پێش دانوستان لەسەر پۆستەكانی كابینەی نوێ، رێككەوتن لەسەر كارنامەی حكومەت، بابەتێكی زیندووە. لیژنە تایبەتەكانی(ی.ن.ك) و (پ.د.ك) لەسەریانە بەچڕیی لەسەر ئەم پێشمەرجەی پێكهێنانی كابینەكە بوەستن. سەركردایەتیی هەردوولا و هەر پارتێكی دیكەش، كە دەیەوێت لە كابینەكەدا بەشداربێت، ئەم پرسە بە چەقی رێككەوتنەكان بزانن. لەوە گرنگتر، هەڵوێستی رەوا و یاسایی دیاریی بكرێت لە حاڵێكدا ئەگەر لایەنەكانی ناو حكومەت پابەندی جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەكە نەبوون. هاوكات بپرسن: ئەگەر خوێندنەوەی جیاواز بۆ كارنامەكە و ئەندازەی جێبەجێكردنی هەبوو، لایەنی سێیەم كێ و كوێ بێت بۆ چارەسەر و یەكلاكردنەوە؟ پەرلەمان بێت، یان دەستەیەكی شارەزای یاسایی و ئیداری؟ سەربەخۆ بێت، یان سەر بە دامەزراوەیەكی تری هەرێم؟ لەسەر ئاستی هەرێم بێت، یان عیراق؟
ئەم بابەتە كەم نییە. كارنامەی حكومەت هەم زادەی رێككەوتنی گروپە سیاسییە براوەكانی هەڵبژاردنە، هەم نەخشەڕێی كاركردنە، هەم بنەمای متمانەی گەلە بە دەسەڵاتێك بەناوی دەسەڵاتی راپەڕاندنەوە. تێزی یەكێتی لەمبارەیەوە ئەوەیە كە دەبێت حكومەتێكی خزمەتگوزار و دادپەروەر و كوردستانیمان هەبێت، بەتایبەتی كە لەم ئەركە ستراتیژییانەدا، كە مسداقییەتی هەر حكومەتێكیان لەسەر دەوەستێت، كێشە و بۆشایی زۆرمان هەیە.
پاشان گرنگە كە رێككەوتنی سیاسییش هەبێت لەسەر ئەوەی ئەگەر كابینەكە لە جێبەجێكردنی كارنامەكەدا كەمتەرخەم بێت، ئەوا هەروەك نەریتی هەر سیستەمێكی دیموكراتی، كاربەدەستان و وەزارەتە بەرپرسەكان، بێ هیچ گرژی و سەغڵەتبوونێك بچنە بەردەم پەرلەمان، لەوێ روونكردنەوە بدەن و بەرگری لە خۆیان بكەن، یان لە حاڵی درێغیدا دانی پێدابنێن و چاكسازیی بكەن. واتە وەك رابردوو! خۆیان لەسەروو دەسەڵاتی پەرلەمانەوە نەبینن، رێزی تەواو لە پێگە و ئەركەكانی ئەم دامەزراوەیە و بەكارهێنانی سەڵاحییەتە یاساییەكانی بگرن كە دیارترینیان مافی لێپرسینەوەیە لە حكومەت. هەرچی پەرلەمان خۆیشێتی، ئەوا لانیكەم لە پرسە نیشتمانی و خزمەتگوزارییەكاندا، هاوهەڵوێست بن و دابەشبوونی حزبی، نەیانترازێنێت.
کوردستانی نوێ