قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە دانیێل روبنستین، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا کرا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوا هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەتیش لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و روونیکردەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی کارا و یەکگرتوو و بەهێزبێت و لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بەڕێوەبچێت تا بتوانێت لە ئاست بەدیهێنانی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمدا بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دواگۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عیراق و ناوچەکە و جەختکرایەوە لەسەر بەهێزترکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر.