لە یادی (٣٣)هەمین ساڵەی دەرچوون و بڵاوکردنەوەی یەکەم ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرنووسەر و جێگر و کارمەند و ڕۆژمەنووسانی ئەم دەزگایە دەکەم، هەروەها لەو کارمەند و ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەم ڕۆژنامەیەدا کاریان کردووە، هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی زیاتریان لە بواری ڕاگەیاندن و کاری میدیایی بۆ دەخوازم.
کوردستانی نوێ، یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانەی دوای ڕاپەڕین و ئازادکردنی کوردستان بووە لە چنگی دوژمنی بەعسدا، بێگومان لە خەباتی ڕۆژنامەگەریدا مێژوویەکی پڕ شانازیی و پڕشنگداری لە کاری میدیایی و گەیاندنی زانیاریی جۆراوجۆر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا هەیە، لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا هەمیشە پێشەنگ بووە.
ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، بەردەوام ئەرکەکانی پیشەییانە و پابەند بە بنەماکانی کاری میدیایی بەجێ گەیاندووە، هەروەها خەمخۆرێک بووە لە ئاست پاراستنی ڕەسەنایەتی کلتور و فەرهەنگ و زمانی شیرینی کوردی، هیوادارم هەمیشە هەنگاو بەرەو تازەگەریی و نوێبوونەوە لە بواری ڕۆشنبیریی و فکری ئەدەبی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردەواری بنێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/١/١٢