ئا: ئادەم ئاودڵ
مانگی تەمموز، ساڵیادی ماڵئاوایی یەکێکی ترە لەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرانەی کوردستان کە عەباس ئاغای مامەند ئاغایە کە لە خۆشەویستیاندا بۆی خەڵک بە کاکە باس بانگیانکردووە.
ئینگلیزەکانیش هانایان بۆ بردووە
ئەم پیاوە، سەرۆکی عەشیرەتی ئاکۆ بوو، لە کاری خێرخوازیدا ناوبانگێکی باشی هەبووە. جگە لەوەش کەسایەتییەک بوو کە لە سەرجەم قۆناغەکاندا رۆڵی دیار و کاریگەری هەبووە.
سەرەڕای هەڵوێستە نیشتمانییەکانیشی، بەڵام بەهۆی هەژموونی لەناو خەڵکی ناوچەکەدا، لە سەردەمی داگیرکاریی ئینگلیزەکاندا نەک هەر گوێی لێگیراوە، بەڵکو هەندێک جار هانایان بۆ بردووە.
عەباس ئاغا، لە سەرەتایی شۆڕشی کوردەوە، رۆڵ و کاریگەریی هەبووە.
یەکێک لە جیاوازییەکانی ئەم کەسایەتییە ئەوەیە دوای شۆڕشی (14) ی تەمموز عەباس ئاغا لەگەڵ عەبدولکەریم قاسمدا کۆبۆوە لەکاتێکدا شۆڕشەکەی قاسم وا ناسێنرابوو کە دژبە چینی ئاغا و دەرەبەگە، بەڵام ئەو هەر ناوی ئاغا بوو، دەنا زۆرترین پشتیوان و پاڵپشتیی جوتیارانی سنوورەکەی خۆی بووە.
چەک کڕین و مەشقی نیشانە شکاندن
پاش ئەوەی شۆڕشی قاسم لە ئامانجەکانی و دروشمەکانی دوورکەوتەوە و لەبەرامبەر مەسەلەی کورددا کەوتە ژێر کاریگەریی هەندێک سەرکردەی سیاسی و سەربازیی شۆڤێنیستەوە، عەباس ئاغا بووە یەکێک لەوانەی کەوتنە ئامادەکاریی بۆ شۆڕشی چەکداری و لە یەکەم هەنگاویشیدا، لە زستانی ساڵی (1960)دا، سەرجەم گوندەکانی دەڤەری پشدەر و بیتوێنی بەسەرکردەوە و پستیوانیی خەڵکەکە و کەسایەتییەکانی دەڤەرەکەی بەدەستهێنا.
لە بەهاری ساڵی (1961) دا، سەرجەم خەڵکەی عەشیرەتەکەی و دەوروبەری ئاگاداردەکاتەوە تا ئەوەی پارەی هەیە چەک بکڕێت و ئەوەش نییەتی خۆی بۆیان دەکڕێت.
هەر بە مەبەستی ئامادەکاری، رۆژانە لە بەستی سەرکەپکان دەکەونە مەشق و نیشانەشکاندن بۆئەوەی شارەزایی لەسەر بەکارهێنانی چەکەکان پەیدابکەن.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی (1961)دا کە شۆڕشی ئەیلول هەڵگیرسا، لەشکرێک بە فەرماندەیی عەباس ئاغا پێکدەهێنرێت و لە (11) ی ئەیلولی هەمان ساڵدا، جووڵە دەکەن بەرە و ناوچەی خەلەکان و لە گوندی کانی مازوو بارەگا دادەنێن.
لەشکرێکی هەزار کەسی
بەگوێرەی سەرچاوەکان ژمارەی لەشکرەکە لەسەروو هەزار کەسەوە بووە. کە ژمارەیەک لەو پێشمەرگانە هێشتا لەژیاندا ماون، وەک دەگێڕنەوە کاتێک ئەو ئەو ئامادەکارییەی کردووە، هێشتا مەلا مستەفا لەبەغدا بوو و نەگەرابۆوە بەرەو بارزان.
ئەم هەنگاوەی عەباس ئاغاو هاوڕێکانی دەنگدانەوەیەکی زۆری لێ دەکەوێتەوە و بەو هۆیەشەوە حکومەتی ئەوکات چەند شێوازێک دەگرێتەبەر بە مەبەستی ترساندن و کۆتاییهێنان بە جووڵانەوەکە. سەرەتا لە رێگەی (مەحمودئەفەندی)یەوە کە ئەوکات پەرلەمانتار بووە، خوانێکی گەورە بۆ هێزەکە لە بازیان سازدەکات، بەمەبەستی دامرکاندنەوەی کەفوکوڵی خەڵکەکە و کۆتاییهێنان بەو لەشکرەکە، بەڵام ئەوە سەری نەگرتووە.
دوای ئەوە عەباس ئاغا و هەڤاڵەکانی سەردانێکی مام جەلال دەکەن لە چیای ئەزمڕ، لەوێ مام جەلال بە عەباس ئاغا دەڵێت کە وریا بێت و ئاگاداری خۆیان بن، چونکە حکومەت نیازی باش نییە و دەیەوێت هێرش بکات.
هەڕەشەکانی سوپای عیراق
بەرلە گەڕانەوەیان، نامەیەک دەگاتە دەستی عەباس ئاغا، نامەکە هی فەرماندەی باڵای سەربازیی سوپای عیراقە و تێیدا هەڕەشەیەکی توند لە عەباس ئاغا دەکات و ماوەی دوو رۆژی بۆ دیاریکردووە تا چەک دابنێن و لەشکرەکە هەڵوەشێننەوە، بەڵام نەک هێزەکەی کۆتایی پێ نەهێنا، بەڵکو هەر بۆ رۆژی دواتر دەچێتە سەر رێگای بازیان و لە کاروانێکی سەربازیی دەدەن، ئەوەش دەنگدانەوەیەکی زۆر دروست دەکات. لە ئێوارەیەکی ئەیلولی (1961)دا، حکومەت بە کۆپتەر بۆردومانی هێزە دەکات و ئاگر لە دوو ئۆتۆمبێل و چەند بارەگایەک بەردەدەن و پێشمەرگەیەکیش بەناوی (خدر میرزا رۆستەمی) شەهید دەبێت.
جگە لەوەش (9) پێشمەرگە بریندار دەبن. هەر هەمان رۆژ دوو کۆپتەرەکە ماڵی عەباس ئاغا لە سەرکەپکان بۆردومان دەکەن.
داڵدەدانی مام جەلال و هاوڕێکانی
لە پایزی هەمان ساڵدا، مام جەلال و ژمارەیەک لە هەڤاڵەکانی دەچنە لای عەباس ئاغا، دوای ئەوەی خەڵکی گوندی قەرەچەتان لەترسی گورزی سەربازیی حکومەت داوایان لێدەکەن لە گوندەکەی ئەوان دووربکەونەوە، ئیتر بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ لای عەباس ئاغا دەمێننەوە.
لە سەرەتای دەستپێکی جووڵانەوەکەوە، سەرجەم پۆلیسەکانی سنووری پشدەر و بیتوێن و مەرگە و کۆیە لە رێگەی عەباس ئاغاوە پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد و سەرەتا لەبەر نەداریی حزب، تا بەهاری ساڵی (1962) لای عەباس ئاغا مانەوە. وەک خوالێخۆشبوو حەمید رەشاش لە بیرەوەریەکانیدا دەیگێڕێتەوە، لە کۆتایی ساڵی (1961) دا، هێزێکی بە فەرماندەیی محمود کاوانی دوای ئەوەی لە شاخی سەفین لەبەر سەختی پاشەکشە دەکەن، روو دەکەنە ناوچەکە و سەرەتا ئەو هێزە نامەیەک بۆ سەرکردەی کۆچکردوو عومەر دەبابە دەنووسن بۆ فریاکەوتنیان، حزبیش داوا لە عەباس ئاغا دەکات خەمێکیان لێ بخوات، هێزەکە کە (60) پێشمەرگە بوون لەلایەن عباس ئاغاوە شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکرێت و تا بەهاری ساڵی (1962).
لە بەهاری ئەو ساڵەدا، هێزەکە بەڕێدەکەون بۆ ناوچەی دەرگەڵە و لەوێ بارەگا دادەنێن و دەست دەکەنەوە بە چالاکیی پێشمەرگانە.
بەهاناوەچوونی مەحمود کاوانی
هەر لەو ماوەیەدا هێزەکەی مەحمود کاوانی رێگەی گەلی عەلی بەگ دەگرن و ئەمەش وا دەکات پۆلیسەکانی سۆران و رواندز و باڵەکایەتی پەیوەندییان بە سەرووی خۆیانەوە نەمێنێت، بۆیە لە قشڵەی رایات لە نزیک حاجی ئۆمەران کۆدەبنەوە بەمەبەستی رۆشتن بەرەو ناو ئێران، بەڵام دوای ئەوەی عەباس ئاغا لەوە ئاگادار دەکرێتەوە، هەرزوو هێزەکەی دەوری قشڵەکە دەگرن و گەمارۆی دەدەن. ئەگەرچی زۆر داوا لە پۆلیسەکان دەکەن خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام رەتیدەکەنەوە و بەشێک لەو پێشمەرگانەی لەو شەڕەدا بەشدارییان کردووە لە ژیاندا ماون و وردەکارییەکەیان بۆ گێڕاینەوە، کە تا ئەوکاتەش جگە لە هێزەکەی عەباس ئاغا هیچ هێزێکی تر لەوێ نەبووە. دواجار دوای (9) رۆژ گەمارۆدانی پۆلیسەکان، لە (11) ی حوزەیرانی ساڵی 1962، پۆلیسەکان خۆیان بەدەستەوەدا، ئەمەش دوای ئەوەی بڕیاردرا لە رێگەی لێدانی تونێلەوە بچنە ژێر قشڵەکە و بیتەقێننەوە، ئەمە وایکرد کەریم خۆرانی کە فەرماندەی پۆلیسەکان بوو ئاڵای سپی بەرزبکاتەوە و سەرجەمیان خۆیان بەدەسەتەوە بدەن. لەو شەڕەدا توانرا چەک و تەقەمەنییەکی زۆر دەستکەوتی هێزەکە بوو.
دوای ئەوە ئیدی شۆڕش بە تەواوی پەرەیسەند و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەکە لە رێگەی عەباس ئاغاوە پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد و تا ماوەیەکیش خەرجیی هێزەکانی شۆڕش لە ئەستۆی عەباس ئاغا بوو.
پێشوازیی و دابینکردنی نوا بۆ مستەفا بارزانی
لە هاوینی ساڵی (1963) دا ، مەلا مستەفا بارزانی لە رێگەی شێخ سادق بارزانییەوە عەباس ئاغا ئاگادار دەکاتەوە کە دەیەوێت بێتە ناوچەکەی ئەوان و شوێنێکی بۆ بارەگا لەوێ بۆ ئامادە بکەن. پاشان مەلا مستەفا بە خۆی و ژمارەیەک پێشمەرگەی بارزانییەوە دەگاتە گوندی رەژوکەریان لە دۆڵی خانەقا و لەوێ لەلایەن عەباس ئاغاوە پێشوازیی لێدەکرێت. هەر ئەوکات هێزێکی عەباس ئاغا و پێشمەرگەکانی مەلا مستەفا بەهەڵە لەیەک دەدەن و تێیدا نەبی سەر ئاسن، بەرپرسی پاسەوانەکانی مەلا مستەفا دەکوژرێت و لە هێزەکەی عەباس ئاغاش عەوڵا بەراز بریندار دەبێت.
دوای ئەوە لەسەر پیشنیازی عەباس ئاغا مەلا مستەفا دەچێتە گوندی دێرێ لە پشتی سەرکەپکان و خۆی و هێزەکەی تا کۆتایی ساڵی (1964) لەوێ دەمێننەوە.
چاوی لە سامان نەبوو لە پێناوی شۆڕشدا
بە گەڕانەوە بۆ ئەم مێژووە، دەردەکەوێت کە عەباس ئاغا یەکێک بووە لە کەسە دیار و هەڵکەوتووەکان لە دەستەبژێری هەڵگیرسێنەرانی شۆڕشی ئەیلول و یەکەم شەهید و یەکەم برینداری شۆڕش لە هێزەکەی عەباس ئاغا بووە و ئەو پاڵپشتێکی بەهێزی سەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕش بوو. جگە لەوەش لەبەرامبەر سەرخستنی شۆڕشدا سەروەت و سامانی لەبەرچاو نەبوو و زۆربەی سامانەکەی لەپێناوی شۆڕش و کوردایەتیدا خەرج کرد.
ئەو کەسایەتییە نەتەوەیی و نیشتمان پەروەرە کە لە تەمموزی ساڵی (1966) دا بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد، لە سەروبەندی نەخۆشکەوتنەکەیدا دانوستانێک لە نێوان شۆڕش و حکومەتدا هەبوو، بۆیە حکومەت لە رێگەی کۆپتەرەوە عەباس ئاغا دەگوازێتەوە بۆ کەرکوک و لەوێشەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازیی لە بەغدا، بەڵام دوای شەوێک مانەوە لە نەخۆشخانە کۆچی دوای کرد.
هەر لەبەغدا رێوڕەسمێک بۆ کۆچی دوایی رێکدەخرێت و سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عیراق، عەبدولڕەحمان بەزار وتارێک پێشکەش دەکات و تێیدا رۆڵ و گرنگیی عەباس ئاغا باس دەکات لە رێگەخۆشکردن بۆ دانوستان و بە کەسێکی ئاشتیخواز ناوی دەبات.
ماڵئاوایی عەباس ئاغا لەو سەردەمەدا بۆشاییەکی گەورەی لەنێو شۆڕش و کوردایەتیدا دروستکرد، چونکە جگە لەوەی فەرماندەیەکی لێوەشاوەی پێشمەرگە بوو، پاڵپشت و هاوکارێکی باشی مادی و مەعنەویی شۆڕشیش بوو.
پاڵپشتێکی زانست و خوێندەواری
جگە لە هەستی نەتەوایەتی، عەباس ئاغا خاوەنی دنیابینییەکی تایبەت بووە و بە پێچەوانەی زۆربەی ئاغا و دەستڕۆیشتووەکانی ئەوکاتەوە، هەمیشە ویستوێتی خەڵکەکەی و کورد بە گشتی خوێندەواربن و هۆشیاربن. هەربۆیەش لەسەر ئەرکی خۆی بۆ یەکەمجار خوێندنگەی لە سەرکەپکان دروستکردووە و مامۆستای بۆ بەکرێ گرتوون و تەنانەت خەرجیی قوتابیەکانیشی کێشاوە.
بۆیە بە گیانلەدەستدانی نەک هەر شۆڕش و کوردایەتی، بگرە چینی خوێندکاران و هەژارانیش پاڵپشت و هاوکارێکیان لەدەست دا.