رانانی کتێبی:

سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی و پرسی کوردبوون

10:03 - 2025-01-29
کەلتور
97 جار خوێندراوەتەوە

 محەمەد حەمەساڵح تۆفیق



(1 - 2)
ئەم کتێبە، لێکۆڵینەوەیەکی بایەخدار و فرە رەهەندە لەبارەی سەڵاحەدینی ئەیوبی و ئەو دەوڵەتە بەناو کوردییەی، کە لە سەدەی دوانزەدا لە میسر و شام دایمەزراندووە و کەمتر لە سەدەیەک دەوامی کردووە. سەڵاحەدین، کە لە بنەماڵەیەکی کورد بووە و سەرکردەیەکی سەربازیی ئازا و ناودار بووە، لە مێژووی ئیسلامدا بەوە ناوی دەرکردووە، کە لەسەر دەستی ئەودا خاچدارە کریستییانەکانی ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست شکستیان خواردووە و لە قودسی سێهەم شوێنی پیرۆزی موسڵمانانی وەدەرناون، تا ئێستاش مشتومڕی ئەوەی لەسەرە کە ئاخۆ ئەم کاراکتەرە تا چەند خزمەتی بە کورد و مێژووەکەی کردووە.

 سەڵاحەدین دەبێتە وەزیر
د. مەجید ساڵح، نووسەری ئەم کتێبە، لە دووتوێی زیاد لە 300 لاپەڕەدا و بە پشتبەستن بە زیاد لە هەمان ژمارە سەرچاوەی جۆراوجۆر، لەم کاراکتەرە مێژووییە دواوە و سەرەتا لە ریشەی بنەماڵەکەیەوە دەستی پێکردووە، کە چۆن باوکی لە شاری دوینەوە (ئەرمینیا - ئازەربایجان) هاتووەتە بەغدای پایتەخی ئیمپراتۆریای عەباسی و بە کاریگەریی دۆستێکی دەستڕۆیشتووی دەرباری خەلیفە، قەڵای تکریتی پێسپێردراوە و لەوێ سەڵاحەدین لەدایکبووە، پاشان بە ماڵەوە دەچنە خزمەتی حوکمداریی عیمادەدین زەنگیی ئەتابەگی مووسڵ، لەوێشەوە بۆ شام و لە دەرباری نورەدین زەنگیی حوکمڕانی حەڵەب و دیمەشقدا لەگەڵ نەجمەدین ئەیوبی باوکی و ئەسەدەدین شێرکۆی مامیدا، پێگەی بەرزی دەسەڵاتییان پێ دەسپێردرێت، شێرکۆ وەک فەرماندەی لەشکر و سەڵاحەدینیش وەک فەرماندەی پۆلیس، پاشان لە دەرفەتێکی زێڕیندا بە فەرماندەیی مامی دەچنە هانای خەلیفەی دەوڵەتی فاتمییەوە لە میسر، کە لە ئەنجامی دووبەرەکیی دوو وەزیرەکەیەوە دۆخی دەوڵەتەکە دەشێوێت و دەسەڵاتی خەلیفەی فاتمیی لاواز دەبێت، لەوێ شێرکۆی مامی دەبێتە وەزیر و ماوەیەکی زۆری پێناچێت کۆچی دوایی دەکات، سەڵاحەدین لە جێگەی دەبێتە وەزیر.

میر و فەرماندە کوردەکان
 دواجار سەڵاحەدین بە حیکمەت و لێهاتوویی خۆی، کۆڵەکەی حوکم بەهێز دەکات و کۆنترۆڵی پیلانگێڕەکانی کۆشکی خەلیفە دەکات و لە پاش مەرگی خەلیفەی فاتمی بە هاوکاریی میر و فەرماندە کوردەکانی لە دیمەشقەوە لەگەڵ سوپاکەیاندا هاتبوون، بە تەواوی جڵەوی دەسەڵات دەگرێتە دەست و دەکەوێتە ئەنجامدانی چاکسازی و لابردنی ئەو باجە قورسانەی کە باری شانی خەڵکی میسریان قورس کردبوو لە سەردەمی حوکمی خەلیفەی فاتمیدا و دەست دەداتە ئاوەدانکرنەوەی وڵات، شانبەشانی ئەوەش وردە وردە تەنگ بە مەزهەبی فەرمیی شیعەی ئیسماعیلی هەڵدەچنێت و لە شوێنیدا مەزهەبی سوننەی شافیعی دەسەپێنێت، بەمە دڵی خەلیفەی عەباسی و نوورەدین زەنگیی، حاکمی شام لە خۆی رازی دەکات و ناوهێنانیان لە نوێژی هەینیدا دەکات بە یاسا. لەپاڵ ئەم سیاسەتەشدا تا دێت سوپاکەی بەهێزتر دەکات لە رێگەی دەسەڵاتدان بە میر و فەرماندە کوردەکانی خزمی خۆی و پێدانی مڵکایەتیی زەویوزار پێیان پاش ئەوەی لە دەست فیوداڵ و هاوکارانی حوکمی فاتمیی سەندەوە و لە سەرێکی تریشەوە سەربەخۆیی تەواوی خۆی لە حوکمی زەنگیی شام راگەیاند و چیتر وەک وەکیلی ئەو لە قاهیرە حوکمی بەڕێوە نەدەبرد. ئەوجا پاش ئەوەی نورەدین زەنگیی کۆچی دوایی کرد و کوڕێکی منداڵی بوو بە جێگری، ئەم بە زنجیرەیەک لەشکرکێشی تەواوی قەڵا و شارەکانی وڵاتی شام و بەشی باشووری کوردستانیش کە بە هەرێمی جەزیرە دەناسرا، لەگەڵ یەمەن و حیجازدا خستنیە ژیر رکێفی حوکمی خۆی و بنەماڵەکەی، لەگەڵ میسردا کردی بە یەک دەوڵەت و دیمەشقی کردە پایتەخت، بە ناویش لە ژێر رکێفی خەلیفەی عەباسیدا بوو، کە لە نوێژی هەینیدا لە مزگەوتەکاندا ناوی دەبرا و بڕێکی کەمیش دیاریی بۆ دەنارد. 

شەڕ لەگەڵ خاچدارەکان
لێرە بەدواوە سەڵاحەدین خۆی تەرخان کرد بۆ شەڕی کریستییانە توندڕەوەکانی ئەهلی خاچ، کە پێشتر بە ژمارەیەک لەشکرکێشیی یەک لە دوای یەک هاتبوون و تەواوی شارەکانی شام و کەنار دەریای سپیی ناوەڕاستیان داگیر کردبوو، لەگەڵ تەواوی فەلەستیندا و مەملەکەتێکییان لە قودسدا دامەزراندبوو، پەلیان بۆ میسر و شارەکانی تری ناوەوەی شام دەکوتا و دەسەڵاتی تەواوی خۆیان لە ناوچەکەدا چەسپاندبوو، پەیتاپەیتاش هێزیان بۆ دەهات لە پاپای کەنیسە و پاشاکانی وڵاتانی ئەوروپاوە و بووبوونە مەترسییەکی جیددی لەسەر جیهانی ئیسلامی. دەوڵەتی خیلافەتی عەباسییش کە بە ناو پارێزەری ئیسلام بوو، تەواو لاواز بووبوو و هەرێمەکانی هەموو بووبوون بە میرنشین و نیمچە دەوڵەتی لاواز و دەستەوسان بوون لە بەرانبەر لەشکرکێشیی خاچداراندا، بەڵام سەڵاحەدین پاش ئەوەی میسر و شام و یەمەن و حیجاز و هەرێمەکانی تری کردە یەک لە ژێر ئاڵای دەوڵەتی ئەیوبیدا، تەواوی توانای سەربازی و سەرچاوەکانی ئەو دەوڵەتەی خستە خزمەتی کۆششی جەنگەوە دژ بە لەشکر و سوپای خاچداران و زۆربەی شەڕ و نەبەردییەکان خۆی فەرماندەیی دەکرد و جاڕی جیهادی بۆ دا و لەشکرەکەی بە زۆری لە فەرماندە و جەنگاوەرە کوردە ئازاکان پێکهێنابوو، لە پاڵ جەنگاوەرانی خەڵکانی تری ژێر رکێفی ئەو دەوڵەتەدا و زیاد لە بیست ساڵ بەردەوام کۆڵی لە جەنگ نەدەدا بۆ شکستپێهێنانی خاچداران و دەرکردنیان لە وڵاتی ئیسلام. بۆ ئەو مەبەستەش بێجگە لە جاڕدانی جیهاد تەواوی سەرچاوە و تواناکانی دەوڵەتەکەی بۆ تەرخانکرد.
سەڵاحەدین زۆر رێزی لێنا
 بەرچاوترینی ئەو نەبەردییانە شەڕی حەتین بوو لە ساڵی 1187دا، کە پاش کوشتارێکی زۆر لە هەردوولا سەڵاحەدین و سوپاکەی شکستیان بە لەشکری بەهێزی خاچپەرستان هێنا و ئەوی نەکوژرا بە دیلیان گرت، بە پاشای مەملەکەتی ئۆرشەلیم یان قودس خۆیەوە، کە سەڵاحەدین زۆر رێزی لێنا و نەیکوشت و بە دیلی مایەوە تا سوپاکەی کۆنترۆڵی شاری قودسیان و کریستییانە مەدەنییەکان لە بەرانبەر فیدیەیەکی کەمدا بەخشی و ئەوی هەژار بوو بێ بەرانبەر رێگەی دان بڕۆن و پێش ئەوەش هەموو شارەکانی کەنار دەریای پاککردەوە و لە شاری سور گەڕا و دەستی بۆ نەبرد و دواجاریش پاشای مەملەکەتی ئۆرشەلیم -  قودسی ئازاد کرد.
ئەم سەرکەوتنەی سەڵاحەدین و مامەڵەی نەرم و دادپەروەرانەی لەگەڵ خاچدارە بەزیوەکاندا، لە تەواوی جیهانی ئیسلامی و مەسیحیی رۆژئاوادا دەنگی دایەوە و تا ئەم چەرخ و سەردەمەش هەر باس دەکرێت و بووەتە مایەی مشتومڕی نووسەران و مێژوونووسان و بە سەرسامییەوە هەڵیدەسەنگێنن. بێگومان زیاتر لەو سۆنگەیەشەوە کە پێشتر مەسیحییە خاچپەرستەکان لە قودس و ئەو شار و ناچانەی تردا، کە گرتبوویان زۆر دڕندانە موسڵمانەکانیان کوشتبوو، دەستیان لە ژن و منداڵیش نەپاراستبوو، تەنانەت جووەکانی قودسیشیان هەموو سووتاندبوو، بەو پاساوەی کە داڵدەی موسڵمانەکانیان داوە، کەچی سەڵاحەدین بە نەرمی و بەزەییەوە مامەڵەی لەگەڵ کردبوون. هەر لەبەر ئەوەشە وەک سەرکردەیەکی شکۆدار لە ئەدەبیات و حیکاتەتی میللی و مێژوونووسانی  رۆژئاوادا رەنگیداوەتەوە و بە سوارچاکی رەسەن و «جێنتڵمان» ناوی دەبەن و نووسەری کتێبەکە چەندین نموونەی جوانی لەو ئەدەبیاتە باس کردووە. 

 

 لەبەرەنجامدا نووسەر لە فەسڵی (سەڵاحەدین لە دادگای مێژوودا) جەخت لەسەر ئەوە دەکات، کە دەوڵەتەکەی سەڵاحەدین دەوڵەتێکی کوردی نەبووە، هەرچەندە میر و فەرماندەکانی سوپا و جەنگاوەرانی ئەو دەوڵەتە بەشێکی زۆری کورد بوون

ناسیونالیزم
نووسەر چەند فەسڵێکی کتێبەکەی تەرخان کردووە بۆ مەسەلەکانی ناسیۆنالیزم و سەرهەڵدانی و قوتابخانەکانی بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی سەڵاحەدین لە مێژوودا لە لایەن ناسیۆنالیستانی عەرەب و کوردەوە و دید و تێڕوانینی هەر یەک لەو دوو لایەنە، کە لای عەرەب بەشێکی بەرچاویان وەک سەرکردەیەکی ئیسلامی باسی دەکەن، کە بۆ سەرخستنی ئیسلام کاری کردووە و هەندێ لە مێژوونووس و بیرمەندانیان بە نەرێنی باسی دەکەن وەک کەسێکی دەسەڵاتخواز و هیچیتر. ناسیۆنالیستانی عەرەبیش بەشێکیان دەخوازن سیفەتی کوردبوونی لێ داماڵن و وەک قارەمانێکی سەرکەوتووی عەرەب لە قەڵەمی بدەن و بیکەنە ئیلهامبەخشی گیانی عەرەبایەتییەکی شۆڤێنیست لە بەرانبەر شکستی ئەم چەرخە نوێیەیان و بیکەن بە هێما و سیمبۆڵی سەرکەوتنی وەهمیی سەرکردە ناسیۆنالیستە شکستخواردووەکانی ئەم سەردەمە نوێیەیان. لە لای کوردیش بە هەمان شێوە کەوتووەتەوە و رابەرەکانی نەوەی یەکەم و دووەمی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سەرەتای سەدەی نۆزدە بەملاوە، ویستوویانە سەڵاحەدین بکەن بە رەمزی هەڵسانەوە و خۆ رزگارکردن لە داگیرکاریی عوسمانی و قاجاری و دواتریش عەرەب و گیانی خەباتی پێ جۆش بدەن چەشنی هەموو بزوتنەوەکانی ناسیۆنالیزم، کە پێویستی بە رەمزی لەو چەشنەیە و تەنانەت پەنا بباتە بەر ئەفسانە و حیکایەتی خەیاڵییش. ئەدەبیاتی ئەو سەردەمەش لە رۆژنامەی کوردستانەوە بیگرە تا گۆڤار و رۆژنامەکانی تر و شیعری شاعیران لە سەردەمی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆییەوە بیگرە تا ئەمانی دواتر پەنایان بردووەتە بەر سەڵاحەدین و رەمزەکانی تر، بەڵام بەشی توندڕەوی ناسیۆنالیستی کورد لە ناوەڕاستی سەدەی بیست بەملاوە نەفرەت لە سەڵاحەدین دەکات، چونکە هیچی بۆ کورد نەکردووە، بێ رەچاوکردنی ئەو راستییەی کە ئەو سەردەمەی سەدەکانی ناوەڕاست هێشتا بیری ناسیۆنالیزم نەک لای کورد و میللەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە ئەوروپاش هیچ شوێنەوارێکی نەبوو، بەڵکو رۆژگاری توندڕەویی ئاینی بوو، دەنا بۆچی مەسیحیی ئەهلی خاچ لە مەملەکەتەکانی پەڕگری ئاینیی مەسیحییەتی ئەوروپاوە لەشکرکێشی دەکەن و هەڵدەکوتنە سەر قودس بەو پێیەی لانکەی سەرهەڵدانی عیسای مەسیح و ئاینەکەی بووە. بێگومان لەو دەمەشدا ئینتیما هەبووە بۆ کوردبوون و تورکبوون و عەرەببوون و میللەتانی تر و بۆ کەسێکی هەڵکەوتووی مێژووی ئەو رۆژگارەش سەرەڕای پەڕگریی لە ئایین و مەزهەبدا دامەزراندنی دەوڵەتێک بە ناوی بنەماڵەکەیەوە لە هەر مەسەلەیەکی تر لەپێشتر بووە هاوچەشنی دەوڵەتەکانی ئەمەوی و عەبباسی و سەلجووقی و عوسمانی و سەفەوی و...تاد. 
 لەبەرەنجامدا نووسەر لە فەسڵی (سەڵاحەدین لە دادگای مێژوودا) جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە دەوڵەتەکەی سەڵاحەدین دەوڵەتێکی کوردی نەبووە، هەرچەندە میر و فەرماندەکانی سوپا و جەنگاوەرانی ئەو دەوڵەتە بەشێکی زۆری کورد بوون، بەڵام دەوڵەتێک بووە لە ناو هەژموونی کەلتوری تورکی ئەتابەگ و سەلجووقیدا سەری هەڵداوە و لە سەر خاک و خێڵی عەرەبدا پەلی هاوێشتووە و فراوانخوازیی کردووە و لە زەمانی باڵادەستیی میرنشین و دەوڵەتۆچکەی قەڵا و قایمکاریی سەردەمی فیوداڵدا هاتووەتە کایەوە و زیاد لە هەشتسەد ساڵی نێوان بووە لەگەڵ سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالیزم و دەوڵەت – نەتەوەدا، تەنها 81 ساڵیشی تەمەن بووە، ئیتر چۆن داوای لێبکەین دەوڵەتێک بوایە بۆ کورد؟! 

تابلۆیەکی سەڵاحەدینی ئەیوبی

بابەتە پەیوەندیدارەکان