پێدانی مووچە، پلەبەرزکردنەوە و تەوتین داوکاریی سەرەکین

بەردەوامیی مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران

09:49 - 2025-02-02
ڕاپۆرت
91 جار خوێندراوەتەوە
مانگرتن و بایکۆتی مامۆستایان کاریگەریی لەسەر پرۆسەی خوێندن هەیە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

فەرمانبەرێکی مانگرتوو بۆ کوردستانی نوێ  :  لە پێناو ژیان و گوزەرانی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی مافخوراو لێرەم و مانم لە خواردن گرتووە

ماوەی شەش رۆژە ژمارەیەک مامۆستای ناڕازی و فەرمانبەر لە شاری سلێمانی، لە بەردەم نوێنەرایەتیی‌ نەتەوەیەکگرتووەکان خێمەیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن گرتووە، هەندێکجار باری تەندروستییان تێکدەچێت و تیمی تەندروستی سەردانیان دەکەن.
پاکیزە حەمە ئەمین فەرمانبەری مانگرتووە و دەڵێت: لەپێناو ژیان و گوزەرانی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی ماف خوراو لێرەم و مانم لە خواردن گرتووە.
 وتیشی: یان ژیانێکی پڕ لە کەرامەت و حساب بۆکراو و گەڕانەوەی ئەو پارەیەی لێمان دزراوە کە 56 مووچەیە، یان مردنێکی شکۆمەندانە هەڵدەبژێرم، دەبێت ئەم یاریکردنە بە فەرمانبەران و مامۆستایان رابگیرێت.
رۆژانە بەشێک لە چین و توێژە جیاوازەکان وەک پشتیوانی بۆ داخوازییەکانی مانگرتووان سەردانیان دەکەن و تیمەکانی تەندروستیش لەکاتی پێویستدا پشکنین بۆ دۆخی تەندروستی مامۆستا و فەرمانبەرە مانگرتووەکان دەکەن.
هادی حەمە رەشید مامۆستای مانگرتوو دەڵێت: هەرچەندە دۆخی تەندروستیمان بەرەو خراپ بوون دەڕوات، بەڵام ئیرادەمان بەهێزە و بە شێوەیەکی مەدەنیانە داوای مافەکانمان دەکەین.
هاوکات کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەردانی مامۆستا مانگرتووەکانی کرد و رایگەیاند: داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکەین لیژنە بنێرن بە مەبەستی گوێگرتن لەداواکاریەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو.

داخوازییەکانی مامۆستایان
داواکاریی سەرەکی مامۆستایانی ناڕازی بریتییە لە، پێدانی مووچەی مانگەکانی 12ـی‌ ساڵی‌ رابردوو و 1ـی‌ ئەمساڵ (کانوونی یەکەم و کانوونی دووەم)، پلەبەرزکردنەوە، تەوتین لە بانکە فیدراڵییەکان و گەرەنتی پێدانی مووچە لەکاتی خۆیدا و دوانەکەوتنی.
د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، نزیکی ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بانکەکانی رافیدەین، رەشید و TBI کۆبوومەوە و وتیان ئامادەکاری تەواویان هەیە بۆ کردنەوەی لقی بانکەکانیان لە هەرێم، تەنها پێویستی بە ئامادەسازیی و ئاسانکارییە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە بۆ کردنەوەیان.
وتیشی: ئەو بانکانە دامەزراوەی رەسمی حکومەتی عیراقن بە کردنەوەی لقیان لە هەرێم کارەکانی تەوتینی مووچە ئاسانتر دەبێت و دوور دەبێت لە رۆتینات کە کارەکان زیاتر دوادەخات.

دۆخی خوێندن
لە ساڵی 2014ەوە بە بیانووی قەیرانی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچەیان پێ نادرێت و دوا دەکەوێت، ئەوە جگە لەوەی لەژێر ناوی لێبڕین و پاشەکەوت لە ماوەی ئەو 11 ساڵەدا نزیکەی 58 مووچەیان پێ نەدراوە.
دڵشاد میرانی ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێت: داواکاری مامۆستایانی ناڕازی عیراقی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە کونسوڵخانەی وڵاتان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و چاوەڕانین دەرئەنجامی زۆر باشی هەبێت.
مانگرتنی مامۆستایان لە خواردن لە کاتێکدایە، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.
نەژاد عەبدوڵڵا یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە کەناڵ 8ی راگەیاند: لەگەڵ داوای رەوای مامۆستایانداین بۆ داواکردنی شایستە داراییەکانیان، بەڵام پێویستە بارودۆخی خوێندنیش لەبەرچاو بگیرێت، لەبەرئەوەی بایکۆت زیان بە خوێندکاران دەگەیەنێت.
وتیشی: دواکەوتنی مووچەی مامۆستایان و بایکۆتی پرۆسەی خوێندن لە 10 ساڵی رابردوودا کاریگەریی نەرێنی بەجێهێشتووە و هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە خوێندنی‌ تایبەت بکرێت.

کاریگەریی لەسەر خوێندکاران
لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەدەر لە خوێندکارانی پۆلەکانی 9 و 12 پرۆسەی خوێندن وەستاوە و لە بەشێکی کەمی خوێندنگەکان دەوامیان تێدا دەکرێت.
دڵشاد میرانی ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێت: بایکۆت بابەتێکە حکومەت دروستی کردووە، مامۆستایان و فەرمانبەران پێی دڵخۆش نین، بەڵکو ناچارن بەهۆی بێ مووچەیی و گوزەرانی خراپ، بەرپرسیارێتییەکەشی دەخەینە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەو خوێندکارانەی‌ لە ساڵی 2014ـەوە چوونەتە بەر پرۆسەی خوێندن، تەنیا لە ساڵانی 2018 و 2022 بە تەواوەتی دەوامی خوێندنیان کردووە و ساڵەکانی دیکەیان بە بایکۆت و دواکەوتنی پرۆسەی خوێندن بەڕێکردووە.
لەنجە کەمال رێنمایکاری پەروەردەیی دەڵێت: چەندین ساڵە نیوە مەنهەج و نیوە دەوام کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر بارودۆخی دەرونی و جەستەیی خوێندکاران هەیە، لە ئەنجامی بایکۆتی مامۆستایان و داخستنی دەرگای خوێندنگەکان جیلێکی دەرون نائارام و شڵەژاو جەستە نا تەندروست بەرهەمدێت.

وەزیری پەروەردە بێدەنگە
بەراورد بە 11 ساڵ لەمەوبەر، ئێستا خوێندکاران لە رووی خوێندن و پەروەردە و فێرکردنەوە لە ئاستێکی زۆر لاوازدان، لەبەرئەوەی چەندین ساڵە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوامە.
لەنجە کەمال باسی لەوەکرد، لە کاتی بایکۆتدا مامۆستایانیش زەرەرمەندن، لەبەرئەوەی دۆخەکە کاردەکاتە سەر پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و هاوڕێیەتی نێوان مامۆستاکانیش ناتوانن کاری پێکەوەی بکەن بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە، هەروەها هەرگیز پچڕانی پەیوەندیی خوێندکار بە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن، ئەو ماوەیەی لە دەستچوو قەرەبوو ناکرێتەوە.
بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن و مانگرتنی مامۆستایان لە کاتێکدایە، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم کە لایەنی بەرپرس و رەسمییە لە دۆخەکە هیچ گوێی لێی نییە، نەک هەوڵی چارەسەرکردنی نادات، بەڵکو کۆمێنتیشی نییە لەسەری!.

بابەتە پەیوەندیدارەکان