ع.ح.ب؛ سێ پیت و باخێک لە شیعر

06:07 - 2025-01-10
کەلتور
29 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

فریشتەی خەم سەری سوڕماوە ئەمشەو
ئەوەندەی خەم بەم و ئەو داوە ئەمشەو
لە بەر لێشاوی تیپی مەینەتیدا
سوپای خۆشی شکستی داوە ئەمشەو

(ع.ح.ب) ئەو سێ‌ پیتە كورتكراوەی ناوی شاعیرێكی دیارو نیشتمانپەوەری كوردستانە كە شیعرەكانی ئاوێنەی روونی دەرخستنی خەمە چینایەتی‌و نیشتمانییەكان بووە‌و وشە ئاگرینەكانی كوانووی خەباتی كوردستانی جۆشداوە.
محەمەد شێخ حسێن بەرزنجی سێ‌ پیتی ناوی برا شەهیدەكەی ع.ح.ب (عەلی حسێن بەرزنجی) كردبووە نازناوی شیعری خۆی.
ساڵی 1923 لە ناحیەی بەرزنجە لەدایكبووە. ساڵی 1931 بەماڵەوە چونەتە شاری سلێمانی. لە بەرزنجە‌ و سلێمانی قۆناغەكانی خوێندنی تەواو كردووە. ساڵی 1946 بەفەرمانبەر دامەزراوە.
بەرزنجی كەسێكی كوردپەروەر بوو، هەر لە ناوەڕاستی چلەكانی سەدەی رابردووەوە تێكەڵاوی جوڵانەوەی سیاسی بوو. ئەو كەسێكی چەپ‌و خاوەن بیرو باوەڕی پێشكەوتنخواز بوو.
بەهۆی هەڵویستە سیاسییەكانییەوە لەساڵی 1963 خرایە كونجی زیندان‌و ئەشكەنجە درا‌و لە وەزیفە دەركرا.
ع ح ب شاعیرێكی ریالیست‌و رەخنەگر بووە‌و سەرەتا لەژێر كاریگەری شیعرەكانی سالم‌و تاهیر بەگی جاف‌و ئەدەبدا بووە‌و دواتر كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگەری شیعرە نوێیەكانی گۆران‌ و پیرەمێردەوە.
ع ح ب یەكەم شیعری لەساڵی 1947 لە گۆڤاری گەلاوێژ بەناونیشانی (گەنجی‌و پیری‌و مردن) بڵاو كردۆتەوە.
بێ‌ لە شیعری نیشتمانی، ع ح ب شیعری بۆ سروشت‌و جوانی نووسیوە.
ئەم شاعیرە بەرزەی كورد چوار دیوانی شیعری بەچاپ گەیاندووە كە ئەمانەن (ناسۆری دەروون، گرێی نهێنییەكان، زەردەخەنەی تاسا و ‌و تریفە‌ و رێژاو).
ئەم شاعیرە پایەبەرزەی كورد لە 6ی كانونی دووەمی 2000  كۆچی دوایی كرد‌و لەگردی سەیوان لە سلێمانی بەخاك سپێردرا.
درود بۆگیانی پاک و پیرۆزی محەمەد شێح حسێن بەرزنجی شاعیر‌ و نیشتمانپەروەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان