‫ بۆ جحێڵانی لە دوای خۆم‬‬‬

01:09 - 2025-01-16
ئەدەب و هونەر
92 جار خوێندراوەتەوە

شنیـا عەبدولمەجید

‫ بۆ جحێڵانی لە دوای خۆم‬‬‬


دەمویست لێرە بیت!
تا دەستەکانتم وەک کتێبێکی پیرۆز
لە باوەشم بگرتایە،
بمخستایە سەر زامی دڵم،
هەر ئەو زامانەی... تۆ و دەستەکانت،
حەکیمی دەردی ئەون.
هەروام ویستبوو بە شێنەیی
 سەختیەکانمت بۆ بگێڕمەوە،
 لام وابوو نوژداریت بۆ هەرچی برینێکمە!
 من چی لە گەواهیدەرانی ژوورەکەم بکەم؟
خۆ دەزانم ئاوێنەکەم شاهید حاڵی
چرکە بە چرکەی ئازارەکانمە،
  دەشزانم چەندجار، بۆڵی هێشووی
 ئەشکە گەورەکانمت دیوە، دەزانیت چۆن
 دەڕژانە سەر گەردەنم و
 لەوێوشەوە بۆ سەر سنگم،
هەموو گیانم دەشواتەوە گریان.
لە نەینۆکەکەوە لێمەوە دیارە و دەیبینم
ماکیاژە درۆزنەکانم چەندین جار
ماسکێکی درۆینەیان پێداوم،
 ویستوویانە ئەگەر بە راستیش نەبووە،
بۆ چەند ساتێ بمخەنە خەنین و
بمخەڵەتێنن!
کاتژمێری ژوورەکەم راستگۆترین گەواهیدەرە
کە وردە وردە بەرەو دوا ساتی ماڵئاوایی،
 دەستم دەگرێ و پەلکێشم دەکات رووەو... تەمەن.
چاوم هەر لەسەر دەرگایە،
دیدەم بزڕکاو و...خەونم وەدی نەهاتوو،
ئاهــ.... دەڵێم ئەوە خوایە،
وەک فریاد رەسێ
وەک فریشتەیەک، لێم وەژوور کەویت و
پێم بڵێیت: فیداتبم تاقانە، ئەوە خۆمم
نە خەونە و نە خەیاڵ،
بەرگی ئەم کۆچە نەگریسەم دابدڕی و
 بۆ ئەبەد لە نزیکی تۆ بمێنمەوە.
شەرحی شادیم بۆ بکەیت و
 مامۆستایەکی بلیمەتی شانۆکاربیت
وەکو جاری جارانت. 
تا دەتوانیی هامڕازی خەمەکانم بە.
ئەو پەرتەوازەییەم، بەکۆتا بێنە،
 بە غەمگینیە توڵانییەکانیشمان بڵێ:
چیدی بە ئێمە ناوەستیت،
دیسانەوە تکا کارم، کە شیتەڵی کەیت،
 دەردە پەنهانەکانمان.
سانا نییە ئەو هەموو بار و کۆچە بە تاقی تەنیا،
میهرەبانانە بە وجودت، هەرەس بە هەرچی
  دژوارییەکانە بهێنە،
دەنا هەر لەو دوورەوە لە کۆستم بڕوانی
 دەنگ و باسم دەبێتە حیکایەتێک و
وەک سەربووردەی خەونێکی بەدیی نەهاتوو،
 بۆ جحێڵانی لە دوای خۆم، دەگێڕدرێمەوە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان