نەوزاد عەلی ئەحمەد
دڵنیانیم بۆ کوێ دەڕوا!
بەڵام دەزانم لە من وریاترە،
دووریش بڕوا هەر دێتەوە.
ئێسقانێک لەو ناوە فڕێدەدەم
چاوێک دادەگرێ،
گۆشتەکە بۆ من دێنێ و
ئێسقانەکەش بۆ گوجیلەکانی
دەستێک لەپشتم دەدا و
نایەوێت بەتەنیا جێمبێلێ.
چاو لە فرمێسەکەکانم دەکا و
ئاشتم دەکاتەوە لەگەڵ وەفا
ئۆقرەم لێبڕاوە،
رازێکم هەڵگرتووە لە رووخان تەنگتر،
ئەو دەمێکە ژیان دەناسێ
دەلورێنێ و بە عەقڵم پێدەکەنێ
ئیستێک دەکا و
چاوەڕێیە لافاو بنیشێتەوە،
ناوە، ناوەش..
سەردەخاتە سەر سنگم و
باسی ئایندەم بۆ دەکا
نایەوێ رایەڵەی دڵم بسووتێ
دەستم دەگرێ و
لە دارستانێکی ئەوبەر،
باسی مەیمونم بۆ دەکا.
لەباوەشی دەگرم و
پێی دەڵێم؛
دەمەوێ وەک تۆ بژیم.