دانا رەئووف
مایرهۆڵد توانی لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا، چەند مەشقێکی تایبەت بە ئەکتەر دابهێنێت، کە دواتر بە «بیۆمێکانیک» ئاماژەی بۆ کرد و بوو بە بەشێک لە دیدە هونەرییەکەی و تێڕوانینی خۆی بۆ هونەری نواندن و دەرهێنان، ئەمەیش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ شانۆی مۆدێرنی ئەوروپیی
قوربانییەکی شانۆ لە «بۆچی؟»دا
یەکێک لەو کەسانەی ژیانی خۆی لە پێناوی شانۆدا داناوە و ژیانی هونەریی خۆی وەک دەرهێنەرێک کردۆتە قوربانیی و لەم هونەرەدا رەنگی داوەتەوە، دەرهێنەری روسیی "فیسیفۆڵد مایرهۆڵد"ە، 1940 - 1874 کە بەشی دووەمی نمایشی «بۆچی؟» پێکدەهێنێت. ئەم بەشەی نمایشەکە باسی چارەنووسی ئەم هونەرمەندە دەکات.
مایرهۆڵد قوتابیی ستانیسلاڤسکی بوو، بەڵام خۆی رابەری مۆدانیزم و شانۆیەکی مۆدێرنە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم هونەرمەندە ئەوە بوو، فۆرمێکی نوێی بۆ شانۆ و پانتاییە شانۆییەکان و بۆ دیدی دەرهێنەر و تهکنیکێکی تازهی بۆ ئهکتهر داهێنا. یەکەم شت کردی، ئەوە بوو پەردەی شانۆی لابرد و سیستمی بلیتی بۆ شانۆکەی وەلاوە نا. ئەو لەو جۆرە هۆڵانەدا نمایشی دەکرد کە دەکرا بە ئاسانیی ئاڵوگۆڕی تێدا بکرێت و هیچ جۆرە سنوورێکی لەنێوان ئەکتەر و بینەراندا نەهێشت. مایرهۆڵد توانی لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا، چەند مەشقێکی تایبەت بە ئەکتەر دابهێنێت، کە دواتر بە "بیۆمێکانیک" ئاماژەی بۆ کرد و بوو بە بەشێک لە دیدە هونەرییەکەی و تێڕوانینی خۆی بۆ هونەری نواندن و دەرهێنان، ئەمەیش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ شانۆی مۆدێرنی ئەوروپیی. ئەوەی لەم مەشقانەی مایرهۆڵد زۆر گرنگ بوو، ئەوە بوو بنەمای مەشقەکانی لەسەر کرداری فیزیکیی رۆنا بوو، کە زۆر جیاواز بوو لەو رێباز و سیستمە شانۆییە ناتورالیزم و سایکۆلۆژییەی هەموو شانۆی رووسیی لەسەر بونیاد نرابوو. بەمەیش هەموو هاوکێشەکانی هەڵگێڕایەوە و رێگای بۆ جۆرێکی تر لە شانۆ کردەوە. مایرهۆڵد بڕوای بەو شۆڕشە کۆمۆنیستییە نوێیەی یەکێتیی سۆڤییەت هەبوو، هەر لەبەر ئەوەیش بوو بڕوای بە گۆڕانکاریی هەبوو، شانۆ بۆ ئەو ئەو رێگایە بوو کە وەک ناوچەیەکی ئازاد، زونێکی بەدەر لە هەموو شتەکان، بنەمایەک بێت بۆ گۆڕانکاریی و گومان کردن. هەر لەم رێگایەوە بەردەوام ئەم پرسیارانەی کردووە، بۆچی شانۆ؟ چۆن و بۆچی؟
مایرهۆڵد بە هیچ شێوەیەک بەوە قایل نەبوو، فۆرمەکانی شانۆ لەلایەن ئایدۆلۆژیا و دەسەڵاتەوە دیاریی بکرێن. بێگومان ئەم دیدە ئازادە هونەرییەی مایرهۆڵد جێگای رەزامەندیی ستالین نەبوو، بە هیچ شێوەیەکیش لەنێو پرۆگرامی سیاسەتی کەلتوریی وڵاتەکەیدا جێگای نەبووەوە. سەرەتا شانۆکەی لە دەستدا، دوای ئەوە ژنەکەی و دواجاریش خۆی لەلایەن پۆلیسی نهێنییەوە، بەشێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە و قێزەوەرانەوە پارچە پارچە کرا. کە مایرهۆڵدیش دەگرن، ئەشکەنجەی دەدەن و دواجاریش ژیانی لێ دەسێننەوە. تەنیا تاوانی مایرهۆڵد ئەوە دەبێت، کە بڕوای بە فۆرمە سەربەستەکەی شانۆ هەبووە، ئەوەی ئەویشی سەرقاڵ کردبوو، وشەی «بۆچی؟»یەکی ساکار بوو.
ماير هولد
لە تیۆرەوە بۆ پراکتیک
بەشی یەکەمی نمایشەکە هەندێک ئەبستراکە، تیۆرییە، کە زیاتر جۆرە هەڵکۆڵینێکە لە خودی ماناکانی شانۆ و ئامڕازەکانی. «بەشەکەی تری بەرجەستەکردنێکی کۆنکرێتییە، کە سهرنجی خستبووە سەر ئەوەی، ئەگەر ئامڕاز و بنەما مانابەخشە پراکتیکییەکانی شانۆ بەشێوەیەکی خەتەرناک بەکار هێنرا، چی روودەدات.» هەردوو بەشەکە لە پانتاییەکی تەواو بۆشدا نمایش دەکرێن، بە شێوەیەک لە جەستەی ئەکتەرەکان و چەند ئامڕازێکی تری ساکار زیاتر هیچ شتێکی تر نابینین و لە دەنگی ئەکتەرەکانیش زیاتر گوێمان له هیچ شتێکی تر نابێت. هەموو رووداوەکان لەم پانتاییە بۆشە دیاریکراوەدا بەرجەستە دەکرێن. ئەو سێ ئەکتەرە، بە شێوەیەکی زۆر ساکار لەسەر فەرشێکی رۆژهەڵاتیی وەستاون، کە تەنیا سینۆگرافیای نمایشەکەیە. باسی شتێک دەکەن، لە مێژە لە شوێنێکی تر روویداوە، لەگەڵ ئەوەیشدا، بە شێوەیەکی قووڵ ئەو «بۆچی؟»یەی لای بینەران دەوروژاند! هەموو نمایشەکە بە تایبەتی ئەو بەشەی سەبارەت بە ژیانی مایرهۆڵدە، بوو بە رەوشێکی ئەو ساتە و هەموو ساتەکان: «بۆچی؟»
شانۆ فۆرمێکە، لە کاتێکی دیاریکراودا کۆمەڵێک کەس لەخۆی کۆدەکاتەوە، جا لە ژوورێکی داخراو یاخود لە پانتاییەکی کراوەدا بێت، ئەم فۆرمە شانۆییە جۆرە ئەزموونێکمان پێ دەبەخشێت کە لە هەموو ژیاندا لەگەڵ خۆمان هەڵیبگرین و کاریگەریی هەبێت. لە دەرەوەی ئەم پانتاییە دیاریکراوەیشەوە هونەرمەند "لۆری بڵاندێل"، لەسەر ئامێرێکی مۆسیقیی دانیشتووە و ریتمی نمایشەکە، بە چەند میلۆدییەکی تایبەت رادەگرێت. «بۆچی؟» بۆ پیتەر بروک لەم نمایشەدا، وەک وشەیەکی پڕ لە راز و نیاز و نهێنیی دەبێتە چیرۆکێکی میللی؛ لە رێگای دروستکردنی ئەم چیرۆکەوە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ مێژووی شانۆ و رۆڵی شانۆ لە کۆمەڵگە و ژیانی مرۆڤ و لە شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا. سەرەتا ئەو سێ ئەکتەرە ئەم چیرۆکە لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن و دەست دەکەن بە گێڕانەوەی. نیو سەعاتی یەکەمی نمایشی «بۆچی؟» پڕە لە خەندە و گەمەیەکی خۆشی ئەکتەر. لەم بەشەدا ئەکتەرەکان ئەوە پیشانی بینەران دەدەن کە دەقە شانۆییەکان چۆن دەتوانن وا لە بینەران بکەن کە لە بوونی خۆیان بگەن، بەڵام لە بەشی دووەمدا، هەموو شتێک سەخت دەبێت و رەوشێکی تاریک و پڕ لە دڵەڕاوکێ باڵ بەسەر شانۆکەدا دەگرێت، لەم بەشەدا ئەکتەرەکان باسی ئەو چارەنووسە تراژیدیایەمان بۆ دەکەن، کە "مایرهۆڵد" دووچاری دەبێت. لەم بەشەدا دیمەنێکی کورتی ئێستاتیکای نمایشی پشکنەر-ی گۆگۆل-مان بۆ بەرجەستە دەکەن کە مایرهۆڵد لە ساڵی 1926دا لە مۆسکۆ نمایشی دەکات و بە یەکێک لە شاکارە گەورەکانی مێژووی شانۆی جیهانیی دادهنرێت. «پیتەر بروک لەم دیمەنەدا، لە ساتێکی کوتوپڕی تاریکی سەر شانۆکەدا، ئەکتەرەکان دەگۆڕێت بە پەیکەری لە مۆم دروستکراو، بینەرانیش کە شاپڵیتەی ئاگرییان بەسەردا دابەش کراوە، داوایان لێ دەکرێت بێنە سەر شانۆ تا ئەو رژێمە کۆنە بسوتێنن.»، لە چاوتروکانێکی ئەفسووناویدا، بە جەستە و پانتۆمایم ئەو دیمەنەمان بۆ بەرجەستە دەکەن.
لە بەشی دووەمی «بۆچی؟»دا، بروک بە شێوەیەکی دۆکیومێنتاریی ئەو ساتانەی ژیانی مایرهۆڵد-مان لە بەندیخانە، لە کاتی ئەشکەنجەدان، کوشتنی ژنەکەی، هەروەها کوشتنی خۆشی، بۆ دەگێڕێتەوە. ئەکتەرەکان بە نۆرە نامە و دەنگ و باسی میدیاکانی ئەو رۆژگارە، گۆڤار و رۆژنامەکان دەخوێننەوە. مایرهۆڵد لەو سەردەمەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە «شانۆ چەکێکی زۆر خەتەر ناکە»، مەبەستی مایرهۆڵدیش ئەوە بووە، دەکرێت ئەو چەکەی هونەرمەندەکان بەکاری دەهێنن، خەتەر ناک بێت.
بروک لە نمایشی «بۆچی؟»دا ئەو چەکەمان پیشان دەدات کە بە شێوەیەکی ترسناک سەرکردە توتالیتارەکان دژی هونەرمەندەکان بەکاری دەهێنن. ژنەکەی مایرهۆڵد، کە ئەکتەرێکی گەورەی سەردەمەکەی خۆی دەبێت، 17 چەقۆ لە جەستەی دەدرێت، ئەو کەسەی ئەم تاوانە قێزەونە دەکات و جەستەی ئەم خانمە ئەکتەرە خەڵتانی خوێن دەکات، هەردوو چاویشی دەردەهێنێت!.
ماير هولد
پیتەر بروک، لەم نمایشەدا ئەم تاوانی چاو دەرهێنانە دەبەستێتەوە بە شانۆنامەی شالیر-ەوە، کە خۆی لە شەستەکاندا کاری تێدا کردووە. لە شالیر دا، گۆنریل و ریگن، کچەکانی لیری پادشا، بە یارمەتیی ئیدمۆند، کوڕە زۆڵەکەی گلۆستر، هەردوو چاوی گلۆستر دەردەهێنن و ئەشکەنجەی دەدەن. «بۆچی؟» بەو ساتە کۆتایی دێت، کە یەکێک لە ئەکتەرەکان، بە تەکنیکێکی بەرز ئەشکەنجەی چاوەکانی خۆی دەدات. ژیان تراجیدیایەکە پێویستی بە هیچ جۆرە تەکنیکێک نییە.
شەوی یەکەمی نمایشی «بۆچی؟»، کە بینەران لە کۆتایدا دەکەونە چەپڵە لێدان، یەکێک لە ئەکتەرەکان روو دەکاتە پیتەر بروک، کە لەناو بینەراندا دانیشتبوو، دەست دەکات بە چەپڵە لێدان بۆ بروک، بروک هەڵدەستێتە سەرپێ و بە خەندەوە سەیری ئەکتەرەکانی دەکات. دوای ئەوە هەموو بینەران هەڵدەستنە سەرپێ و بۆ ماوەیەکی درێژ چەپڵە بۆ پیتەر بروک لێ دەدەن، وەک رێزێک بۆ ئەو ژیانە دوورودرێژەی خۆی، کە بۆ شانۆی تەرخان کردووە. بەم ئاماژەیە، بەم چەپڵە رێزانە و بەم نمایشی «بۆچی؟» یە، پیتەر بروک چەپڵە بۆ مایرهۆڵد لێ دەدات، کە بە ژیانی و بە کارەکانی توانیی متمانە بە «بۆچی؟» لە کاری شانۆدا ببەخشێت. دوای ئەم هەموو ساڵە، دوای گەڕان و هەوڵی ئەو هەموو شانۆکارە گەورەیەی دنیا، بە درێژایی مێژوو، لە یۆنانی کۆنەوە تا ئەمڕۆ، ئەم پرسیارە دووبارە دەبێتەوە: «بۆچی» شانۆ؟
ماير هولد