لە دژی بۆردومانکردنی خەڵكی مەدەنی لە رۆژئاوا

كوردانی تاراوگە دەستیان بە خۆپیشاندان كرد

12:33 - 2025-01-09
کوردستان
56 جار خوێندراوەتەوە

بۆ رۆژی دووەم گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هەندێك ناوچەی رۆژئاوای كوردستان بۆمباران دەكەن و خەڵكی مەدەنی دەبنە قوربانی.
بەپێی سەرچاوەكانی زانیاریی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، كە لە شاری قامیشلۆوە پێمان گەیشتووە، گروپە چەكدارەكانی سەر بە دەوڵەتی توركیا لە سوریا، بە پاڵپشتی درۆنی توركی، هێرشیان كردۆتەسەر چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان و بەدیاریكراویش لەو شوێنانەی كە دەكەونە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی منبج و نزیك بەنداوی تشرین، لە ئەنجامی بۆمببارانەكانیشدا شەهید و بریندار هەیە، بەتایبەتی كە خەڵكێكی زۆری مەدەنی پێكراون كە بەمەبەستی رێگرتن لە هێرشی زەمینی ئەو هێزانە لەو شوێنانە، كۆبوونەتەوە.
لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا، رەوەندی كوردی لە وڵاتانی ئەوروپا دەستیانكردووە بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بۆ ئیدانەكردنی ئەو هێرشانەی گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا و دەوڵەتی توركیا خۆی كە بەپێی هەندێ شایەتحاڵی نزیك لە شوێنی رووداوەكان، دەست لە خەڵكی بێ چەكیش ناپارێزن، بەوەش جارێكی تر ترس و تۆقاندنیان لەناو دانیشتووانی مەدەنیی ئەو ناوچانەدا بڵاوكردووەتەوە.
لە چوارچێوەی ئیدانەكاندا، لە ئەدەنبەرە-ی پایتەختی وڵاتی سكۆتلەندا، كوردانی تاراوگە لەبەردەم بینای پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا كۆبوونەوە و تووڕەیی و ناڕەزایی توندی خۆیان دەربڕی و هێرشەكانیان ئیدانەكرد و داوایان لە كوردانی تاراوگەی وڵاتانی تریش كرد كە كەمپینی گەورەی ناڕەزایی رێكبخەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان