قه‌هار شێخانی
كتێبی چنار و هێمن، نوێترین دیوانی هاشم حسین بڵباسی شاعیرە، كازم كۆیی پێداچوونه‌وه‌ی بۆ کتێبەکە كردووه و له چاپخانه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین چاپكراوه. دیوانەکـــــە لە(61) لاپه‌ڕه پێكهاتووه و(31) شیعری تێدایە، یه‌كێك له‌و شیعرانه تایبه‌تە بە كاره‌ساتی گیانله‌ده‌ستدانی چنار و هێمن، شاعیر كتێبه‌كه‌ی پێشكه‌ش به رۆحی ئەو دوو په‌پوله‌یە كردووه، كه بوونه شه‌هیدی رێگه‌ی خوێندن و فێر بوون، له رۆژگارێگی سه‌خت و قاتوقڕیی و لەشەوێکی ساردی زستاندا رێكه‌وتی 7/1/1992 له رێگای نێوان شارۆچكه‌ی سه‌ید سادق و كۆمه‌ڵگای شانه‌ده‌ر، له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بۆ ماڵەوە، به‌فر و بارانێكی زۆر ده‌بارێت، ئه‌وانیش دره‌نگیان به‌سه‌ردا دێ و رێگه‌یان لێ هه‌ڵه ده‌بێت، هه‌ر چه‌ندی ده‌كه‌ن نازانن بۆ كام لایە بڕۆن، له كۆتاییدا شه‌ویان به‌سه‌ردا دێت و هه‌ردووكیان له نێو به‌فردا ره‌ق ده‌بنه‌وه و گیانله‌ده‌ست ده‌ده‌ن .
چنار به ته‌مه‌ن چه‌ند ساڵێك له هێمن گه‌وره‌تر بوو، سه‌ره‌تا چنار جار جاره هێمنی کردۆتە كۆڵ و هه‌ردوو جانتاكه‌شی هه‌ڵگرتووە، به‌ڵام له‌به‌ر بچووكیی و كه‌م هێزیی به‌رگه‌ی ئه‌و سه‌رما و سۆڵه‌یە ناگرن و ئه‌و خوشك و برایه، باوه‌ش به‌یه‌كتردا ده‌كه‌ن و هەر بەوجۆرەیش دەبن بە پەیکەرێک لە سەهۆڵ، به‌راستی ئه‌م هه‌واڵه كاره‌ساتێكی ویژدان هه‌ژێن بوو، تا ئێستایش له یادەوەریی هەموواندا ماوە.
هاشم حسێن بڵباس وه‌ك شاعیرێك، ئه‌و وه‌فایه‌ی نواندووه به شیعرێكی دوور و درێژ چیرۆكی ئه‌و كاره‌ساته ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌م كتێبه‌دا جگه له شیعری چنار و هێمن، چه‌ندین شیعرێكی دیكه‌ی منداڵانیشی تێدایه كه ناوه‌ڕۆكه‌كانیان باس له بواری په‌روه‌رده‌یی و خۆشه‌ویستی نیشتمان و ئاڵا و رێزگرتن له‌مامۆستا و هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به دوارۆژێكی گه‌ش ده‌كه‌ن. له كۆتایی كتێبه‌كه‌یشدا ژیاننامه و وێنه‌ی ناسنامه‌ی باری شارستانیی هێمن و چنار بڵاو كراوه‌ته‌وه، ده‌ستخۆشیی له هاشم حسین بڵباس ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و وه‌فایه‌ی كه بۆ چنار و هێمنی نواندووه و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ ده‌خوازم.
چنار و هێمن کێ بوون؟
چنار ناسح علی له ساڵی 1982 هێمن ناسح علی له ساڵی 1985 له گوندی برایم غوڵامی سه‌ر به‌ناحیه‌ی قادر كه‌ره‌م له دایك بوون، به‌هۆی شاڵاوی ئه‌نفاله‌وه له ساڵی 1988 له نازی باوكیان بێ به‌ش ده‌بن، ساڵی 1991 دوای كۆڕه‌و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یان ئاواره‌ی قه‌زای سه‌ید سادق ده‌بن و له ئۆردوگای شانه‌ده‌ر نیشته‌جێ ده‌بن، چنار له پۆلی چواره‌م و هێمنیش له‌پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌یه‌كی ئەو قه‌زایە، ده‌یانخوێند، ئێواره‌ی 7/1/1992 كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌پێ بۆ ماڵەوە له سه‌ید سادقه‌وه بۆ ئۆردوگای شانه‌ده‌ر، له‌ناو به‌فر و سه‌رما و سۆڵه‌ی بێ به‌زه‌یی زستاندا ره‌قدەبنەوە، وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ گیانی ئه‌و دوو په‌پوله به‌ستووه‌ی نێو به‌فر، باخچه‌یه‌كی ساوایان و خوێندنگایه‌ك به‌ناوی هێمن و چنار كراونەتەوه و په‌یكه‌رێكیشیان له ده‌روازه‌ی قه‌زاری سه‌ید سادق بۆ دروست كراوه.