له فارسییه‌وه: توانا نه‌وشیروان
سازدانی: سرویس تجسمی
1-2
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له باتی كه‌سایه‌تییه ساده‌كان، به‌رهه‌مه‌كانی عه‌لیڕه‌زا كه‌ریمی مقه‌ده‌م وێنه‌كێش و كه‌سایه‌تی ناسراوی جیهانی تێدا ده‌ركه‌وت، ئه‌ویش (ڤان كوخ )ی هۆڵه‌ندی بوو، كه بۆته گێڕه‌ره‌وه‌ی زۆرێك له رووداوه‌كانی جیهان. جگه له‌وه‌ش مقه‌ده‌م به‌شێك له به‌رهه‌مه‌كانی ڤان كوخی دووباره خستۆته‌وه پێش چاومان. هه‌ر ئه‌مه وایكرد زۆرێك ئه‌و به ڤان كوخی نوێ ناوبهێنن. له‌م دیداره‌دا زۆر لایه‌نی ژیان و كاره‌كانی ده‌خه‌ینه به‌رباس.
*سه‌ره‌تا، هاتنت بۆ ناو گۆڕه‌پانی وێنه و كاریكاتێر و مێژووی كاركردنتان له‌گه‌ڵ گۆڤار و رۆژنامه‌كاندا بخه‌ره‌ڕوو.
-یه‌كه‌م كاریكاتێرم له ساڵی (1991) له گۆڤاری (ته‌نز و كاریكاتێر)دا بڵاوكرایه‌وه. له‌و كاته‌وه به‌رده‌وام بووم له كاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڤاره‌دا، تا ساڵی( 1999). له‌ڕاستیدا گۆڤاری (ته‌نز و كاریكاتێر) وه‌ك قوتابخانه‌یه‌كی پڕ به‌هره وابوو. زه‌مانێك هاته پێش كه باشتر وابوو، هه‌ندێك كه‌س له گۆڤاره‌كه بڕۆنه ده‌ره‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هاتنه ناوه‌وه بۆ كه‌سانی نوێ بكه‌نه‌وه. جیلی ئێمه له گۆڤاره‌كه چووینه‌ده‌ره‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی فرسه‌ت بده‌ین به كه‌سانی نوێ و ئه‌وان بتوانن كاره‌كانیان بڵاوبكه‌نه‌وه. ده‌توانم بڵێم (ته‌نز و كاریكاتێر) وێستگه‌ی یه‌كه‌می كاركردنی زۆرێك له كاریكاتێریسته پێشه‌نگه‌كانی ئه‌مڕۆبوو، ده‌روازه‌یه‌كیش بوو، بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م كاره‌كانی ئه‌وان. سه‌رجه‌م كاره‌كانم له گۆڤاری (ته‌نز و كاریكاتێر)دا به‌شێوه‌یه‌كی ئازادبوو، ته‌نها كارێك نه‌بێ كه خۆم داوام له (عه‌لیزاده) كرد، تا بیكه‌م. ئه‌ویش دیزاینی به‌رگی پشته‌وه‌ی گۆڤاره‌كه بوو به‌شێوه‌ی ره‌نگاوره‌نگ، بۆ ئه‌م كاره‌یان هه‌موو مانگێك چه‌ند دیزاینێكم ده‌نارد، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان بڵاو بكرێته‌وه. شایانی باسه جه‌وادی عه‌لیزاده یه‌كه‌م كه‌س بوو، كه هانیدام بۆ چاپكردنی كاره‌كانم. له ده‌وروبه‌ری ساڵی( 2003) چوومه ناو رۆژنامه‌ی (جامی جم)، سكرتێری دیزاین و كاریكاتێری رۆژنامه‌كه بووم. بۆ ماوه‌ی ساڵێك دیزاینم بۆ لاپه‌ڕه ناوخۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌و رۆژنامه‌یه ده‌كرد، دوای ئه‌وه‌ی له رۆژنامه‌كه هاتمه ده‌ره‌وه به پاشكۆی چوارگۆشه‌ی (جامی جم )ده‌ستم به‌كاركردن كرد، نزیكه‌ی چوار ساڵ به‌رده‌وام بووم، هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی كارم ده‌كرد. ئێستا پێم باشه به سه‌ربه‌خۆیی كار بكه‌م، وا بۆ چوار ساڵیش ده‌چێ به‌شداری هیچ چالاكییه‌كی رۆژنامه‌وانیم نه‌كردووه، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ته‌نها له رێگه‌ی لاپه‌ڕه‌ی ئینستاگرامه‌كه‌مه‌وه كاره‌كانم بڵاوده‌كه‌مه‌وه، چونكه كاركردن له‌گه‌ڵ رۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا له رووی داراییه‌وه بۆ من گرنگ نه‌بوو، ته‌نها ده‌مویست سه‌رنجی بینه‌ران به‌لای كاره‌كانمدا رابكێشم، به‌ڵام كاتێك ئینستاگرام هاته‌ئاراوه، توانیم به‌شێوه‌یه‌كی ئازاد كاربكه‌م و بینه‌رێكی زۆرتر په‌یدابكه‌م. ئێستا له شاری لیشبۆنه‌ی پورتوگال ده‌ژیم. سه‌ره‌تا كه هاتمه ئێره، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم له‌گه‌ڵ چاپه‌مه‌نی بیانی‌دا نه‌بوو، به‌ڵام به‌تێپه‌ڕبوونی كات و له رێگه‌ی لاپه‌ڕه‌ی ئینستاگرامه‌وه كاره‌كانم زیاتر ناسێنران و توانیم بینه‌رێكی زۆری بیانی په‌یدابكه‌م، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌وروپا گرنگی به كاره‌كانم بده‌ن و چه‌ندین هه‌لی كاریشم پێشكه‌ش بكه‌ن. ئێستا به‌گشتی به‌رهه‌مه‌كانم له پێشانگه‌دا ده‌خه‌مه پێش چاو و به‌شداریم له ژماره‌یه‌كی زۆر له پێشانگه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا كردووه.
*یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كاره‌كانت به‌كارهێنانی هێڵه چه‌ماوه‌كان و كاره‌كته‌ره ساده‌كانه له وێنه‌كانتدا. ده‌كرێت پێمان بڵێیت چۆن گه‌یشتیت به‌م هێڵ و كاره‌كته‌رانه؟
-له سه‌ره‌تاوه به‌رهه‌مه‌كانم به‌م شێوه‌یه نه‌بوو. من له‌و گه‌نجانه بووم به كاریكاتێر ده‌ستمانپێكرد و ده‌مانویست وه‌ك جه‌واد عه‌لیزاده‌بین، سه‌ره‌تا هه‌وڵماندا كاره‌كانی ئه‌و كۆپی بكه‌ین، چونكه سه‌رسامبووین پێی. له‌و كاته‌دا هیچ ئاشنایه‌تییه‌كمان به كارتۆنیسته‌كانی جیهان نه‌بوو. دوای یه‌ك دوو ساڵێك چاوم به‌چه‌ند به‌رهه‌مێكی كارتۆنیستێكی كرواتی كه‌وت، كاره‌كته‌ره‌كانی زۆر تایبه‌ت بوون و ته‌نها له‌سه‌ر و جه‌سته‌پێك هاتبوون، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ورده‌كارییه‌كی تر نیشان بدات. ده‌بێت دانیپێدابنێم كه سه‌ره‌تا كاره‌كانی ئه‌وم كۆپی ده‌كرد، به‌ڵام دواتر ورده ورده گه‌یشتمه ئه‌و شوێنه‌ی هه‌ستمكرد كاره‌كانم به‌رهه‌می خۆمن و چیتر له كاره‌كانی ئه‌و ناچێت. ئه‌م هێڵه شه‌پۆلیانه، كه دواتر بوو به‌شێوازی كاركردنم، له‌وێوه سه‌ری هه‌ڵدا. دواتر توانیم وێنه‌ی ئێرانی و هێڵی مینیاتۆری بخه‌مه ناو كاره‌كانمه‌وه و به‌رگێكی رۆژهه‌ڵاتیانه‌یان به‌به‌ردا بكه‌م. من رووی ده‌مم له‌و كه‌سانه ده‌كه‌م تازه ده‌ست به‌كار ده‌كه‌ن له‌م بواره‌دا و پێیانده‌ڵێم: كۆپیكردنی كاری كه‌سانی تر هیچ نه‌نگییه‌كی تیادا نییه، به‌ڵام به‌مه‌رجێك دواتر بتوانێت له‌و چوارچێوه‌یه بێیته‌ده‌ره‌وه.
*ده‌كرێت بپرسین بۆچی له كاره كۆنه‌كانتدا به‌ده‌گمه‌ن ره‌نگت به‌كارده‌هێنا؟
-سه‌ره‌تا زۆر هه‌ستیار بووم له به‌كارهێنانی ره‌نگدا. ته‌نها ئه‌و خاڵه سه‌ره‌كییانه‌م ره‌نگ ده‌كرد، كه ده‌مویست جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌مه‌وه. له‌و كاته‌دا تاكه به‌ش له كاره‌كانمدا ره‌نگم ده‌كرد سه‌ر لووتی كاره‌كته‌ره‌كان بوو، دواتر كه‌مێك ره‌نگه‌كه‌م فراوانكرد و به تێپه‌ڕبوونی كات ره‌نگ زیاتر چووه ناو كاره‌كانمه‌وه .
*چۆن بوو بڕیاری ئه‌وه‌ت دا ڤان كوخ بخه‌یته ناو كاره‌كانته‌وه؟
-عه‌شقی من بۆ ڤان كوخ و كاره‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می پێش چوونه زانكۆم. له كاتی چوونه ژوره‌وه‌مدا بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی (كۆنكور)، پێشانگه‌یه‌كی به‌هاره بۆ به‌رهه‌مه‌كانی ژماره‌یه‌ك بڵاوكراوه كرابووه‌وه، له‌و پێشانگه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك له كار و نامه‌كانی ڤان كوخم بینی. له‌و كاته‌دا كتێبه‌كه‌م به نرخێكی گران كڕی. جگه له خوێندنه‌وه‌ی ژیان و نامه‌كانی، ده‌ستمكرد به‌كۆپیكردنی وێنه و دیزاینه‌كانی. دوای ئه‌وه‌ی چوومه زانكۆ، زۆر هه‌وڵمدا ڤان كوخ بخه‌مه ناو كاره‌كانمه‌وه، به‌ڵام بیرۆكه‌یه‌كی ئه‌و تۆم له‌وباره‌یه‌وه نه‌بوو. ته‌نانه‌ت له ماوه‌ی 12-13 ساڵی كاری مامۆستاییم له زانكۆدا، هه‌میشه له وانه‌كانمدا به‌جۆرێك ڤان كوخم ده‌هێنایه ناو باسه‌كانه‌وه و به فێرخوازه‌كانم ده‌وت: كه نموونه له كاره‌كانی ئه‌وه‌وه وه‌ربگرن، چونكه به‌گشتی هه‌موو كاره‌كانی ساده و ساكارن. چ له رووی هه‌ڵبژاردنی بابه‌ت و چ له رووی تێڕوانین و نیگا و دیزاینه‌وه.
*چ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ڤان كوخ سه‌رنجی تۆی راكێشا؟
-جیاواز له لایه‌نه ته‌كنیكییه‌كه‌ی، شێوازی كار و ژیانی، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌رنجی منی راكێشا به‌رده‌وامبوونی ڤان كوخ بوو له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ پشتگیرییه‌كیشی نه‌بوو. هه‌رچه‌نده باشترین وێنه‌كێشه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه هاوڕێی ئه‌و بوون، به‌ڵام كه‌س به‌جددی ته‌ماشای كاره‌كانی ئه‌وی نه‌ده‌كرد و لایه‌نگر و بینه‌ری نه‌بوو. ئه‌و له ژیانیدا سه‌ختی زۆری چه‌شت، به‌ڵام له كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نیدا هه‌رچۆنێك بێت به‌هره‌ی خۆی دۆزییه‌وه و بوو به‌وێنه‌كێش، چه‌ند ساڵێك له دوای مردنی ئه‌وجا به‌م ئه‌ندازه‌ی ئێستا ناسرا. ئه‌و پرسیاره به‌رده‌وام له مێشكی مندایه، ئایا بۆچی كه‌سێك تا زیندووه به‌رهه‌مه‌كانی نابنه‌جێی سه‌رنج، كه مرد ئینجا ده‌بنه جێی سه‌رنج. ئێستا له ئێران چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكمان هه‌یه كوالێتی كاره‌كانیان زۆر به‌رزه، به‌ڵام كه‌س نایانناسێت. ئه‌م كێشه‌یه له هه‌موو شوێنێكی جیهاندا هه‌یه، به‌ڵام پێویستمان به‌وه هه‌یه، هه‌رچۆنێك بێت ئه‌م خه‌ڵكانه بدۆزینه‌وه.
سه‌رچاوه: honaronline
عه‌لیڕه‌زا كه‌ریمی مقه‌ده‌م وێنه‌كێش و كارتۆنیستی ئێرانی ــ له ساڵی 1975 له تاران له‌دایكبووه. خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ره له بواری گرافیكدا. چه‌ند ساڵێك وه‌ك مامۆستای زانكۆ كاریكردووه. له چه‌ندین پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌شداریكردووه. زیاتر له (37) خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه. به‌ته‌نیا له ساڵی 2019دا ( 11) خه‌ڵاتی له وڵاته جیاوازه‌كاندا وه‌رگرتووه. ئێستا له شاری لیشبۆنه‌ی پرتوگال نیشته‌جێیه .