د. پشدەر عەبدوڵڵا پزیشكی نەخۆشییەكانی منداڵان لەم گفتوگۆیەدا بۆ رۆژنامەی كوردستانی نوێ دەڵێت: «لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە دەیان هەزار منداڵی نەخۆشم چارەسەركردووە، وتیشی: «ئەو رێنماییانەی دەیدەمە منداڵانی چارەخواز بۆ پلەو پایە و پۆست و ناوبانگ و پارەپەیداكردن نییە و نایكەمە منەت بەسەر كەسەوە تەنیا بۆ دڵخۆشیی خۆمە».
* زۆرترین نەخۆشیی منداڵان لەم وەرزەدا چییە؟
-لەگەڵ ساردبوونی کەشوهەوا و هاتنی وەرزی سەرمادا، بەرگریی كۆئەندامی هەناسەدان لە هەوای وشك و ساردا دادەبەزێت، بۆیە پەتا وەرزییەكان بەتایبەتی ئەو پەتایانەی تووشی كۆئەندامی هەناسەدان دەبنەوە، زۆرترین ئەو نەخۆشییانەن کە منداڵان تووشی دەبن، وەك كۆكەی وشك و هەڵامەت و لەرز و تا و قوڕگ وشبوونەوە. هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنرێتەوە كە لە خوێندنگەكاندا بەریەككەوتنی منداڵان زیاترە و جیاوازە لە وەرزەكانی دیكە.
* پێویستە دایكان و باوكان چۆن منداڵەكانیان لە پەتای وەرزیی بپارێزن؟
-من تەنها رێنمایی ئەو دایك و باوكانە دەكەم كە منداڵاكانیان نەخۆشیی درێژخایەنیان لە كۆئەندامەکانی هەناسەدان، دەمار، مێشك، جگەر و سییەكانیاندا هەیە، پێویستە لە سەرەتای وەرزی پایزدا كوتانی وەرزی بۆ منداڵەكانیان بکەن، بەڵام بۆ منداڵانی ئاسایی ئەوە باس دەكەم و بە دایكان و باوكان دەڵێم: «پێویستە منداڵانی دیكەی ئاسایی كە تەمەنیان لە یەك ساڵ بەرەو سەرەوەیە ئاساییە و بگرە زۆر گرنگیشە پەتای وەرزی بگرن، تا بەرگریی لەشیان زیاتربێت بەرامبەر نەخۆشییە كوشندەكان.
* چۆن لەرێگەی تەلەفۆنەوە رێنمایی تەندروستیی دەدەن بە منداڵان؟
-دایك و باوكان تەلەفۆن دەكەن بۆ رێنمایی تەندروستی لەكاتی نەخۆشكەوتنی منداڵەكانیاندا، بەشێكیان ئەو منداڵانەن کە پێشتر سەردانمان دەکەن و حاڵەتەكانیان دەبینین کە پێویستیان بە هاوكاری و دڵنیایی زیاترە، هەروەها كۆمەڵێك منداڵیش هەن حاڵەتی لەناكاویان بۆ دروست دەبێت لەلایەن كەسوكاریانەوە تەلەفۆنم بۆ دەكرێت، منیش رێنماییان پێ دەدەم.
* تائێستا چەند دایك و باوك بۆ چارەسەری منداڵەكانیان تەلەفۆنیان بۆ كردوویت؟
-رێنمای تەندروستیم داوە بە دەیان هەزار منداڵ و سەدان هەزار تەلەفۆنم بۆكراوە، هەموو رۆژێك لە هەشتی بەیانییەوە تا 12ی شەو مۆبایلەكەم كراوەیە و بەردەوام تەلەفۆنم بۆ دەكرێت و دایك و باوك هەبووە لە گوندەكانی سەر سنوورەوە تەلەفۆنیان بۆ كردووم بۆ چارەسەری منداڵەكانیان رێنماییان وەرگرتووە و پێموتوون حاڵەتی منداڵەكەیان باش نییە دەبێت سەردانی پزیشكی تایبەت بكەن و بۆ رۆژی دواتر پێیان راگەیاندووم كە منداڵەكەیان بردووەتە نەخۆشخانە و لەمردن گەڕاوەتەوە. ئەم كارەشم زۆر دڵخۆشی كردووم لەپێناوی ناوبانگ و دەستکەوتی ماددی ناكەم، بەڵکو ئەوەم لە پەروەردەی دایك و باوكمەوە بۆ ماوەتەوە و هاوسەرەكەشم زۆر هاوكاریم دەكات.
* دایكان و باوكان بۆ چ حاڵەتێكی تەندروستیی منداڵەكانیان تەلەفۆنت بۆ دەكەن؟
-بۆ هەموو حاڵەتەكانی نەخۆشی منداڵان تەلەفۆنم بۆ دەكرێت، قورس بێت یان سووک، هەركات منداڵەكەیان نەخۆش بێت، پرسیار دەكەن و دەیانەوێت رێنمایی وەربگرن. دایك و باوك هەبووە وتوویانە منداڵەكەم زۆر بێدەنگە، دەبێت نەخۆشییەكەی چی بێت؟ كاتێك داواملێكردوون وێنە و ڤیدیۆی منداڵەكەیانم بۆ بنێرن، پێموتوون بەهۆی مەترسیی حاڵەتەكەوە منداڵەكەیان ببەنە نەخۆشخانە، منداڵیش هەبووە پەتایەكی وەرزیی هەبووە، رێنمایم كردوون هەر لە ماڵەوە چارەسەریان وەرگرتووە.
* باس لەوە دەكرێت پێویستە نەخۆش سەردانی پزیشك بكات، ئەوكات چارەسەر وەربگرێت؟
-ئەوەی دەوترێت زۆر راستە، من لە زۆربەی تەلەفۆنەكاندا بە دایكان و باوكان دەڵێم: سەردانی پزیشكی تایبەتی بكەن و بچنە نەخۆشخانە و پشكنین بكەن، زۆربەی جار وێنەی پشكنینەكانم بۆ دەنێرن، بەڵام هەندێك جاریش حاڵەتەكە زۆر ئاسانە، پێیان دەڵێم منداڵەكە دەتوانێت لەماڵەوە چارەسەر وەربگرێت، هەروەك چۆن لە راگەیاندنەكانەوە بەدایكان و باوكان دەڵێم: منداڵەكانیان ئەم حاڵەتانەیان هەبووە، پێویست ناكات پشكنینی بۆ بكەن و سەردانی پزیشك بكەن، بەڵكو دەتوانن لەماڵەوە چارەسەریان بۆ بكەن.
*ئەو نەخۆشییانەی لەناو منداڵاندا لە زیادبووندان كامانەن؟
-نەشتەرگەیی لەدایك بوون لە ژناندا، بەكارهێنانی شیری قوتو، دەرمانی دژە بەكتریا و پیسبوونی ژینگە هۆكارن بۆ نەخۆشییەكانی رەبو و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرەس و نەخۆشییەكانی دڵ و شێرپەنجە و ئۆتیزم و بەردەوامیش لە زیادبووندان.
* پێویستە چی بكرێت بۆ باشتركردنی كەرتی تەندروستی؟
-بەداخەوە دەزگاكانی راگەیاندن هێندەی بەخراپی نەخۆشییەكان و حاڵەتەكانی نەخۆشی بڵاودەكەنەوە، بەڵام وەک پێویست رێنماییە تەندروستییەکان بڵاوناكەنەوە، پێویستە خەڵك هۆشیار بكەنەوە رێنمایی خۆپارێزی بڵاوبكەنەوە و حكومەت و سەندیكاكان هاوكاربن كە هێندە گرنگی بە چارەسەر دەدرێت هێندەش گرنگی بە خۆپارێزی بدەن.