دیداری- ئه‌یاز هه‌ركی
لە یادی 33 ساڵەی ده‌رچوونی رۆژنامەی کوردستانی نوێ‌دا، نووسەران و سیاسەتمەدارانی ده‌ڤه‌ری بادینان و رۆژئاوای کوردستان پیرۆزبایی ئەم یادە دەکەن و باس لە گرنگی قۆناغە مێژووییەکانی رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەکەن، داواكاریشن كوردستانی نوێ په‌یوه‌ندیی نێوان نووسه‌ران و خوێنه‌رانی ده‌ڤه‌ری بادینان و سۆران و هەروەها به‌شه‌كانی تری كوردستان بەهێزتر بکات.
ئاسته به‌رزه‌كه‌ی پاراستووە
شێخ غیاسه‌ددین نه‌قشه‌به‌ندی، نووسه‌ری دێرینی كوردستانی نوێ، له ئوستراڵیاوە به رۆژنامەکەی راگه‌یاند: پیڕۆزبایی له سه‌رنووسه‌ر و ستاف و كارمه‌ندو ونووسه‌ران و په‌یامنێرانی كوردستانی نوێ ده‌كه‌م، هیوادارم هه‌میشه سه‌ركه‌وتو و به‌رده‌وام بن، وتیشی: كوردستانی نوێ «رۆژنامه‌یه‌كی گرنگه و تا راده‌یه‌كی باش هه‌وڵیداوه ئاسته به‌رزه‌كه‌ی خۆی له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه تا ئێستا بپارێزێت، هاوكات له زۆر پرسدا سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگه بووە بۆ دۆزینه‌وه‌ی شێواز و رێره‌وی تایبه‌ت به خۆی.
جەختی لەوەش کردەوە و وتی: كوردستانی نوێ ته‌نها رۆژنامه نییه، به‌ڵكو خوێندنگه‌یه‌كی ته‌واوه بۆ پێگه‌یاندنی ده‌یان رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری شاره‌زاو پێنووسی به پێز، وتیشی، پێویسته په‌ره‌پێدانی زیاتر به بابه‌تی هزری بدرێت لە رۆژنامەکەدا.
به‌رده‌وام بوونی چالێنجێكی گه‌وره‌یه
وتیشی: به‌رده‌وامیی ده‌رچوونی كوردستانی نوێ خۆی له خۆیدا چالێنجێكی گه‌وره‌یه، چونكه زۆر رۆژنامه و گۆڤاری كاغه‌زی نه‌یانتوانی به‌رده‌وامی به ده‌رچوونی رۆژانه‌ی خۆیان بده‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رۆژنامه باش بێت و رۆڵی راگه‌یاندن و شرۆڤه‌كردنی راستگۆیی به ته‌واوی ئه‌نجام بدات، بێگۆمان خوێنه‌ر له هه‌موو سه‌رده‌مێك ده‌یخوێنێته‌وه.
شێخ غه‌یاسه‌ددین هه‌روه‌ها وتی: من له ژماره‌ی (سفر)ه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری كوردستانی نوێ‌دا بووم، تا ساڵی 1994 یش له كوردستانی نوێ به‌رده‌وام بووم، دواتر کوردستانم بە جێهێشت چووم بۆ ئۆسترالیا.
سەبارەت بە کارکردنی لە رۆژنامەکە وتی: هەرچەند من هیچ كاتێك له ده‌ڤه‌ری بادینان كارم نه‌كردووه، بەڵام له باره‌گای رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ له هه‌ولێر، وه‌ك نووسه‌ری به‌شی بادینی دامه‌زرام، دواتر په‌یامنێری به‌شی ریپۆڕتاج بووم، به‌ڵام زۆر ئه‌ركی جیاوازم ئه‌نجام ده‌دا، چونكه ئه‌وكات هه‌موو كارمه‌نده‌كان وه‌كو ماڵی خۆمان سه‌یری رۆژنامه‌کەمان ده‌كرد و درێغیمان نەدەکرد لە ئەنجامدانی هه‌ركارێكی رۆژنامه‌کە.
گۆشه و ستوون
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد و وتی: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌ركی خۆشمان نه‌بوایە، چه‌ندین گۆشه و ستوونی جیاوازمان دەکردەوە، له‌و ساڵانه‌ی له‌وێ بووم، گۆشه‌یه‌كی رۆژانه‌م بە ناوی زێره‌ڤان ده‌نووسی، هه‌روه‌ها (من و تۆ) کە گۆشه‌یه‌كی تری كورت بوو، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده گه‌نجه‌كان وه‌كی ناسنامه‌ی هونه‌ری دەمنووسی، له هه‌موو گرنگتر نووسینی چیڕۆكه‌هه‌واڵ بوو سەبارەت بە كه‌یسه‌كانی دادگا ـ تایبه‌ت دادگای جینایات ـ م داده‌ڕشته‌وه و دەنووسی به شێوازێكی ئه‌ده‌بی وه‌كو چیڕۆك، بەڵام ناو و روداوه‌كانم ده‌گۆڕی بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ناسرێنه‌وه.
پارێزەری راسته‌قینه‌ی دۆزی نه‌ته‌وه‌یی
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه عه‌لی شه‌مدین، نووسه‌ر و نوێنه‌ری پارتی پێشكه‌وتوخوازی كورد له سوریا بە کوردستانی نوێی راگەیاند: به بۆنه‌ی 33 ساڵه‌ی ده‌رچوونی رۆژنامه‌کەوە، پیرۆزبایی گه‌رم لە سەرنووسەر و نووسەران و رۆژنامه‌نووسان و خوێنەرانی رۆژنامەكه دەکەم، کە بە درێژایی ئەم ساڵانی دەنگی ره‌سه‌نی کورده‌واری و پارێزەری راسته‌قینه‌ی دۆزی رەوای نه‌ته‌وه‌یی بووه له هه‌ریمی كوردستان وبه‌شه‌كانی تری كوردستان به گشتی.
شەمدین ئاماژەی بەوە کرد و وتی: كاتێك له ساڵی 2007، وه‌ك نوێنه‌ری پارتی پێشكه‌وتوخوازی كورد له سوریا هاتمه شاری سلێمانی، به‌رده‌وام هه‌وڵم داوه خوێنه‌ر و ئاگاداری ژماره‌كانی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ بم، هاوكات له رێگه‌ی رۆژنامەکەوە زاراوه‌ی سۆرانی فێربووم و به شانازییه‌وه توانیم ببمه یه‌كێك له نووسه‌ره‌كانی كوردستانی نوێ، بۆیه خۆم به یه‌كێك له ئەندامانی خێزانی کوردستانی نوێ ده‌زانم و هیوام وایە گه‌شه و سه‌ركه‌وتنی زیاتر بە خۆوە ببینێت.
سه‌رچاوه‌ی راستی و جێ متمانەی خوێنه‌ران
ئەو سەرکردەیەی پارتی پێشكه‌وتوخوازی كورد وتیشی: ئه‌گه‌ر به وردی سه‌یری ژماره‌كانی ئه‌م رۆژنامه‌یه بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت به درێژایی تەمەنی چه‌ندین رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری ناوداری كوردستان به‌شدارییان تێدا كردووه و بابه‌تی گرنگ و به نرخیان له لاپه‌ره‌كانیدا نووسیوه و بڵاوكردووه‌ته‌وه، به راستی كوردستانی نوێ وه‌ك رۆژنامه‌ی رۆژانه، توانیویه‌تی ببێته سه‌رچاوه‌ی راستی و جێ متمانەی خوێنه‌رانی، چونكه به‌رده‌وام هه‌واڵ و زانیاریی ورد بڵاوده‌كاته‌وه، چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و ناوچه‌یی بێت چ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بێت، په‌یامی راسته‌قینه‌ی میدیایی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت، به درێژایی ساڵانی شه‌ڕ و قه‌یرانی سوریاش ده‌نگی نه‌ته‌وه‌ی كورد بووه له رۆژئاوای كوردستان.
عه‌لی شه‌مدین هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: جێگای شانازییه، كه توانیومە به‌شداری له نووسین له رۆژنامەکەدا بكه‌م، كه زنجیره‌یه‌ك بابه‌ت بوو به ناونیشانی مام له شام، كه پێكهاتبوو له (50) وتار و ئەڵقەی یه‌كه‌می له 18 ـ 12 ـ 2022 ده‌ستیپێكرد و كۆتا ئەڵقەی له 14 ـ 1 ـ 2024 دا كۆتایی هات، كه تایبه‌ت بوو به ژیان و خه‌باتی سیاسی سه‌رۆك مام جه‌لال، له شام و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ جیهانی عه‌ره‌بیدا، له كۆتاییدا ده‌مه‌وێت بڵێم، پێویسته گرنگی زیاتر به به‌شه‌كانی تری كوردستان بدرێت و له ساڵانی داهاتوودا نوسینی شێوه‌زاری كوردی ـ لاتینیش بۆ رۆژنامەکە زیاد بكرێت.
بەردەوام لە پێشكەوتندایە
عه‌بدولره‌حمان بامه‌رنی، نووسه‌ری دیارە و سه‌رپه‌رشتیاری دووتوێی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێی بادینان لەو بارەیەوە دەڵێت: رۆژنامەی كوردستانی نوێ تاكە رۆژنامەیە، تا ئێستا له بەردەوامیی و پێشكەوتن دایە، كە باسی پێشكەوتن دەكەم، باسی خوێنەر دەكەم و رۆژنامەی كوردستانی نوێ توانیوویەتی، ببێتە رۆژنامەیەكی جەماوەری، ئەگەر بەراوردییەكیشی بكەین لەگەل رۆژنامه‌كانی تری هەرێمی كوردستاندا، ئەوا كوردستانی نوێی تاكە رۆژنامەیە هەموو چین و توێژێك خوی لە ناویدا دەبینێتەوە، رۆژنامەکەش لە هەموو بوارێک‌دا رۆژنامەیه‌كی چاڵاك و پڕۆفیشناڵه و توانیویه‌تی هەموو توێژەكانی كۆمه‌ڵگا بێ جیاوازی لە خوبگرێت.
هەروەها دەڵێت: پێمخۆشه لەم بۆنە گرنگ و مێژووییه‌دا بڵێم، كوردستانی نوێ كە زمانحاڵی حزبێكیشه، لە هەموو بوارێكدا پشكی خوی هەیە و بە ئازادانە هەم بە داواداچوون بۆ ده‌نگی راستی ده‌كات، هەمیش ئەتەكێتی رۆژنامەوانی تایبه‌ت به‌خۆی هەیە، كە ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگه بۆ گۆڕانكاری و به‌رده‌وام بوونی پێشكه‌وتنی هەر رۆژنامەیەك له جیهاندا.
خوێنەری زیاتر بووە
ئاماژەی بەوەش کرد و وتیشی: رۆژنامەی كوردستانی نوێ گرنگی بە سوشیال میدیا دەدات، ئەمەش خاڵێكی زور گرنگە، ئه‌وه‌ش له بیر نەكەین ئێستا سەردەمی دیجیتاڵە و خوێنەر لەهەر شوێنێكی دنیا بێت دەتوانێت بخوێنێت، دوای دەرچوونی ژماره‌ی كوردستانی نوێی بادینان، ئێستا خوێنەری كوردستانی نوێ زیاتر بووە لەو ناوچەیە و خوێنەریش زیاتر ئاگایی لە رۆژنامەی كوردستانی نوێییە، هیوادارم رۆژنامه‌کە په‌یوه‌ندیی زیاتر له نێوان نووسه‌ران و خوێنه‌رانی ده‌ڤه‌ری بادینان و سۆران و به‌شه‌كانی تری كوردستان دروست بکات.