حه‌مه هاشم
له زۆر شوێندا به‌رچاومان ده‌كه‌وێت كه شێوه‌ی په‌یكه‌رێك له شێوه‌ی ئاسایی خۆی جیاوازتر بێت، ئه‌مه مانای ئه‌وە ناگەیەنێت ئه‌م شێوه بینراوه شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكتییانه بێت، چونكه ئێمه پێشتر ئه‌وه ده‌زانیین كه شێوه‌ی ساده‌كراوی دوور له داسه‌پاندنی ده‌ربڕین و مانابه‌خشیی، كاری ئیستاتیكیی ئه‌بستراكتییانه‌مان بۆ مه‌یسه‌ر ده‌كات. ره‌نگه زۆر په‌یكه‌ری ساده‌كراو هه‌بن، رێچكه‌كانیان بچنه‌وه سه‌ر ئه‌بستراكت، به‌ڵام به‌هۆی وابه‌سته‌بوونی كۆمه‌ڵێک رایه‌ڵه‌ی گوزارشت ئامێز كاره‌كه ده‌گۆڕێت بۆ رێباز و مه‌زهه‌بێكی دیكه‌ی هونه‌ریی.
ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی مێژووی په‌یكه‌رسازیی بكه‌ین و بنه‌چه سه‌ره‌تاییه‌كانی لێكبده‌ینه‌وه، ده‌بینین یه‌كه‌مین شێوه‌په‌یكه‌ر كه مرۆڤ له مێژوودا دروستیكردووه، شێوه‌یه‌كی زۆر ساده و ئه‌بستراكتییانه‌ی هه‌یه، ئه‌ویش په‌یكه‌ری دروستكراوی (ڤینۆس فیلندرۆف)ە، ئه‌م په‌یكه‌ره له چاخی به‌ردینی ناوه‌ڕاستدا دروستكراوه و به ئایكۆنێكی گرنگی سه‌ره‌تاكانی په‌یكه‌رسازیی ده‌ژمێردرێت له مێژوودا. هه‌ندێك له مێژووناسان لێكدانه‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌كه بۆ سه‌رده‌می دایكسالاریی ده‌گه‌ڕێننه‌وه و گوزارشتی ئه‌وه‌ی به‌به‌ردا ده‌كه‌ن، كه مرۆڤ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له ژێر ركێفی سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تیی(دایكسالاریی)دا ژیاوه و په‌یكه‌ره‌كەش وه‌ك شكۆمه‌ندییه‌ك بۆ ژن دروستكراوه. له په‌یكه‌ره‌كه‌دا سه‌ری ژنه‌كه گرنگیی پێنەدراوە، بەڵکو ئه‌و شوێنه هه‌ستیارانه‌ی ژن تێیدا به‌رچاوتر نیشاندراون كه سه‌رچاوه‌ی زایه‌ند و گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆڤایه‌تیین، واتا گرنگیی به سینگ و ئەندامی مێینەی ژنه‌كه دراوە و گه‌وره‌تر لە قەبارەی سروشتیی خۆی نیشاندراوه، له‌چاو ده‌ست و قاچ و سه‌ری ژنه‌كەدا، ئه‌مەش به‌و مانایه‌ی كه مرۆڤ له سه‌رده‌می دایكسالارییدا جۆرێك له ترسی رۆحیی هه‌بووه له ژن و وه‌ك خوداوه‌ند و موعجیزه‌یه‌ك سه‌یری كردو‌وه، كاتێك منداڵی ده‌بێت. ئه‌گه‌رچی ئه‌م گوزارشته لایەنی ئەبستراکتییانەی كاره‌كه‌ی نه‌هێشتۆته‌وه، به‌ڵام ساده‌یی و هێشتنه‌وه‌ی به‌شێك له هێزی ده‌ربرینه‌كه بۆ خزمه‌تی لایه‌نی ئیستاتیكیی په‌یكه‌ره‌كه وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ئه‌بستراكتییانه دێته پێش چاو.
بێگومان له دوای ئه‌م مێژووه‌وە، له هه‌موو سه‌رده‌مه كۆنه‌كانی دیكه‌دا په‌یكه‌رسازیی وه‌ك كایه‌یه‌كی پته‌وی هونه‌ر گرنگیی هه‌بووه، بەتایبه‌تی له هونه‌ری میزۆپۆتامیا و دۆڵی نیل كه سه‌رقافڵه‌ن له بناغه‌دانانی شارستانییه‌تەكانی دنیادا.
له هونه‌ری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و سه‌رده‌می رێنیسانسدا، زۆر به ده‌گمه‌ن هه‌ست به كارێكی ئه‌بستراكتیکیی ده‌كه‌ین یان په‌یكه‌رێك كه شێوه نه‌ریتییه‌كه‌ی تیكشكاندبێت، ئه‌مەش له‌به‌رئه‌وه‌یە سه‌رده‌می رێکخستنه‌وه و به ئه‌كادیمیكردنی هونه‌ر بووه، له پێناوی ده‌رخسته‌ی كلاسیكییانه و واقیعییانه بۆ هونه‌ر به گشتیی، به‌ڵام له سه‌ره‌تاكانی گۆڕانكاریی هونه‌ردا، به‌ره‌و ئاقاره‌كانی ئازادیی وه‌رگرتن و نزیكبوونه‌وه له هونه‌ری مۆدێرن، په‌یكه‌رسازیی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رچاو جیاوازیی تێكه‌وت و نزیکییەکی زۆری په‌یداكرد له‌گه‌ڵ ئه‌بستراكتدا.
پیكاسۆ به یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه دادەنرێت كه زۆر رۆڵی هه‌یه له تێكشكاندنی شێوه‌ی ناسراو له په‌یكه‌رسازییدا و ئەرك گۆڕین بۆ كه‌ره‌سته به‌كارهاتووه‌كانی له په‌یكه‌رسازییدا گه‌واهیی ئه‌وه ده‌ده‌ن کە ئه‌و هونه‌رمه‌نده داهێنه‌رانه كاری له‌سه‌ر فیگه‌ری ئیستاتیكیی كردو‌وه و وەك شێوەیەك لە ئه‌بستراكت پیشانیداوە، به‌تایبه‌تی كاتێك كوشنی پایسكیلێك له‌گه‌ڵ سوكانه‌كه‌یدا رێکده‌خاته‌وه له‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌دا و سه‌ری مانگایه‌ك نمایش ده‌كات، به‌مه‌ش شێوه‌ی ناسراو ده‌گۆڕێت بۆ شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكتی مۆدێرنی ئیستاتیكیی.
جگە له پیكاسۆ، زۆر هونه‌رمه‌ندی دیكه له دوای ئه‌و توانیویانه كاری په‌یكه‌رسازیی بكه‌ن، وه‌ك فیگه‌ری ئه‌بستراكت به تایبه‌تییش (جیاكۆمیتی) كه كاره هونه‌رییه په‌یكه‌رسازییه‌كانی ده‌كه‌ونه خانه‌ی (ئه‌بستراكتی ده‌ربڕینخوازییه‌وه).
له‌ناو كۆمه‌ڵگەی خۆرهه‌ڵاتیی و كوردستاندا به‌تایبه‌تی رێژەیەکی زۆری ئه‌و جۆره په‌یكه‌رانه‌مان به‌رچاو ده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تی كاره هونه‌رییه‌كانی (خاتووزین) کە خانمێکی ده‌ستڕه‌نگینی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه و كاره‌كانی له ئه‌وجی ئه‌بستراكتدا ده‌بینرێن، ئه‌ویش به‌هۆی ساده‌كردنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی دروستی ده‌كردن. جگه له كاری هونه‌ریی هه‌ندێک بابه‌تی دیكەش هه‌ن وه‌ك فیگه‌ری په‌یكه‌ر ده‌كه‌ونه به‌رچاو بۆ نموونه(داهۆڵ) كه دروستكردنێكی ئه‌بستراكتییانه‌ی مرۆڤه بۆ سڵه‌مینه‌وه‌ی باڵنده له‌ناو كێڵگه‌ی كشتوكاڵیدا جووتیاره‌كان دروستی ده‌كه‌ن، بێگومان به‌بێ هیچ رێسایه‌كی هونه‌ریی و بنه‌مایەکی زانستی په‌یكه‌رسازیی دروست ده‌كرێن، به‌ڵام له رووی ئیستاتیكییه‌وه ئەرکێکی جوان بۆ خۆیان مه‌یسه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها داهۆڵی بزۆك كه بۆ مه‌راسیمی بووكه بەبارانه دروست ده‌كرێت و به نیازی باران بارین به كۆڵاناندا ده‌یگێڕن. زۆر بابه‌تی دیكه‌ی وه‌ها كه له‌ناو كۆمه‌ڵگە خۆرهه‌ڵاتییه‌كاندا ده‌چنه خانه‌ی په‌یكه‌ری مۆدێرنی ئه‌بستراكتییەوە.
له به‌ناوبانگترین هونه‌رمه‌ندانی ئه‌م بواره، جگه له پیكاسۆ و جیاكۆمیتی كە پێشتر لەبارەیەوە دووام، هونه‌رمه‌ندان(هنری مۆڕ، كۆستانتین براكۆشی، مارسیل دوشامپ، ئه‌نیش كابوڕ، ئه‌براهام لینكۆڵن و.. هتد)، كه سه‌رقافڵه‌ن له پێشخستنی هونه‌ری په‌یكه‌رسازیی مۆدێرندا.
ئیگۆر میتۆراج نموونه‌ی تێكشێنه‌ری فۆڕمی باو
ئیگۆر میتۆراج به یه‌كێك له هونه‌رمه‌نده به‌ناوبانگه‌كانی هونەری مۆدێرن هه‌ژمار ده‌كرێت، لە 26ی ئاداری 1944 لەدایکبووە و لە 6ی تشرینی یەکەمی 2014 کۆچی دوایی کردووە، پەیکەرەکانی لە پاریس، رۆما، میلانۆ، لۆزان، لەندەن، کراکۆڤ و وارشۆ دانراون.
ئیگۆر میتۆراج زۆربەی ژیانی لە خۆرئاوا بەسەربردووە، بە شێوەیەکی سەرەکی لە فەرەنسا و ئیتاڵیا ژیاوه. پەیکەرتاشی کۆڵۆمبیی فێرناندۆ بۆتێرۆ کە یەکێکە لە به‌ناوبانگترین هونەرمەندە هاوچەرخەکان لە جیهاندا، پێشنیازی بۆ كرد خانوویەك بکڕێت لە شاری پیتراسانتا کە شاری په‌یكه‌ره مەڕمەڕییه‌كانی ئیتاڵیا و شاری پەیکەرتاشەکانە، هونەرمەندانی گەورەی وەك مایكل ئەنجیلۆ لەوێ کاریانكردووه، هه‌ربۆیه میتۆراج ئەم ستۆدیۆ ئیتاڵییەی بە شوێنی تایبه‌تی خۆی لەسەر زەویی دەزانی، بەڵام زۆرتر لە پاریس ده‌ژیا و هەوڵیداوە لە مەکسیك نیشتەجێ بێت بۆ فێربوونی هونەری ئازتێکەکان. زۆر جاریش بۆ یۆنان گەشتی كردو‌وه و کارە هونەرییە کۆنەکانی كردو‌وه به هه‌وێنی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی خۆی.
له كۆمه‌ڵگەى رۆژهه‌ڵاتیى و كوردستان به‌تایبه‌تییدا رێژەیەکی زۆری ئه‌و جۆره په‌یكه‌رانه‌مان به‌رچاو ده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تى كاره هونه‌رییه‌كانى (خاتووزین) کە خانمێکی ده‌ست ره‌نگینى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه و كاره‌كانى له ئه‌وجى ئه‌بستراكتدا ده‌بینرێن
په‌یكه‌ره کۆنه‌كان سەرچاوەی سەرەکیی بوون بۆ ئیلهامبەخشین به‌م هونەرمەنده، پەیکەرەکانی ئاماژەیەکی راستەوخۆن بۆ ئەفسانە و مێژووی یۆنان و رۆما.
رەخنەگرانی هونەر ئاماژەیان پێکردووە، لە کاتێکدا هونەری مۆدێرن خەریک بوو شێوه كلاسیکییه‌كانمان له‌بیر بباته‌وه، به‌ڵام میتۆراج جوانیی و رێژە تەواوەكانی پەیکەرە کلاسیکییەکانی وەبیرهێناینەوە و به‌شێوەیەکی تازه و هاوچەرخ دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی له‌سه‌ر فۆڕمی نوێ هه‌ڵچنیووه‌ته‌وه، به جۆرێك به ئه‌نقه‌ست، درز و شكان و ناته‌واویی خستۆته سه‌ر فۆڕمه‌كان، ناتەواویی سروشتیی رواڵه‌تی مرۆڤ كه بە ئەنقەست زیانه‌كانی پیشانداوه و له رووی پەیکەرەکانیدا درز و ژه‌نگ و ته‌واو نه‌كردن، بەدی ده‌کرێت.
ئێستا شێوازه هونه‌رییه‌كه‌ی میتۆراج لەلایەن هه‌وادارانی هونەرەوە ده‌ناسرێته‌وه و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی زوو ده‌رده‌كه‌ون لە سەرانسەری جیهاندا، زۆرێك له لێوی پەیکەرەکانی میتۆراج لەشێوەی لێوی خۆیدایە، واتا له‌سه‌ر دیزاینی رووی خۆی دروستیکردوون، ئه‌مه‌ش لە تایبەتمەندییە دیاره‌كانی به‌رهه‌مه هونه‌ریه‌كانیدایه، وەك جۆرێك لە واژوویەکی ناڕەسمی ده‌یه‌وێت مۆركێكی میتۆراجییمان پیشان بدات.
ئیگۆر میتۆراج لە 26ی ئاداری 1944 لە شاری ئۆدێران لە چیای ئۆرێ لەدایکبووە كه ده‌كه‌وێته ئه‌ڵمانیا، نزیك سنووری پۆڵه‌ندا، کوڕی کرێکارێکی زه‌حمه‌تكێشی پۆڵەندیی بوو، پێشتر دیلی جەنگ بووه له فەرەنسا، کاتێك جەنگ تەواوبووە، لەگەڵ دایکیدا گەڕاوەتەوە بۆ لای باپیر و داپیری لە پۆڵەندا.
میتۆراج تەمەنی منداڵیی و گەنجیی لە شاری گرۆجێك له نزیك وارشۆ بەسەربردووە، دوای تەواوکردنی خوێندن لە خوێندنگه‌ی هونەر لە شاری بیلسکۆ - بیالا، لە ساڵی 1963 لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان لە شاری کراکۆڤ وەرگیراوە و لەوێ لەژێر رێنمایی تادێوس کانتۆردا نیگارکێشیی خوێندووە.
لە ساڵی 1968دا دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە، میتۆراج چووە پاریس بۆ خوێندن لە زانکۆی ئیکۆلی نیشتمانیی باڵا بۆ هونەره جوانه‌كان، لەوێ وەك نیگارکێش و گرافیکیست دەستیپێکردووە، لە ساڵی 1976 پیشانگەیەکی لە گەلەریی لا هون لە گەڕەکی لاتین كردووەته‌وه.
دواتر دەستیكرد بە پەیکەرسازیی، زۆری نەخایاند لەلایەن کوڕەزای سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنسا(میتران)ەوە، پێشنیازی ئامادەکردنی پیشانگەیەکی بۆ گەلەریی ئارتکیوریال لە پاریس بۆ کرا، بەمەبەستی ئامادەکردنی کارەکانی بۆ ئەم پیشانگەیە. میتۆراج ساڵێکی ته‌مه‌نی لە ناوەنده‌كانی بڕۆنزی و مەڕمەڕ لە شاری پیتراسانتای ئیتاڵیا بەسەربرد. هه‌ر لەوێ یەکەم کاری په‌یكه‌ری بڕۆنزیی دروستکرد، هەروەها یەکەم پەیکەری گه‌وره‌ی مۆنۆمێنتاڵی خۆی لە مەڕمەڕی سپی دروستکرد.
ئیگۆر میتۆراج کە لە تەمەنی 70 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، پەیکەرتاشێکی خه‌یاڵیی سوریالی بوو، ئاماژه کلاسیکییه‌كانی وه‌ك تایبه‌تمه‌ندیی هونه‌ریی خۆی دەهێشتەوە، بەتێکەڵکردنی توانای تەکنیکیی لەگەڵ جۆرێك له شكاندن و ئازار تا ستایڵێكی بۆ خۆی دیاریكرد و گه‌یاندییه شه‌پۆله‌كانی پۆست مۆدێرن، ئەناتۆمییە شکاوەکانی و سەرە زەبەلاحەکانی کە بەستراونەتەوە، نموونه‌ی ئه‌مجۆره كارانه‌ی بریتییه له په‌یكه‌ری تێستا ئەدۆرمێنتاتا (سەرێكی خه‌واڵوو، 1983، ئێستا لە کەناری وارف، لەندەن نمایشکراوە).
سەرەڕای ئەوەی میتۆراج بە قەبارەیەکی گەورە کار دەکات، بەڵام کارامەیییەکی له راده به‌ده‌ری هه‌یه بۆ ئه‌ناتۆمیی، هه‌میشه بەدوای پانتایی ئه‌ناتۆمی ئیستاتیكییدا ده‌گه‌ڕێت له فۆڕم، یان باشتر بڵێین بەشە ئەناتۆمییە گونجاوەکان، بۆئەوەی ده‌ربڕینه‌كانی خۆی له‌وێوه نیشان بدات، وەك خۆی دەڵێت: "هەست دەکەم پارچەیەك قۆڵ یان قاچێك زۆر بەهێزتر لە هەموو جەستە ده‌توانێت گوزارشت له ته‌واوی جه‌سته‌کە بكات". ئەمە له‌و كاتانه‌دا ده‌رده‌كه‌ون کاتێك لە فەزایەکی كراوه‌ی گه‌وره‌دا، به‌رهه‌مه گه‌وره پارچه‌كراوه‌كانی دانا کە بریتیبوون له بەشێك لە پەیکەرەکە، به‌ڵام گوزارشتیان له ته‌واوی جه‌سته‌كه ده‌كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی بینه‌ر تووشی دڵه‌ڕاوكێ بكات له دیارنه‌مانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی جه‌ستەکە.
لە ساڵانی نەوەدەکاندا، پێشكه‌وتنێكی باشی به‌خۆیه‌وه بینی، دەستیكرد به كاری زۆر و بەرهەمدار به هاوكاریی لەگەڵ کۆڕاتۆری سەربەخۆ جەیمس پوتنام. لە ساڵی 1994 نمایشی تسوکی-نۆ- هیکاری (تریفه‌ی مانگه‌شه‌و)ی برۆنزیی خۆی لە نمایشگەی مۆزەخانەی بەریتانیادا پیشاندا. میتۆراج لە کۆتایی ژیانیدا کاتەکانی لەنێوان ئیتاڵیا و پۆڵەندا دابەشکردبوو، چه‌نده‌ها خه‌ڵاتی وه‌رگرت، خەڵاتی ڤیتۆریۆ دی سیکا لە ساڵی 2001 تا بڕوانامەی فەخریی لە ئەکادیمیای کراکۆڤ لە ساڵی 2007 و خاچی فەرماندەی به‌ڕێوه‌بردنی پۆڵۆنیا رێستیوتا. دوایین کارەکانی میتۆراج جۆراوجۆر بوون، لەوانە دیزاینی سێت و جلوبەرگ لە ساڵی 2012 بۆ بەرهەمێکی (ئایدا) لە دۆحەی پایتەختی قەتەر نمایشكرا، هه‌روه‌ها پێشانگەی (شوێنەواری کات)، لە کۆنتینی ئارت له بەریتانیا لە لەندەن بەڕێوەچوو.
میتۆراج ده‌رباره‌ی جوانیی ده‌ڵێت: "بیرۆکەی جوانیی ناڕوونە، شمشێرێکی دوو سه‌ره‌یه، دەتوانێت بە ئاسانیی ئازارت بدات، دەبێتە هۆی ئازار و ئەشکەنجەدان، ئازارێك كه بته‌وێت شتێك بخوڵقێنی، هونەری من نموونەی ئەم دووبەرەکییەیه، ئاكامێكی سه‌رسامكه‌ر ده‌به‌خشم کە په‌یوه‌سته بە ناهاوسه‌نگییه‌كی جوانه‌وه".
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی سوودیان لێوه‌رگیراوه
1 - فن النحت الحدیث وكیف نتذوقه- د.محمد جلال- هلا للنشر والتوزیع السلسلة: مكتبة الفنون التشكیلیة - 2003.
2 - التكوین و عناصره التشكیلیة و الجمالیة - د.وسماء الاغا - سلسلة رسائل جامعیة - بغداد 2000.
3 - الجمالیة بین الذوق و الفكر- د.عقیل مهدي یوسف- مطبعة سلمی الفنیة الحدیثة- 1988.
4 - معنی الفن - هربرت رید - ترجمة: سامي خشبة- بغداد 1986.
5 - نظریات الفن - ان كوكولان - ترجمة: محمد حمود - طریق المعرفة - 2013.
6 - ماوراء الفن - د.احمد حمدي محمود - الهیئة المصریة العامة للكتاب - 1993.