له بیست و یەکەمین ساڵیادی کارەساتی 1ی شوباتدا سووربوونی خۆمان بۆ دژایه‌تیكردنی تیرۆر دووپات ده‌كه‌ینه‌وه.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، سبەی بیست و یەك ساڵ تێپەڕ دەبێت به‌سه‌ر کردەوە تاوانکارییە تیرۆریستییەکەی یەکەم ڕۆژی جەژنی پیرۆزی قوربان لە ڕێکەوتی 2004/2/1 تیرۆریستانی ئەنساری سوننە لە دوو کردەوەی تاوانکاری جیادا ، ناو باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی 3ی هه‌ولێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و لقی 2 ی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوو تیرۆریستی سه‌ر لێشێواو خۆیان تەقاندەوە.
له‌م کردەوەیە دڕندانه‌یه‌دا ١٠٥ کەس لە هاووڵاتیان و سەرکردە و ئه‌ندامانی یەکێتی و پارتی شەهیدبوون و ژمارەکی زۆریش برینداربوون.
له‌و یاده خه‌مناكه‌دا سه‌ری رێز بۆ گیانی پاکی شه‌هیدانمان دادەنوێنین و وەك سه‌روه‌ری و شانازیش، رێزی بریندارانی کارەساتەکە و بنەماڵەی شەهیدان دەگرین و پێکەوە درێژە بەڕێبازی شەهیدان دەدەین و ئەم بۆنە خەمناکەش دەکەینە هه‌وێنی ته‌بایی و یه‌كڕیزیی گه‌له‌كه‌مان و پێکەوە بەسەر بەربەستە سیاسییەکان و قەیرانی دارایی زاڵ دەبین و پێویستە پێکەوەش ڕێڕەوی حوکمڕانی ڕاست بکەینەوە.
لەم کۆستە گەورەیەی نەتەوەکەماندا، وەبیر هەموان دێنینەوە کە تیرۆریستان بەم تاوانی کۆمەڵکوژیەیان کە هه‌ولێریان خه‌ڵتانی خوێنکرد و تاوانێكی گه‌وره‌شیان به‌رامبه‌ر بەمرۆڤایه‌تیش ئه‌نجامدا، نابێت بیریشمان بچێت کە دوژمنانی کوردستان بۆ پەلامارەکانیان هیچ جیاوازییەك لە نێوان ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانمان نابینن وەکو ئەوەی ئێستا تیرۆریستان لە رۆژئاوای کوردستان بەرامبەر بەگەلەکەمان ڕۆژانە ئەنجامی دەدەن.
بێگومان تیرۆریستان لەم تاوانەشیاندا مەبەستیان بوو ئاشتی و ته‌بایی و گیانی لێبورده‌یی جه‌ژن، له هه‌ولێر و هه‌ولێرییه‌كان تاڵ بكه‌ن و درزیش بخه‌نه نێوان تەبایی و یەکڕیزی ئەوێ ڕۆژێی نێوان هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان به‌ڵام ئه‌و ئاواته‌یان نه‌هاته‌دی و ئەم کارەساتەش بووە هه‌وێنی زیاتر به‌هێزكردنی گیانی پێكه‌وه‌یی و ته‌بایی و پتەوکردنی یه‌كێتی ریزه‌كانی گه‌لی كوردستان.
ئه‌م كردوەوە تیرۆریستیه، ئیرادەی گەلەکەمان و گیانی به‌رگری و قاره‌مانانەی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیشی به‌هێزتر كرد لە رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی بیری توندڕەوی بەناو جیهادی ئیسلامی و لەناوبردنیان، بەتایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەهاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دۆستەکانی گەلی کوردستان.
له‌م یاده‌دا، وێڕای ته‌ئكیدكردنه‌وه‌و پەرۆشیمان له‌سه‌ر پتەوکردنی یه‌كڕیزی و ته‌بایی و هاوهه‌ڵوێستی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و سوور بوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە له‌سه‌ر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و پاراستن و گەشەپێدانی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و خزمەتکردنی هاووڵاتیان بەگشتی و کەسوکاری شەهیدان بەتایبەت بەبێ جیاوازی.
بەهاوکاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئازادیخوازانی جیهان ئەم یادە خەمناکەی هەولێرییەکان ده‌كه‌ینه هێزێکی پتەو بۆ كاركردن له‌سه‌ر بنبڕكردنی کلتوری تیرۆر‌و تیرۆریستان لەسەرتاسەری عیراق و هەرێمی کوردستاندا.
له‌م رۆژه‌دا دووپاتی دەکەینەوە، كردەوە تیرۆریستیەکان ناتوانن ڕێگە لەبەرەوپێشبردنی گەلەکەمان و وڵاتەکەمان بگرن به‌ڵكو خوێنی شه‌هیدەکانمان هانده‌رمان ده‌بێت بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی خەڵکی خۆشەویستی هه‌ولێر.
درود بۆ گیانی پاکی شه‌هیدان و رێز‌و وەفاداریشمان بۆ کەسوکاری شەهیدان و بریندار و کەمئەندامانی مه‌رگه‌ساتی یه‌كی شوبات دووپات دەکەینەوە.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
مەڵبەندی 3ی هەولێر
2025/1/31