رۆژی 22/1/2025 یادی 99 ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی ژیانە لە سلێمانی، كە پیرەمێردی شاعیر، سەرنووسەر و خاوەنی بوو، ئەم رۆژنامەیە تا ساڵی 1963 توانرا هەزار و 714 ژمارەی لێدەربچێت.
بەپێـــی لێكۆڵینــــەوەكـــانـــــی مامۆستایان رەفیق ساڵح و سدیق ساڵح، لە سەرەتادا رۆژنامەی ژیان بەناوی رۆژنامەی «ژیانەوەوە» دەرچــووە، بـــەڵام دواتــــــر لەبەر بارودۆخی سیاسیی ئەو وەختە و دوای بڵاوكردنەوەی (56) ژمارە، لە ساڵی1926 دا شارەوانی سلێمانی ناوی رۆژنامەكەی گۆڕی بۆ(ژیان) و لە ساڵی 1932دا پیرەمێرد راستەوخۆ كرا بە سەرۆكی بەڕێوەبردنی رۆژنامەی ژیان و توانی شێواز و بابەتەكانی ناو رۆژنامەكە بگۆڕێت.
لە ساڵی1934دا رۆژنامەی ژیان وەكو رۆژنامەیەكی ئەهلی سەربەخۆ لە بواری رۆژنامەگەری كوردیدا تۆمار دەكرێت و دواتر لە ساڵی 1939دا پیرەمێرد ئیمتیازی رۆژنامەیەكی نوێ بەناوی(ژین)ەوە وەردەگرێت، كە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لەلایەن پیرەمێرد و دواتر لەلایەن (گۆران) و كەسانی دیكەوە دەردەچێت.
تایبەتمەندییەكانی رۆژنامەی ژیان
بەپێی بۆچوونەكانی شارەزایانی بواری میدیا، رۆژنامەی ژیان خاوەنی هەندێك تایبەتمەندیی خۆی بووە و بە زمانێكی ئەدەبی باسی لە كۆی كێشە و بابەتەكانی ئەو سەردەمەی كردووە. هەروەها زۆرجار بابەتەكانی بە شێوازی هێما نووسراوە، بەڵام رۆژنامەكە وێڕای رۆڵە مێژووییەكەی، دەكرێت وەكو خوێندنگەیەك بۆ رۆژنامەنووسی ئەمڕۆمان هەژمار بكرێت.
ئا: نەرمین عوسمان محەمەد