راپۆرتی/ ئارۆ سامان
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، ئەمساڵ رووبەری 5616 دۆنم زەوی لە سنووری گەرمیان و خانەقین کراوە بە مەرەزە، بڕی بەرهەمی خەمڵێنراویش نزیكەی 4000 تۆنە
بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بۆ ساڵی 2024 زۆرترین بڕی بەرهەمی برنج لەسەر ئاستی گەرمیان لە سنووری خانەقین و دەوروبەری بەرهەم هێنراوە، ئەمە لە كاتێكدایە باشترین جۆری برنج کە عەنبەرە، لە سنووری ناحیەی قۆرەتوو بۆ یەكەمجار چێندراوە، جووتیارانی سنوورەكە داوای پشتیوانی لە لایەنی بەرپرس دەکەن، بۆئەوەی رێژەی چاندنی مەرەزە زیاتر بکەن.
عەبدوڵڵا محەمەد جووتیارێكی ناحیەی قۆرەتوو – خانەقینە، هەموو ساڵێك برنج دەچێنێت، تایبەت بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئەمساڵ برنجی ناوچەكە و چەند شوێنێكی دیکەی گەرمیان تووشی نەخۆشی بوون، کەم ئاوی و جۆری برنجەكە هۆکارن.
وتیشی: ئەگەر لایەنی بەرپرس هاوکاری جووتیاران بکات، دەتوانین بڕی بەرهەم زیاتر بکەین.
بڕی بەرهەم
رەحمان ئەحمەد جووتیارێكی ناحیەی كۆكسە، بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئەو برنجەی لە سنووری گەرمیان و خانەقین بەرهەم دەهێنرێت هەرچەند بەشی پێویستیی ناوچەكە ناكات، بەڵام ساڵانە رێژەكە بەرزدەبێتەوە و جووتیاری زیاتر برنج دەچێنێت، لەبەرئەوەی داواکاری زۆری لەسەرە.
وتیشی: ئەگەر حكومەت بە شێوەیەكی زانستی لەگەڵمان بێت، بۆ باشیی جۆرەكەی و چۆنیەتی پاراستن و هەوڵدان بۆئەوەی تووشی نەخۆشی نەبێت یان رێكخستنی چۆنیەتی ئاودانی، بە دڵنیاییەوە بڕی بەرهەمەكە زیاد دەكات و جۆرەكەشی باشتر دەبێت.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان، ئەمساڵ رووبەری 5616 دۆنم زەوی لە سنووری گەرمیان و خانەقین کراوە بە مەرەزە، كە زۆرترینی لە كۆكس و خانەقین و قۆرەتوو بووە، بڕی بەرهەمی خەمڵێنراویش نزیكەی 4000 تۆنە.
جۆرەکانی برنجی بەرهەمهێنراو
ئیسماعیل محەمەد ئەندازیاری كشتوكاڵی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەرهەمی ئەمساڵی برنج لە سنووری گەرمیان زیاتر بووە لەوەی پێشبینیمان دەکرد، بە شێوەیەک لە خانەقین 403,500 تۆن بەرهەم هێنراوە، لە ناحیەی قۆرەتوو1905 تۆن و لە ناحیەی مەیدانیش 280 تۆن برنج بەرهەمهێنراوە.
وتیشی: بەرهەمی برنجی ئەمساڵی سنوورەکە، لە جۆرەکانی نەگازەی كوردی و بەرازیلی بووە، خۆشبەختانە بۆ یەكەمجار لە سنووری گوندی گاكوڵ سەر بە خانەقین جۆری عەنبەر بەرهەمهێنراوە کە باشترین جۆرە، بۆن و تامێكی خۆشی هەیە و کەمتریش تووشی نەخۆشی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر نەخۆشی نەبوایە بڕی بەرهەم لە سنوورەکە زۆر زیاتر دەبوو لەوەی كە هەیە.
كشتوكاڵی گەرمیان لە پلانیدایە، بە پێدانی زانیاری هاوکاری جووتیارانی ناچەکە بێت.
ئیسماعیل محەمەد بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاریی لە کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت: بۆ ساڵی داهاتوو رێنمایی و زانیاری زیاتر دەدەینە جووتیاران و هەوڵدەدەین لە چەند روویەوە هاوکاریان بین.
وتیشی: برنجی دەڤەری گەرمیان تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە بە بازاڕكردنیشدا كێشەیەكی ئەوتۆی نییە، لەبەرئەوەی خواستی زۆری لەسەرە.