وەبەرهێنان لە زیرەكیی دەستكرددا

10:15 - 2025-02-02
ئابووری
63 جار خوێندراوەتەوە
#یەكێك لە كێشەكانی زیرەكیی دەستكرد كەمیی زانیاریی راست و دروستە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

دامبیسا مۆیۆ: سێ هۆكار هەن وادەكەن زیرەكیی  دەستكرد لە ساڵی 2025دا ئەو گەرموگوڕیی و تین و تاوەی پێشووی نەمێنێت، یەكەم هۆكاریش پەیوەستە بە بڕی دەستكەوت و قازانج لە زیرەكیی دەستكرد، كە دیوە ئابوورییەكەیەتی

زیرەكیی دەستكرد قسە و باسی گەرمی ئەمڕۆیە و زۆر وڵات و سەرمایەداری جیهان گرەو لەسەر ئەوە دەكەن، كە زیرەكیی دەستكرد داهاتوویەكی پرشنگداری هەیە، بۆ نموونە رۆژی 22ی كانونی دووەم دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: پرۆژەیەكی تایبەت بە بنیاتنانی ژێرخانێكی پتەو بۆ زیرەكیی دەستكرد لە ئەمریكا جێبەجێ دەكرێت، پرۆژەكە ناوی (ستارگێت)ە و 500 ملیار دۆلاری تێدەچێت و لەلایەن گروپی سۆفت بانكی ژاپۆنی و كۆمپانیای ئۆراكڵ  و كۆمپانیای (ئۆپن ئەی ئای)ەوە جێبەجێ دەكرێت، هەر لەو سەروبەندەدا كۆمپانیای زەبەلاحی گوگڵ رایگەیاند: زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لە پەرەپێدانی كۆمپانیای (ئەنترۆپیك)ی تایبەت بە زیرەكیی دەستكرددا خەرج دەكات، هەر لەم مانگەدا حكومەتی ئەبوزەبی، كە بەشێكە لە ئیماراتی عەرەبی رایگەیاند: تا ساڵی 2027 كارێك دەكات سەرجەم كاروباری حكومی پشت بە زیرەكیی دەستكرد ببەستێ و بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار تەرخانكردووە.

بۆچوونی پسپۆڕان
ئەمانە هەمووی نیشانەی گرنگیدانن بە زیرەكیی دەستكرد و رەنگە زۆر كەس وا تێبگات، كە ئیتر تەواو، ساڵی 2025 ساڵی پەرەپێدانی زیرەكیی دەستكردە و زۆربەی وڵاتانیش بەو ئاراستەیە كار دەكەن، بەڵام باشتر وایە لە زاری پسپۆڕێكەوە لە وردەكارییەكان ئاگادار بین و باشترین وتاریش، كە لەم ماوەیەدا لەو بارەیەوە نووسرابێت، وتارێكی خاتو (دامبیسا مۆیۆ)یە، كە باس لە ئاستەنگەكانی بەردەم پەرەسەندنی زیرەكیی دەسكرد دەكات، گرنگیی وتارەكەش لەوەدایە كە دامبیسا مۆیۆ پسپۆڕی ئابووریی نێودەوڵەتییە و خاوەنی چوار كتێبی تایبەت بەو بوارەیە و لە وتارەكەیدا دەڵێ: ساڵی رابردوو ئەو گوڕ و تینەی بۆ گرنگیدان بە زیرەكیی دەستكرد هەبوو، هۆكار و ئاماژە بوون بۆ گەشبینی بەرامبەر بە دیاردەكە، بەڵام هەندێك بەڵگە هەن ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە لە ساڵی 2025دا ئەو گوڕ و تینە كەم دەبێتەوە.

بە هیوای قازانجی زۆر
ئەو پسپۆڕە دەڵێ: هەر لە ساڵی 2023وە قسەی سەر زاران لەسەر ئاستی جیهان بریتیی بوو لەوەی زیرەكیی دەستكرد دەبێتە هۆی زیادبوونی بڕی بەرهەم و هەڵكشانی گەشەی ئابووری، هەر ئەوەش رێخۆشكەر دەبێت بۆ داهێنانی دیكە، بۆ نموونە كۆمپانیای (PWC) پێی وابوو تا ساڵی 2030 تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی نزیكەی 16 تریلیۆن دۆلار زیاد دەكات، واتە بە رێژەی %14 زیاد دەكات، توێژینەوەیەكی ئێریك برینگۆڵفسۆن و دانیال لی و لیندسی ر. ریمۆن ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە بە هۆی زیرەكیی دەستكردەوە تێكڕای بەرهەمی كرێكاران زیاد دەكات.
جگە لەوە، راگەیاندنەكانی كۆمپانیای گوگڵ و كۆمپانیای (ئۆپن ئەی ئای)ش هەر بەو ئاراستەیە بوون و بە جۆرێك وەسفی دیاردەكــــەیان دەكــــرد، كە ئیدی لە خــەیاڵی زانســـــتی دەرچووە، چـــونكە (چیپ)ێك دروستكراوە لە ماوەی كەمتر لە پێنج خولەكدا هاوكێشە و پرسیاری بیركاریی ئەوتۆ چارەسەر دەكات، كە باشترین كۆمپیوتەر بە دەیان سەبتیلیۆن ساڵ بۆی چارەسەر ناكرێت (سەبتیلیۆن دوای سەكسیتیلیۆن دێت و 24 سفری هەیە). 

بڕی تێچوون
بەڵام وەك خاتو دامبیسا دەڵێ: لانیكەم سێ هۆكار هەن وادەكەن زیرەكیی  دەستكرد لە ساڵی 2025دا ئەو گەرموگوڕیی و تین و تاوەی پێشووی نەمێنێت، یەكەم هۆكاریش پەیوەستە بە بڕی دەستكەوت و قازانج لە زیرەكیی دەستكرددا، چونكە وەبەرهێنەران بەردەوام پرسیاری ئەوە دەكەن: تۆ بڵێی قازانجی باشی هەبێت؟ ناهەقیان نییە، لەبەر ئەوەی پارەیەكی زۆریان تێدا خەرجكردووە، بۆ نموونە راهێنان و ئامادەكردنی زمانەوانیی (CPT-4) كە بەرهەمی كۆمپانیای (ئۆپن ئەی ئای)یە 100 ملیۆن دۆلار تێچووە، بێگۆمان بەرنامە هاوشێوەكانی كە تازەن، زیاتر لە یەك ملیار دۆلاری تێدەچێت، كەواتە جێی خۆیەتی وەبەرهێنن بپرسێت: ئایا ئەو هەموو خەرجییەی لە زیرەكیی دەستكرددا دەكرێت، قازانجەكەشی لەو ئاستەدایە؟ لە كۆتاییدا وەبەرهێن بە دوای قازانجدا دەگەڕێت و لەسەر ئەو بنەمایەش پارە خەرج دەكات.

كارەبای زۆری دەوێت
هۆكاری دووەم پەیوەندیی بە بڕی ئەو وزەیەوە هەیە كە زیرەكیی دەستكردی پێ دەخرێتەگەڕ و لە ساردكردنەوەی سەنتەرە گەورەكانی تایبەت بە داتادا بەكار دەهێنرێت، چونكە بە پێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، سەنتەرەكانی داتا لە ساڵێكــدا هەزار تێراوات/سەعات كارەبا بەكار دەهێنێت، ئەوەش لە تێكڕای ئەو كارەبا و غازە زیاترە كە بەریتانیا لە ساڵی 2023دا بەكاری هێناوە، وا بڕوات تا ساڵی 2027 كارپێكردنی زۆربەی سەنتەرەكانی داتا بەهۆی كەمیی كارەباوە تووشی كێشە دەبن.
هۆكاری سێیەم پەیوەندیی بە كەمیی زانیاریی راست و دروستەوە هەیە، چونكە لە ئێستاوە بەرنامەكانی زیرەكیی دەستكردی تایبەت بە زمانەوانی خەریكە بە كۆتایی دەگات و كۆمپانیاكان لە ململانێدان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و چارەسەركردنی زانیاریی هەڵە و دووبارەبووەوە، چونكە بۆ راهێنانی بەرنامەكانی زیرەكیی تایبەت بە زمان زانیارییەكان لە هەواڵەكان، راپۆرتە بڵاوكراوەكان، بابەتەكانی ناو سۆشیال میدیا و نووسین و لێكۆڵینەوە ئەكادیمییەكان وەردەگرن، ئەو بابەتە بڵاوكراوانەش مەرج نییە سەرجەم زانیارییەكانیان راست بن و گەڕان بە دوای زانیاریی ورد و راست و دروستیشدا تێچووی زۆرە، لەبەر ئەوە زۆر جار نموونەی نمایشكراوی زیرەكیی دەستكرد، زانیاریی ناڕاستیان تێدایە، یان بەرهەمەكەیان زیاتر لە وڕێنە دەچن.

دەرفەت بۆ كۆمپانیا بچووكەكان
هەموو ئەم هۆكارانە وا دەكەن لە داهاتوودا ئەو گوڕ و تینەی بۆ وەبەرهێنان لە زیرەكیی دەستكرددا لە ئارادەیە، وردە وردە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت و تەنانەت لە ئێستاوە كەمبوونەوەی وەبەرهێنان لە زیرەكیی دەستكرددا هەستی پێدەكرێت، وەك لە توێژینەوەكانی كۆمپانیای (Preqin)دا دەردەكەوێت، توێژینەوەكانیشی تایبەت بوو بە بەراوردكردنی خەرجكردنی سەرمایە لەو بوارەدا لە نێوان ساڵی 2023 و ساڵی 2024دا. 
هەواڵە خۆشەكە بۆ كۆمپانیا بچووكەكانە، ئەوان دەتوانن ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە، كاتێك كۆمپانیا زەبەلاحەكان لە بواری زیرەكیی دەستكرددا تووشیی كێشە دەبن، دەرفەت بۆ كۆمپانیا بچووكەكان دەڕەخسێت تا توانای خۆیان لە ركابەرییدا لەسەر ئاستی بازاڕ پەرە پێبدەن. 


سەرچاوە:
پرۆجێكت سەندیكەیت، CNN، سكای نیوز

بابەتە پەیوەندیدارەکان