شەهید قادر شیوعی

12:11 - 2025-01-27
کوردستان
233 جار خوێندراوەتەوە

 حەیدەر مەنتك

هەرێمی هەشتی هەولێر دەیان فەرماندە و كوڕی ئازای لە ئامێزگرت و شێر ئاسا پەروەردەی كردن، ئەوانەی لە دەوروبەری ساڵی 1980 دەبوونە پێشمەر لە هەرێمەكان، دەزانن خەباتی ئەوكاتە ئاسان نەبوو.
ئەو سەردەمە خەباتی سەختی پارتیزانی بوو، شەوانیش تەنیا ئەو ماڵانەی گوندەكان دەبوونە لانەو مەكۆی حەوانەوەی پێشمەرگە كە سەربە رێكخستنەكان بوون، یان كەسوكاری پێشمەرگە بوون، چونكە رژێمی بەعس تۆڕی سیخوڕی و كەسانی ناپاكی زۆر چاندبوو، تا كەمترین هەواڵ و دەنگوباسی پێشمەرگەیان پێبگەیەنێت.
دوژمن هەموو رێگەیەكی تاقی دەكردەوە بۆ شكستی شۆڕش و لەناوبردنی ئەو مەفرەزە پێشمەرگانە.
شەهید قادر شیوعی رێك لەوكاتانەدا بوو كە رویكردە شاخ و بووە پێشمەرگە، كوڕێكی گەنجێكی باریك و قۆز و دەم بەخەندە، سەرەتا كە روودەكاتە شاخ، دەگاتە مەفرەزەیەكی حزبی شیوعی و ماوەی دوومانگ لای ئەوان دەبێتە پێشمەرگە، دواتر سەنگەری خەبات دەگوازێتەوە بۆ ناو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لە هەرێمی هەشتی ئەوكاتە چەكی شەرەف دەكاتە شانی شانی.
پێشمەرگەیەكی بوێر و شارەزا بوو لە چالاكی و تەمبێكردنی دەستوپێوەندەكانی رژێم.  
كادرێكی ئەو كاتەی هەرێمەكە بۆیگێڕامەوە و وتی: شەهید قادر بە توانا و ئیرادەی بەرز و ئازایەتی و جوامێری خۆی، ببوە ناوێكی دیار، بەردەوام لە سنووری قەرەچوغ و دەڤەری كەندێناوە جەولەی دەكرد و چالاكی دەنواند، زۆربەی چالاكیەكانیش ئەوەبوو تا چەكی جوان و باشی بۆ شۆڕش دەستبكەوێت و ئەوانەش كە سیخوڕیی دەكەن، بە سزای گەلیان بگەیەنێت.
بۆ ئازایەتی و چاونەترسی پێشبركێی دەكرد، هەربۆیە ساڵێك لەتەمەنی پێشمەرگایەتی تێپەڕی، كرا بە فەرماندەی مەفرەزە، پلە وەرگرتنی ئەوكاتەش لەسەر ئازایەتی و بەجێگەیاندنی چالاكی مەیدانی و دەستەویەخەی شاربوو، لە رووی دڵسۆزی و دەستپاكی و رەوەشتبەرزییەوە دیار و بەرچاوبوو.
بەداخەوە، رۆژی 11/11/1983 شەهیدكرا.

ژیاننامەكەی
شەهیدی نەمر قادر عەزیز باپیر وسوو ناسراو بە قادر شیوعی، لەدایكبووی ساڵی 1962ی گوندی خورمەڵەی ناحیەی دیبەگەی قەزای مەخمور.
بەهاری ساڵی 1980 بووە بە پێشمەرگە لە ریزی حزبی شیوعیدا و دوای دوومانگ چۆتە هەرێمی هەشتی هێزی پێشمەرگەی ی.ن.ك.
دوای هەرێمی هەشت لە قوەتی دەشتی هەولێر درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە، وەك بیروباوەڕیی سیاسیش ئەندام و هەڤاڵێكی دڵسۆزی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بوو.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی زۆربەی داستان و نەبەردییەكانی سنووری هەولێری كردووە و بەشداریی شەڕی هێزی پشتیوانیی خۆرهەڵاتی كوردستانی كردووە.
 جگە لەخۆی برایەكی تری شەهیدە بەناوی  (خدر)
بەداخەوە، رۆژی 11/11/1983 لە گوندی مەلاك ئاغای سنووری دیبەگە، شەهیدكرا، برایەكیشی بەناوی خدر شەهیدە.

#سەروەران

بابەتە پەیوەندیدارەکان