بەمەبەستی راوەستان لەسەر كێشە و گرفتەكانی كەناڵەكانی سەر بە مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا و ئەو ئاستەنگانەی هاتوونەتە رێیان و بۆ دۆزینەوەی میكانیزم و رێگەچارەكانی گێڕانەوەی پێگە و رۆڵی گەورەی میدیای یەكێتی بەتایبەتی لە بەغدای پایتەخت و بەتایبەتیتریش ئەو كەناڵانەی بەزمانی عەرەبی پەخش دەكەن، رۆژی 18/7/2022 وەفدێكی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە پێكهاتبوو لە ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی مەكتەب و سۆران عەلی بەڕێوەبەری كەناڵی ئەلمەسرا و رێبین عومەر راوێژكاری مەكتەب، سەردانی شاری بەغدای كرد كە چەند رۆژێكی خایاند.
سەردانی سەرەکی وەفدەكە
مەبەستی سەرەكی سەردانی وەفدەكە ئاگاداربوون بوو لە واقیعی كاری میدیایی لە بەغدا و شارەكانی ناوەراست و باشووری عیراق بەگشتی و كاری كەناڵەكانی سەر بەمەكتەب (بەتایبەتی ئەوانەی بەزمانی عەرەبی پەخش دەكەن) لەو ناوچانە و چۆنێتی بەهێزكردنەوەی رۆڵ و پێگەی راگەیاندنی یەكێتی لەو شارانە كە ماوەیەكە هەست بەدابڕان و پاشەكشێیان لەو ناوچانە دەكرێت.
وەفدەكە لە سەردانەكەیدا چاوی بەچەندین بەپرسی باڵا و كەسایەتی و سیاسی و پەرلەمانتار و چالاكوان و نووسەر و رۆژنامەنووس و رۆشنبیر كەوت و تاوتوێی باشترین رێگەچارە و خێراترینیانی لەگەڵ كردن بۆ بەهێزكردنەوە پێگەی راگەیاندنی یەكێتی و گێڕانەوەی سەنگ و پێگەی شایستەی خۆی لە بەغدا و ناوچەكانی دیكەی عیراق.
سەردانی سەرۆكایەتی كۆمار
سەردانی سەرۆكایەتی كۆمار و دیدار لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق یەكەم وێستگەی سەردانی وەفدەكەبوو.
لەو دیدارەدا وەفدەكە مەبەستی سەردانەكەی بۆ بەغدا بۆ سەرۆك كۆمار روونكردەوە و كە بریتییە لە ئاگاداربوونی زیاتر لە رەوشی كاری میدیایی لە بەغدا و شارەكانی دیكەی ناوەڕاست و باشووری عیراق، هەروەها تاوتوێكردنی چۆنێتی رێكخستنەوەی كاری كەناڵەكانی سەر بەمەكتەبی راگەیاندن و بەتایبەتیش ئەوانەی كە بەزمانی عەرەبی بەرنامەكانیان پەخش دەكەن.
سەرۆك كۆمار دەستخۆشی لە وەفدەكە كرد و هیوای خواست سەردانەكەیان بەرهەمداربێت بۆ خزمەتی راگەیاندنی یەكێتی تا پێگە گەورە و كاریگەرەكەی خۆی بەدەستبهێنێتەوە هەروەك هاوكاری و پشتیوانیشی بۆ دووپاتكردنەوە.
هەماهەنگی میدیایی لەگەڵ پەرلەمانتاراندا
وێستگەیەكی دیكەی سەردانی وەفدەكە بۆ بەغدا سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو كە بەگەرمی لەلایەن هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆن و كوردە عومەر و دیلان غەفور ئەندامی پەرلەمانی عیراق بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.
لە دیدارێكدا دوا گواڕانكارییە سیاسییەكانی عیراق تاوتوێكران، هەروەها زیاتركردنی هەماهەنگی میدیایی و رێكخستنەوەی كاری كەناڵەكانی سەر بە مەكتەبی راگەیاندن و خزمەتی زیاتری مەسەلە هەنووكەیی و گرنگەكانی پەیوەست بە كێشەكانی هاووڵاتیان و رەنگدانەوەی لە میدیا بەتایبەتی لە میدیای عەرەبیدا تەوەری سەرەكی دیدارەكە بوو.
مەڵبەندی بەغدا پشتیوانی راگەیاندن دەكات
هەر لەو چوارچێوەیەدا وەفدەكە سەردانی مەڵبەندی رێكخستنی بەغدای كرد و لە لایەن رابحە حەمەد لێپرسراوی مەڵبەند و جێگر و كارگێڕ و ئەندامانی مەڵبەندەوە پێشوازییان لێكرا.
لەو دیدارەشدا گفتوگۆ لەبارەی رێگەچارەكانی گێڕانەوەی پێگە و رۆڵی كاریگەر و بەهێزی راگەیاندنی یەكێتی لە بەغدا و ناوەڕاست و باشووری عیراق كرا و بەگرنگییەوە سەردانی وەفدەكە هەڵسەنگێنرا. هەروەك مەڵبەندی بەغدا هاوكاری و پشتیوانی تەواوی بۆ ئەو ئەركە پیشاندا كە خزمەت بە راگەیاندن و پێگە و سەنگی یەكێتی دەكات لە نێو توێژی سیاسی و رۆشنبیر و هاووڵاتیانی سادەی بەغدا و شارەكانی دیكەی عیراق.
بایەخدان بە بەغدا لەڕووی میدیاییەوە
بەشێكی تری سەردانی وەفدەكەی مەكتەبی راگەیاندن بۆ بەغدا تەرخانكرابوو بۆ دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ پەرلەمانتاران و رۆشنبیران و میدیاكاران و چالاكوانانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری بەغدا، لەو رووشەوە وەفدەكە بەجیا چاوی كەوت بە هەر یەك لە رزگار حاجی حەمە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی و حەسەن جیهاد پەرلەمانتاری پێشوو و راوێژكاری سەرۆكایەتی كۆمار و مەحما خەلیل پەرلەمانتاری ئێستا و حەمزە مستەفا رۆژنامەنووس و نووسەر و لێپرسراوی نووسینگەی ئەلشەرق ئەلئەوسەت و ئەحمەد ئەلتەیب میدیاكار و پێشكەشكار لە كەناڵی ئەلڕەشید و شوان هەركی لێپرسراوی كەناڵی ئەلعیراقیەی كوردی سۆرانی و چالاكوانانی مەدەنی عەلی عەباس و موسلیم ئەلسلێتی.
لەو دیدارانەدا باس لە گرنگی و بایەخی بەغدا كرایەوە وەكو شارێكی پڕ لە چالاكی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی كە شایانی ئەوەیە لەڕووی میدیاییشەوە بایەخی تەواوی خۆی پێ بدرێت، هەروەك تەئكید لە پێویستی بنیاتنانی پەیوەندی و رایەڵەی نوێ لەگەڵ هەموو كەسایەتی و لایەن و رێكخراو و میدیاكاران كرایەوە.
بایەخدان بە میدیای نوێ
هەروەها وەفدەكە لەگەڵ كۆمەڵێك لە چالاكوانانی بواری سۆشیال میدیا و میدیای نوێ بابەتی گرنگیدانی زیاتری بە بواری سۆشیال میدیا و میدیای نوێی تاوتوێكرد تا لەو رێگەیەوە بایەخی زیاتر بە گوتاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بدرێت لە عیراقدا بەو پێیەی گوتارێكی میانڕە و قبووڵكراوە لە تەواوی عیراق و كوردستاندا.
سەردانی كەناڵی ئەلڕەشید
هەر لە میانی سەردانەكدا وەفدەكە كەناڵی ئەلڕەشیدی لە بەغدا بەسەر كردەوە كە بانگهێشتی لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی كرد بۆ بەشداری لە بەرنامەی ئەلسامنە سەبارەت بە ئیستیحقاقی سەرۆك كۆمار و بۆردوومانەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان.
وەفدەكە لە نزیكەوە ئاگاری شێوازی كاری كەناڵی ئەلڕەشید بوو هەروەك زانیاری تەواوی لەبارە شێوازی كاركردنیان و وردەكارییە هونەری و تەكنیكییەكانیان وەرگرت لەگەڵ كاری پەیامنێران و نێردراوانیان بۆ شارەكانی دیكەی عیراق.
رێكخستنەوەی نووسینگەی راگەیاندن لە بەغدا
وێستگەیەكی دیكەی سەردانی وەفدەكە بەسەركردنەوەی نووسینگەی كەناڵی گەلی كوردستان و كەناڵی كەركوك و پی یو كەی میدیا بوو لە بەغدا كە لە لایەن بەمۆ شێخانییەوە بەڕێوە دەبرێت، وەفدەكە لە نزیكەوە لە شێوازی كار و وردەكاریی كارەكانی نووسینگەكەی كۆڵییەوە و ئاگاداری گرفت و كەموكوڕییەكانی بوو، هەروەك تاوتوێی باشترین و گونجاوترین چارەسەری بۆ ئەو گرفتانەش كرد.
لەبەرنامەی وەفدەكە چەندین دیدار و سەردان و كۆبوونەوەی دیكە لەگەڵ كەناڵەكانی راگەیاندن وەكو تۆڕی راگەیاندنی عیراقی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی وەكو مولتەقا ئەلرافیدەین و رۆشنبیر و نووسەر و میدیاكاران هەبوو، بەڵام كەمی ماوە و دەرفەت بواری نەدا.