نۆستالۆژیا لە شیعری(بەردەقارەمان بوو بە یادگاریی) دا

11:05 - 2025-01-16
ئەدەب و هونەر
172 جار خوێندراوەتەوە

شێخ فوئاد بەرزنجی

شیعر، دەکرێ لەسەر کۆمەڵێک بنەما چنرابێت کە نابێت هێندەش پابەندبین پێیەوە و رێگربین لە هێنانەکایەی نوێگەریی

لە ســـــەرەتای ســــاڵی نوێــــدا 1/1/2025، بە رێکەوت چووم بۆ چایخانەی شەعب، لەوێ (چالاک سۆفی فەتاح)م بینیی و دوای گفتوگۆکردن بەدەم چاخواردنەوەیەکەوە، ئەم هۆنراوەیەی بۆ خوێندمەوە:
 
بەردەقارەمان بوو بە یادگاریی
بوو بە سەیرانگا، بەجێگای یاریی
هەرهاکاتێ بچم چاوم  بیبینێ
ناپاکیی کوردم بۆ دەردەکەوێ.
پیاوێکی مەزن، ئەو مەلیکمان بوو
لە شەڕی بازیان بە دیلگیرا بوو
بەگرتنی شێخ، چەند شتێ دەرکەوت
هەندێ پیاوی سوک، لەمەدا سەرکەوت.
رۆژ بوو بە رۆژی ناکەس و جەردە
دەگەڕان بەدوای پیاوێکی مەردا
ئەو خیانەتەی کە لە شێخ کرا
هەتاکو ئێستا باجەکەی نەدرا.

چالاک سۆفی فەتاح

بە نووســــەری ئەم شیعرەم وت: ئەگەر رێگەم بدەیت، هەندێ قسەی لەسەر دەکەم و بۆم بنێرە کەمێک شیی دەکەمەوە...ئەوەی بۆیناردم  تایپم کرد و خوێندمەوە، ئینجا دەستم کرد بە نووسینی ئەم چەند دێڕە لە سەر هۆنراوەکەی چالاک سۆفی فەتاح.
سەرەتا دەڵێم: شیعر دەکرێ لەسەر کۆمەڵێک بنەما چنرابێت کە نابێت هێندەش پابەندبین پێیەوە و رێگربین لە هێنانەکایەی نوێگەریی چونکە دەوترێت ئەگەر ئازار و ئەندێشەکان نەبن، ئەوا هونەر لەدایک نابێت. کەواتە هونەر داهێنان و ئەندێشە و ئازارەکانی مرۆڤە، یان دەتوانین بڵێین شیعر ناولێنانی بنیاتی هەبوون‌ و گەوهەری هەموو شتێكە. دەستپێكی ئەو شتانەیە كە زمان درەنگتر گەڵاڵەیان دەكات، یان وەكو (هایدگەر) دەڵێت: رزگاربوونە لە كۆتی جیهان واتە شیعر ئۆنتیكە «جیهانی ئۆنتیك»، واتە دنیای ژیانی رۆژانەی مرۆڤە، دنیای تێگەیشتنی هەمووان و فۆرمی رووداوەكان و راستییەكان‌ و زانیارییەكانە. كەواتە شیعر لە نێو ئەم دنیایەدا گوزەر دەكات، بۆیە لەم پێناسەیەوە دەگەینە ئەوەی كە حەقیقەتی شیعر لە حەقیقەتی ژیانی رۆژانە جیایە. 
شــــــیعر لە رێگای گێڕانەوەوە، دەبێتە داهێنراوێكی تازە‌ لە رێگای دیاردە سروشتیی و جڤاکییەکانەوە.
هۆنـــــەر واتە (شـــــاعیر) لەو شیعرەدا کە ئاماژەم پێداوە: گرنگیی داوە بە ئاخاوتن و گوزارشتکردن لە کلتور و رابردوو، رابردوویەک کە هێشتا بەردەوامیی هەیە لە هزری گێڕانەوەی نەوەکانماندا بۆ نەوەی دواتر، ئێستا بەراورد دەکات لەگەڵ رابردوودا و جیاوازییەکی زۆر نابینێت لە رووی فەلســـەفەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوورییەوە، جگە لە جیاوازیی نێوان ساڵ و شێواز و پێشکەوتنەکانی کە ئێستا هەن... جگە لەوەی هەر وەکو رابردوو لە بەرژەوەندیخوازیی و پاوانکاریی و خێڵەکایەتیی و نەرجەسییەتی تاک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، چیتر و زیاتر نابێنێت.

وەک شاعیر دەڵێت: 
بەردە قارەمان بوو بە یادگاریی
بوو بە سەیرانگا، بە جێگای یاری
ی
لە خەیاڵی شاعیردا ئەم رووگەیە، رەووگەی شۆڕشێکی کۆنە و (بازیان) بۆتە نزرگەی ئەو مێژووە کە زیاتر لە سەدەیەک و چەند ســـاڵێکە. هەر بۆیە هەموو  پیرۆزییەکانی تێدا دەبینێت «نۆستالۆژیایەکی مێژوویی بەرزە» لە لای شاعیر، بەڵام کاتێک دەیبینێ گرنگییەکی مێژوویی و نەتەوەیی و سیاسییانەی پێ نەدراوە و تەنها بۆتە شوێنی وێنەگرتن و پیاسە و کات بەسەربردن یان هەر نا لە بۆنەکاندا، لە پای ئەوەی بکرێتە شوێنکی گەشتیاریی، لەبەرئەوەی مێژوو و کەلتوری نەتەوەیەکە حەقە لە چوارچێوەی مۆنۆمێنتێکی گەورەدا بێت. هەر بۆیە ئەم داخە بەم چەند دێڕە شیعرە هەڵدەڕێژیت، وەک ئەرکی شاعیرێکی نیشتمانپەروەر.
بــــــە بۆچـــوونی مـــن: لە گێڕانەوەی کەسیدا کە نۆستالۆژیای کەسییە، هیچ پێویستییەکمان بەهێزی فکریی نییە هەتا لەو دیمەنانە بکۆڵینەوە کە هاوکاریمان ناکەن... بەڵکو پێویستیمان بە (پارا تێکست) هەیە کە دەق دەخاتە تەنیشت یان هاوشانی گێڕانەوەیەک نزیکمان دەکاتەوە لە خودی نۆستالۆژیاکە، واتە ئەو ئایکۆن و نیشانانەی هەن، بۆ رەواییدان بە نۆستالۆژیاکە.
ئەگەرچی (هێنری بیرکسۆن) دەڵێت: یادەوەریی هاوتای هۆشیاریی کەسی چالاکە، یان لای وایە بە شێکە لەخەیاڵ(وەهم) چونکە هەندێکجار ئەو خەیاڵە یان «وهم»ە راستییە مێژووییەکە نییە. بەڵکو لە خەیاڵ و بیرماندا وادەزانیین ئەو بابەتەمان بینیوە.
هەروەها شاعیر، باس لە پەروەرد ەو نەزانیی دەکات، سادە و ساکاریی کۆمەڵگەو نەتەوە وەک سیمبولێکی کەسیی و کاتیی تێپەڕ دەبێت.
ئەگەر بڕوانین دەڵێت: 

هەرکاتێ بچم چاوم  بیبینێ
ناپاکی کوردم بۆ دەردەکەوێ


بێگومان لێرەدا سەرەتا شێخ مەحمود خۆی وەک مەلیک دەناسێنێت، بەڵام لە یاد و نۆستالۆژیاماندا هەر مەلیکی ئێمەی کورد بوو، وەلێ لەدوای هێنانەوەی لە هیندستان و دامەزراندنی حکومەتی دووەم وەک حوکمدار و مەلیک دەستنیشان کرا، ئەوەیش دوای ئەوەی دانیان پێدا ناو و ناچار بوون بەهێنانەوەی
دیسان دەڵێت:
پیاوێکی مەزن ئەو مەلیکمان بوو
لە شەڕی بازیان بە دیل گیرا بوو


روونە لێرەدا هۆنەر هەوڵدەدات رابردوو لەگەڵ ئێستا بەراورد بکات و بیبەستێتەوە بەیەکەوە، بەڵام ئەمە پەروەردە و یادەورییە لەسەر خیانەت بۆ نمونە لە (قەڵای دمدم) دا کە خیانەت لە خانی لەپ زێڕین دەکرێت، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی قەڵاکە دەبڕن، شێخ مەحمودیش لە پشتەوە بەدەسیسەی کورد خۆی لە رێی کانی بناوەوە لەشکری ئینگلیز دەبەنەسەری و پشتی لێ دەگرن! ئەمەیش خیانەتێکی مێژوویی بوو، ئەسپەوانەکەشی بە ئەسپەکەی شێخ مەحمود خۆی دەرباز دەکات، لە بری ئەوەی شێخ مەحمود بە برینداریی رزگار بکات و نەهێڵێت بکەوێتە دەستی دوژمن! 
شاعیر لێرەدا تاڕادەیەک نزیکە لە کشانی مەدلوول کە لە خزانی دال دروست دەبێت و مەدلوول بەرهەم دەهێنێت.
دەیەوێت خەیاڵمان رابکێشێت بۆ ئەو وێنانەی   دێنە پێش چاو، کە دەڵێن دەبێت هۆکاری ئەو دیاردانە چی بووبێت؟ دیارە بازرگان و بەرژەوەندیی خوازەکان حەزیان بە عیراق چێتی و بەرژەوندیی بارزگانیی و هەندێکیش حەزیان لە کۆیلایەتی و جاشایەتیی بۆ  رژێمی تازە دامەزراوی عیراق، بووە.
بۆیە لێرەدا وێنەیەکمان نیشان دەدات کە دزێوو نەخوازراوە، دواییش پێمان دەڵێت: «هەندێ پیاوی سوک». هەریەکەمان دەربارەی سووک راستەوخۆ دەزانین کەمیی و نزمیی ئاستە لە پێوانە و هەڵسەنگاندندا.
چالاک سۆفی لە شیعرەکەیدا دەڵێت:
رۆژ بوو بە رۆژی ناکەس و جەردە 
دەگەڕان بەدوای پیاوێکی مەردا

شاعیر دەڵێت: رۆژگار بوو بە رۆژگاری ئەوانەی جەردەن و ماڵی خەڵک دەخۆن..ئێستا پیاوی مەرد کەمە و دەبێت بۆی بگەڕێین. مەرد ئەوانەبوون خۆیان دەکرد بە قەڵغان بۆ ئازادیی و خۆشگوزەرانیی و دەوڵەتداریی و نیشتمانپەروەریی و ســـــەربەخۆیی نەتەوەکەمان.

هەروەها دەڵێت:
ئەو خیانەتەی کە لە شێخ کرا
هەتاکو ئێستا باجەکەی نەدرا


لەم ئەفۆریزمەدا یان پەندەدا، هۆنەر پێـمان دەڵێت: ئەوە ئەنجامی خراپەکاریی و خیانەتکردنە، بزانە هەتا ئێستا چۆن ئێمە پێوەی دەناڵێنین، کە دەبێت ئیتر واز لە بەرژەوەندخوازیی و خیانەت بهێنین،  دەنا هەر بەو هیوایانەوە سەردەنێینەوە کە ئاواتمانە بێنە دی و بەردەوامیش باجەکەی دەدەین. پێم وایە ئەمە ئەرکی شیعری شاعیرەکانە کە دەبێت رەنگدانەوەی ژیانی رۆژانە بێت و وێنەی ئەندێشەکانی مرۆڤ بکێشێت.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان