״ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی هێرشەكانی توركیاوە بۆ سەر خاكی عیراق كۆدەبێتەوە״

10:47 - 2022-07-24
کوردستان
695 جار خوێندراوەتەوە
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران

بڕیارە رۆژی سێشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بكات لەبارەی هێرشەكانی توركیاوە بۆ سەر خاكی عیراق.
سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی لە عیراق كە PUKmedia بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاندووە: لەسەر داوای عیراق ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رۆژی سێشەممەی داهاتووی دیاریكرد وەك وادەیەك بۆ دانیشتنی بەپەلە لەبارەی هێرشەكانی توركیاوە بۆ سەر خاكی عیراق.

قوباد تاڵەبانی: تاوانە گەورەكەی سەیرانگەی پەرەخ، ویژدانی هەموو هاووڵاتییانی هەژاند

ئەنجومەنی نوێنەران كۆبۆوە
لەلایەكی دیكەوە، دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنێكی نائاسایی تەرخانكرد بۆ تاوتوێكردنی بۆردومانی توركیا بۆ سنووری زاخۆ لە پارێزگای دهۆك، كە هاووڵاتیان و گەشتیارانی ناوچەكەی كردبووە ئامانج. 
كۆبوونەوەكە بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی عیراق، وەزیری بەرگریی، سەرۆكی ئەركانی سوپا، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، بەڕێوەچوو.
لەوبارەیەوە، سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKmediaی راگەیاندووە: لیژنەیەكی ئاسایشی پەرلەمان و بەرگریی و پەیوەندییەكانی دەرەوە لەگەڵ سەرۆكی ئەركانی سوپا و وەزارەتی بەرگریی پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە راستییەكان لە شوێنی رووداوەكە و زانینی سەرچاوەی ئەو هێرشەی كە كراوەتە سەر زاخۆ.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراقیش لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: وەزارەتی دەرەوە سكاڵایەكی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە و داوایكردووە لەبارەی دەستدرێژییەكانی توركیاوە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بكات.

״گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروەریی خاكی عیراق״
هەروەها، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، پەیامێكی لەبارەی بۆردومانكردنی سەیرانگەی پەرەخ لە زاخۆ بڵاوكردەوە و رایگەیاند: تاوانە گەورەكەی سەیرانگەی پەرەخ، ویژدانی هەموو هاووڵاتییانی عیراقی هەر لە دهۆك و هەولێر و سلێمانییەوە، هەتا بەغدا و نەجەف و بەسرەی هەژاند و هەموو لایەكی تازیەبار كرد. ئێستا نەك هەر خانەوادەكانیان، بەڵكو هەموو عیراق خاوەن پرسەی نۆ شەهیدەكەی سەیرانگەی پەرەخن، ئاماژە بەوەش دراوە «جێی پێزانینە كە ئەمجارەیان حكومەتی فیدراڵ و پەرلەمان و لایەنە عیراقییەكان بە گشتی و تەنانەت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەڵوێستی شیاو و گونجاویان هەبوو، بەڵام جێی خۆیەتی وەبیریان بهێنینەوە كە ئێمە لە رابردوودا بە دەیانجار داوای هەڵوێستی جدیمان لێكردن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروەریی خاكی عیراق، كەچی بە داخەوە تەنها یەك دوو جار نەبێت كە بە ئیدانەكردنێكی سەرپێیی لەكۆڵ خۆیان كردەوە».

#ئەنجومەنی ئاسایش

بابەتە پەیوەندیدارەکان