ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا
رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.
كەموكوڕییەكانی گوندی چاڵاخ
دانیشتووانی گوندی چاڵاخ داوای خزمەتگوزاری دەکەن و بە کوردستانی نوێیان وت: چەندین ساڵە رێگەی سەرەكیی گوندەكەمان 300 مەتری قیرە، تەنیا 200 مەتری ماوە بەهۆی دوو سایدی رێگەی سلێمانی – دوكان چاکی ناکەن.
وتیشی: گوندەکەمان ئاوی زۆرە و داوا دەکەین ئەو جۆگەیەی بۆی دروستکراوە هەمووی کۆنکرێت بکرێت، بۆئەوەی ئاوەکەی نەیەتەوە ناو کۆڵانەکانی گوندەکە، هەروەها قوتابخانەكەمان پێویستی بە چاککردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاو، کارەبا، بۆیاخ کردن و چەند پێداویستییەکی خوێندنە.
دانیشتوانی گوند دەڵێن: کارەبای گوندەکەیان خراپە و داوا دەکەن عەمود و تەلی کارەباکەیان بۆ بگۆڕن لەگەڵ دابینکردنی محەویلەیەکی نوێ بۆیان.
گوندنشینانی چاڵاخ خزمەتگوزارییان دەوێت
گوندنشینانی چوارتاق داواکارییان هەیە
گوندی چوارتاق 400 ماڵی تێدایە، ژمارەی دانیشتووانەكەی 3500 كەسە، گوندنشینان گلەییان لە کەمیی خزمەتگوزاری هەیە.
جوانڕۆ بورهان دانیشتووی گوندی چوارتاق بۆ کوردستانی نوێ وتی: گوندەكەمان پرۆژەی ئاوی نییە، لەبەرئەوە گوندنشینان بە تانکەر ئاو دەکڕن، داوای هەڵکەندنی بیرێکی ئیرتیوازی دەکەین، تەواوی کۆڵانەکانمان گڵە و پێویستی بە کۆنکرێت کردنە.
وتیشی: قوتابخانەكەمان تا پۆلی شەشی سەرەتایی تێدایە و داوای زیادکردنی سێ پۆلی دیکە دەکەین، هێڵی کارەبای گوندەکەمان کۆنە و داوای دابینکردنی عەمود و محەویلە دەکەین لەگەڵ بلاجکتۆر بۆ روناککردنەوەی گوند، هەروەها داوای دروستکردنی ساحەیەکی تارتان دەکەین.
گوندی چوارتاق سەرجەم کۆڵانەکانی گڵە
گوندی قڕاڵی، بەرهەمی زۆر و خزمەتی کەم
گوندی قڕاڵی 50 ماڵی تێدایە، ژمارەی دانیشتووانەكەی 250 كەسە، گوندنشینان نیگەرانن لە كەمیی خزمەتگوزاریی گوندەكەیان.
تەحسین مەحمود گوندنشین بۆ کوردستانی نوێ وتی: سەرجەم گوندەکانی دەوروبەرمان کۆڵانەکانیان قیرتاو کراوە، بەڵام گوندەکەی ئێمە بەجێهێڵراوە و داوای قیرتاوکردنی کۆڵانەکانمان دەکەین، هەروەها گوندەکەمان ئاوەڕۆی نییە.
وتیشی: داوای هەڵکەندنی بیرێکی ئیرتیوازی دەکەین، لەبەرئەوەی ئاوی خواردنەوەمان زۆر کەمە و بۆری ئاوەکانیشمان بۆ بگۆڕن، گوندەکەمان قوتابخانە و بنکەی تەندروستی نییە، بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵ هاوكاریی جووتیاران ناكات، لە کاتێکدا ساڵانە زیاتر لە 10000 دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ دەچێنین.
ساڵانە گوندنشینان 10000 دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ دەچێنین
گوندی بێستان سووری گەورە، خزمەتگوزاریی کەمە
گوندی بێستان سووری گەورە 120 ماڵی تێدایە، ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە 850 كەسە و پێویستی بە خزمەتگوزارییە.
نەوشیروان ئەبوبەكر موختاری گوندی بێستان سووری گەورە بە کوردستانی نوێی وت: كۆڵانەكانی گوندەكەمان گڵە و پێویستی بە قیرتاوکردنە، قوتابخانەیەكی 18 پۆلیمان هەیە لە پشتی گوندەكەوە پێویستی بە چاککردنە هەروەها رێگەکەی گڵە، ئەوەش ئاستەنگی بۆ خوێندکاران دروست کردووە، چەندینجار داوای قیرتاوکردنمان کردووە بۆمان جێبەجێ نەکراوە.
وتیشی: بە تەواویی گوندەکەمان پەراوێزخراوە داواكارین باخچەیەكی ساوایانمان بۆ دروست بکرێت، بنكەی تەندروستیی گوندەكەمان کارمەندی تەندروستیی کەمە و بەهۆیەوە هەفتەی سێ رۆژ دەوام دەکەن و داوای زیادکردنیان دەکەین.
گوندی بێستان سووری گەورە
کەنەسوورە لە نێوان گەڕەك و گونددا
كەنەسوورە زیاتر لە 15000 کەسی تێدا نیشتەجێیە، لە ماستەرپلانی شارەوانیدا گوندە و بەهۆی زۆریی ژمارەی دانیشتووانەکەیەوە بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بكرێت بە یەكێك لە گەڕەكەكانی سلێمانی .
وێردی عەزیز دانیشتووی كەنەسوورە بە كوردستانی نوێی وت: شەقامی سەرەكیی كەنەسوورە تائێستا سێ جار چاککراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاتوچۆیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی لەسەرە، بەردەوام پێویستی بە چاککردنە و دانیشتووان داوا دەکەن ئەو شەقامە دوو سایدەی لە نەخشەی شارەوانیدا بۆ كەنەسوورە دیاریكراوە، بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەو کۆڵانانەی تائێستا گڵە قیرتاو بکرێت.
دانیشتووانی کەنەسوورە داوای دروستکردنی قوتابخانەیەکی 12 پۆلی دەکەن، نەخۆشخانەکەیان بۆ گەورە بکرێت، هەروەها هێڵی کارەبای نیشتمانییان بۆ چاک بکرێت و بلاجکتۆر لە کۆڵانەکاندا دابنرێت، میراوەکە بە رۆژ ئاوی خواردنەوەیان بۆ بکاتەوە و هێڵی ئاوەڕۆیان بۆ بکرێت.
داخوازییەکانی دانیشتووانی كەنەسوورە
داخوازیی گوندنشینانی قازان
گوندی قازان لەبەر كەمیی خزمەتگوزاری، ئێستا 32 ماڵی تێدانیشتەجێیە و دانیشتووانەكەی زیاتر لە 120 كەسە.
بەهمەن جەعفەر سەبارەت بە گرفتەکانی گوندی قازان بە كوردستانی نوێی وت: شەقامی سەرەكیی گوندەكەمان ئەگەرچی قیرتاوە، بەڵام قیرەکەی تێکچووە و پێویستی بە چاککردنە، ساڵی رابردوو بەشێکی پردی تەڕەماری كۆن لافاو بردی و تائێستا بە تەواوی چاکنەکراوە.
وتیشی: بەشێک لە کۆڵانەکانی گوند پێویستی بە قیرتاوکردنە، قوتابخانەکەمان بەشێکی درزی بردووە، مەترسی رووخانی لەسەرە، بۆیە چۆڵکراوە و خوێندکاران لە کابینەدا دەخوێنن، داوای چاککردنی لە لایەنی بەرپرس دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەی ئاوی خواردنەوەمان حەوزەکەی بچووکە، لەبەرئەوە بەباشی ئاو ناگات بە هەموو ماڵەکان، داوای هەڵکەندنی بیرێکی ئیرتیوازی دەکەین، هەروەها کارەبای نیشتمانیمان زۆر خراپە و داوای چاککردنی لە لایەنی بەرپرس دەکەین.
گوندنشینانی قازان داوای خزمەتگوزاری دەکەن