سەرۆک بافڵ لە دەباشان چاویکەوت بە نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان

04:16 - 2025-01-09
کوردستان
702 جار خوێندراوەتەوە


بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان چاویکەوت بە نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە راپۆرتێکدا کێشە و داواکارییەکانیان خستەڕوو و راشیانگەیاند، پابەندی رێنمایی و رێکارە یاسایی و ئەمنییەکان دەبن و هاوکاری تەواوی دەزگای ئاسایش و سەرجەم دامەزراوەکان دەبن بۆ پاراستنی ئارامیی سلێمانی.

لە بەرامبەردا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتیوانیی خۆی بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، خۆمان بە پارێزەری سەرجەم خەڵکی کوردستان دەزانین بەهەموو چین و توێژەکانییەوە، ئەرکی ئێمە پاراستنی ماف و بژێویی ژیانی خەڵکە و رێگەنادەین غەدر و ناحەقی بەرامبەر هیچ کەسێک بکرێت.

سەرۆک بافڵ وتیشی، لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان هەماهەنگ دەبین تاوەکو لە چوارچێوەی یاسا و رێکارەکاندا کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان چارەسەر بکرێت، بێگومان پابەند بە رێنماییەکانی هاتوچۆ و ئاسایش ئەم کارە دەکرێت و دەبێت یاسا وەک یەک بەسەر هەمواندا جێبەجێبکرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا سەرۆک بافڵ رایگەیاند، نابێت لە کوردستاندا مافی هیچ توێژێکی کۆمەڵگە پێشێلبکرێت و نادادییان بەرامبەر بکرێت، پشتیوانیی هەموان دەبین و هەرێمێکمان دەوێت تێیدا هەموان هەست بە ئارامی و پارێزراوی بکەن و رێز لە مافەکانیان بگیرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان