سه‌هه‌ند كۆیی
به هه‌زاران خوێندنگەی مۆدێرن له ئەمریكا و وڵاتانی خۆرئاوا له‌سه‌ر بنه‌مای بیر و بۆچوون و رێبازه‌كانی جۆن دیوی بونیادنران
جۆن دیوی به‌ناوبانگترین زانا و فه‌یله‌سوفی ئه‌مریكا بوو كه به رێبازه زانستییه‌كه‌ی ناسراو بوو، كه دەیوت: دەبێت رێبازی زانستی له هەموو بوارێكدا په‌یڕه‌و بكرێت. جۆن دیوی دامه‌زرێنه‌ری خوێندنگە باڵا و مۆدێرنه‌كانی ئەمریكایه، به‌ئاشكرا رایگەیاند، که ده‌بێت خوێندنگە ببێت به به‌شێك لە كۆمه‌ڵگه، یاخود ده‌بێت خوێندنگە خۆی لەخۆیدا كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بچووك بێت له‌سه‌ر شێوازی هه‌مان كۆمه‌ڵگه که خوێندکار تێیدا دەژیت. راشكاوانە دەیوت: ده‌بێت خوێندکار چۆن له‌ناو كۆمه‌ڵدا ده‌ژیت، به‌هه‌مانشێوه له نێوخوێندنگەدا بژیت، بۆ نموونه، ئەگه‌ر هاتوو خوێندكار له ده‌ره‌وه‌ی خوێندنگە سواری ئۆتۆمۆبیل بوو، ئەوا ده‌بێت له‌نێو خوێندنگەدا فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بكرێت. جۆن دیوی هێنده‌ی وەك پسپۆرێكی شاره‌زا لە بواری په‌روه‌رده و فێركردندا ناسراو بوو، ئه‌وه‌نده وەك فه‌یله‌سوفێك نه‌ناسرا بوو، هه‌رچه‌ندە خاوەنی چەندین تیۆریی فه‌لسه‌فی بوو تا ئەم سه‌رده‌مه‌ی ئێستاش چه‌ندین وڵاتی پێشكه‌وتووی جیهان په‌یڕه‌وی رێباز و بۆچوونه‌كانی ئەو ده‌كه‌ن له بواری په‌روه‌رده و فێركردندا، جگه له ئه‌مریكا، هه‌ریه‌ك له یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو و چینی میللی و توركیا، جۆن دیویان بانگهێشت كرد تا هه‌یكه‌ل و سیستەمی په‌روه‌رده و فێرکردنیان بۆ دابڕێژێ.
جۆن دیوی، پێناسه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ په‌روه‌رده و فێركردن دانابوو، پێی وابوو، په‌روه‌رده واته گه‌شه‌سه‌ندنی هزری مرۆڤ، كه‌واته ئێمه ده‌بێت له چوارچێوه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه لە پرۆسەی په‌روه‌رده بڕوانین. جۆن دیوی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد، کە سه‌رجه‌م مه‌سه‌له‌كانی هزر و بیر و مه‌عریفه كۆمه‌ڵایه‌تین، كه‌واته دەبێت خوێندنگە ناوه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، بۆیه پێویسته خوێندکار هه‌رده‌م له‌ژێر تاقیكردنه‌وه‌دا بێت تا ببێته بوونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، مرۆڤێكی هۆشیار و به‌ئاگا.
خوێندنگە لای جۆن دیوی، كۆرپه‌له‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه، كه‌واته نابێت خوێندنگە داخراو بێت و خوێندکاران تەنها فێری ژیانێكی تیۆری بكات و زانست و بابەتی نێو دووتوێی کتێبەکان به گوێیاندا بچرپێنێت که دووربێت له ژیانی سەردەم، چونکه ئه‌وكاته‌ی خوێندنگە وایلێهات، كەواته جگه له زیان، هیچ سوودێك به خوێندکار ناگه‌یه‌نێت، بۆیە پێویستە خوێندنگە هه‌رده‌م داموده‌زگایه‌كی په‌یوه‌ست و په‌یوه‌ندیدار بێت به كۆمه‌ڵه‌وه. هەروەها نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێكدابڕێن. سه‌نگ و به‌های خوێندنگە لای جۆن دیوی، په‌یوه‌سته به‌وه‌ی ئاخۆ تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك ئاره‌زووی گه‌شه‌سه‌ندنی هزر و بیری لای خوێندکار دروست ده‌كات، كه‌واته گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌قڵی پێوه‌ری سوودمەندیی و به‌های خوێندنگەیه، چونکه گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌قڵی، خۆی له‌خۆیدا نوێبوونەوەی خودەکان ده‌گه‌یه‌نێت.
كه‌واته په‌روه‌رده، بریتی نییه له كۆكردنه‌وه‌ی مه‌عریفه، به‌ڵكو چه‌سپاندنی نه‌ریته باشه‌كانه له پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌دا تاوه‌كو ده‌گه‌نه باشترین ئاکام، ئه‌ویش به‌كارهێنانی مه‌عریفه‌یه له‌پێناوی كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تیدا، تاكه ئامانج به‌لای جۆن دیوی له په‌روه‌رده‌دا، بریتییه له دۆزینه‌وه‌ی شێوازێك بۆ گونجاندنی تاك له‌گه‌ڵ کۆمەڵدا، ته‌نانه‌ت جۆن دیوی، ئاکاریش به مه‌سه‌له‌یه‌كی ره‌ها نازانێت و ئاكاری باڵاش تاسه‌ر به‌رده‌وام نابێت، چونکه زۆرجار گۆڕانكارییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی رووده‌دات ئاكامه‌كه‌ی روودانی چه‌ندین گۆڕانکارییە له ئاکاری مرۆڤەکان و کۆمەڵ به گشتی، كه‌واته ئەگەر ئامانجی ئێمه به‌ختیاری بێت له ژیاندا، ده‌بێت گونجاندنی تاكه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵدا تاکه ئامانج بێت له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌دا و باشترین و سه‌ركه‌وتووترین كۆمەڵ ئەو كۆمه‌ڵه‌یه، كه له‌سه‌ر بناغه‌ی زانستیانه بونیاد نراوه و زانست رۆڵی شیاوی خۆی تێدا ده‌بینێت، له‌وه‌یه لێرەدا داكۆكیکردنی جۆن دیوی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی گونجاندنی تاك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵدا جۆرێك له دەمارگیری و توندڕه‌وی تێدابێت، چونکه له‌وكاته‌دا له‌وانه‌یه مرۆڤه‌كان ناچاربكرێن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێكی ناشایسته و زۆرداریشدا خۆیان بگونجێنن، به‌ڵام لێره‌دا پێده‌چێت هۆی گه‌وره‌كردن و داکۆکیکردنی جۆن دیوی سه‌باره‌ت به خۆگونجاندن تەنها بۆ ئه‌وه‌بێت تاوه‌كو پاڵ به مامۆستایان و پسپۆرانی په‌روه‌رده بنێت، بۆئەوەی هه‌رده‌م بەها پراكتییه‌كان بخه‌نه سەروو به‌ها تیۆرییەکان له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێرکردن‌دا، هەروەها خوێندنگە بكه‌ن به كۆمه‌ڵگایه‌ك، خوێندكار تێیدا ساز و ئاماده‌بێت تاوه‌كو ببێت به ئەندامێکی شایسته و كارا له كۆمه‌ڵدا و خاوه‌ن نەریتی باڵا بێت، نه‌وه‌ك خوێندکار تەنها بکرێت به ئامێرێک بۆ كۆكردنه‌وه‌ی بڕێک له زانست و زانیاری هه‌مه‌جۆر، بەڵکو ده‌بێت دروشمی په‌روه‌رده و فێركردن بریتی بێت له:(ئەندامێکی سوودمه‌ند و گه‌شه‌سه‌ندو له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی باڵا‌و گه‌شه‌سه‌ندوودا.)
هه‌وڵه‌كانی جۆن دیوی به فیڕۆ نه‌چوو، به‌ڵكو ئه‌نجامی باشی به‌ده‌ستهێناو به هه‌زاران خوێندنگەی مۆدێرن له ئەمریكا و وڵاتانی خۆرئاوا له‌سه‌ر بنه‌مای بیر و بۆچوون و رێبازه‌كانی جۆن دیوی بونیادنران، که ئەمڕۆ بونه‌ته شیاوترین ناوه‌ند بۆ خوێندکارانی کوڕ و کچ، که هه‌موو پێداویستییه‌كی تێدایه و چه‌ندین بواری تێدا ره‌خساوه بۆ به‌ختیاریی خوێندکاران که پێشتر لێی بێبه‌ش بوون.
بۆیه پێویسته په‌روه‌رده بۆ كۆمه‌ڵ بێت و كۆمه‌ڵیش له‌پێناوی په‌روه‌رده‌دا بێت، ئەگه‌رهاتوو خوێندنگە لە كۆمه‌ڵ دابڕا یاخود مرۆڤه‌كان لە كۆمه‌ڵ دابڕان، ئه‌وا بە ئه‌ندازه‌ی ئه‌و دابڕانه، له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده دوورده‌كه‌وێته‌وه و په‌روه‌رده و به‌هاكه‌شی کەم ده‌بێته‌وه.