساڵی 1793 دا، بەماوەیەک بەر لە کوشتنی مارا بە دەستی (کۆردی). کۆردی بڕوای وایە بە کوشتنی مارا گەلی فەرەنسیی رزگار دەکات. ئەم دوو کەسایەتییە، (مارا و ساد) هەرگیز لە واقیعدا یەکترییان نەبینیووە، بەڵکو ڤایس جەمسەرە واقیعییەکانی ژیانی ئەم دوو کارەکتەرە مێژووییەی لە پرۆسەیەکی هونەرییدا بەیەک گەیاندووە و رووداوەکانیشی لەناو نەخۆشخانەی «چارنتن»دا روو دەدەن.
تێبینی: هەردوو شانۆنامەکە، (مەرگی دانتۆن) و (مارا-ساد) کراون بە کوردیی و لە زنجیرەی شانۆی بیانییدا بڵاوکراونەتەوە.