لە یادی 10 ساڵەی شەهیدبوونی دوو فەرماندەی هەمیشە زیندوودا

11:05 - 2025-02-02
ڕاپۆرت
63 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرت/ لاپەڕەی سەروەران

شانازیی تێكشاندنی داعش، مەدالیایەكە بەسەر سنگی پێشمەرگەوە، سەرتۆپی ئەو شانازییەش بە باڵای شەهیداندا دەبڕێت و لە ناویشیاندا، هەردوو پێشمەرگەی دێرین و دیار، هەردوو فەرماندە و ئەفسەری باڵا، شەهیدان حسێن مەنسور و شێركۆ شوانی، پشكی زۆری شانازییەكەیان پێدەبڕێت

 كاتێك گێچەڵی داعش رووی كردە كوردستان، بە پێی ئەو ناوبانگەی كە لە كوشت و كوشتارو رەشەكوژیی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتیاندا هەیبوو، ترس و بیمێكی زۆریان لە ناو خەڵكی كوردستاندا دروست كرد، بەڵام بەرپەرچدانەوەی خێرا و دەستبەجێی ئەو گروپە تیرۆریستییە لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە، ترس و تارمایی لای خەڵك رەواندەوە و لەبری بیركردنەوە لە هەڵاتن، كەوتنەخۆ بە پشتگیریی و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و سەدان كەس وەك خۆبەش پەیوەندییان بە بەرەكانی شەڕەوە كرد، ئازایەتیی پێشمەرگە وەك هەوێنێك بەناو خەڵكدا بڵاوبۆوە و رۆحی بەرەنگاریی لەلا دروستكردن.
كەواتە، شانازیی تێكشاندنی داعش، مەدالیایەكە بەسەر سنگی پێشمەرگەوە، سەرتۆپی ئەو شانازییەش بە باڵای شەهیداندا دەبڕێت و لە ناویشیاندا، هەردوو پێشمەرگەی دێرین و دیار، هەردوو فەرماندە و ئەفسەری باڵا، شەهیدان حسێن مەنسور و شێركۆ شوانی، پشكی زۆری شانازییەكەیان پێدەبڕێت، چونكە هەردووكیان وەك دوو رۆڵەی ئازا و بە ئەزموون، وەك دوو كوڕی رۆژی تەنگانە، لە سەغڵەتی و تەنگانەی هاتنی داعشدا، دەستوبردیان كرد و كاتیان بە فیڕۆ نەدا، بەهێز و باوەڕەوە سەنگەری لوتشكاندنی داعشیان دامەزراند و پتەویان كرد، ئیدی وێنەكانیان لە كاتی شەڕ و روبەڕووبوونەوەدا تۆڕەكانی سۆشیاڵ میدیای تەنی و هێز و ورەی دەدایە بەر خەڵك و پێشمەرگە، هەر لەو پێناوەشدا هەردووكیان شەهیدبوون و بە گیانی خۆیان، فێرگەی ئازایەتی و مەردایەتییان بۆ نەوەی خۆیان و دوای خۆشیان، دامەزراند.

كورتەیەك لە ژیاننامەی شەهید حسێن مەنسور
شەهیدی فەرماندە حسێن مەنسور كەرەم عەلی، لە دایكبووی ساڵی 1962ی ناوچەی نەفتخانەی خانەقینە، خوێندنی سەرەتایی لە نەفتخانە و ناوەندیی و ئامادەیی پیشەسازیشی لە خانەقین تەواو كردووە.
لە تەمەنی مێردمنداڵیدا لە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا دەستی بە تێكۆشانی سیاسیی كردووە و ئەندامێكی چاوكراوە و دڵسۆز بووە، ساڵی 1981 بووە بە پێشمەرگە، ئازا و چالاك و چاونەترس بووە لە نەبەردی و شەڕەكانی هێزی پێشمەرگەدا لە دژی رژێمی بەعس.
دوای ئەنفال وەك پێشمەرگەیەكی پارتیزان درێژەی بە خەباتی چەكداریی داوە، بەشداریی كارای هەبووە لە راپەڕینی ساڵی 1991 و ئازادكردنی كوردستاندا، ئەندامی كارای مەفرەزەی ئازادكردنی شاری خانەقین بووە و لە هەمان ساڵیشدا بووە بە ئەندامی لیژنەی باڵای بەرەی كوردستانی لە سلێمانی و گەرمیان.
دوای راپەڕین چەندین پۆستی پێ سپێردراوە و دڵسۆزانە و شارەزایانە بەڕێوەی بردوون، لەوانە: بەڕێوەبەری هاتووچۆی گەرمیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان، بەڕێوەبەری شارستانی گەرمیان و فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی دوو و زۆر ئەرك و بەرپرسیارێتیی گەورە و گرنگی دیكە.
لە شەڕەكانی دژ بە داعش سەركەوتنی گەورەی تۆماركرد و یەكێك بوو لە فەرماندە دیارەكانی بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ئەو گروپە تیرۆریستییە.
بەداخەوە، رۆژی 31/1/2015  لە مەلا عەبدوڵڵای باشووری كەركوك، شەهید كرا.
دوا پلەی لیوا بووە و فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی دوو بووە.

كورتەیەك لە ژیاننامەی شەهید شێركۆ شوانی
شەهیدی فەرماندە شێركۆ فاتیح نامیق، لە دایكبووی ساڵی 1969ی ناحیەی ماوەتە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لەوێ تەواو كردووە.
لە كۆتایی ساڵانی حەفتاكاندا فاتیح شوانی-ی باوكی دەستگیركراوە، بۆیە شەهید شێركۆ زیاتر لە ساڵێكی تەمەنی لە زینداندا بەسەر بردووە و دواتر بە لێبوردنی گشتی ئازادكراوە.
ساڵی 1984 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە و ساڵی 1987 لە لای باوكی كە فەرماندەیەكی ناسراوی ناو هێزی پێشمەرگە بوو، بووە بە پێشمەرگە و تا راپەڕین دانەبڕاوە.
بەشداریی ئازایانەی راپەڕینی ساڵی 1991ی كردووە، رۆژی 18/5/1991 لە دەربەندی بازیان لەگەڵ هاوڕێیەكیدا بە هەڵە كەوتنە ناو بۆسەی لیوای حەرەس جمهورییەوە و دەستگیركران، دواتر فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو، شەهید شێركۆ لە زیندان ورەی زیندانییەكانی بەرزكردۆتەوە.
بەڵام خۆشبەختانە، پاش ماوەیەك لەگەڵ چەند ئەفسەرێكدا ئاڵوگۆڕیان پێكرا و ئازاد كران. 
 دوای راپەڕین چەندین پۆستی گرنگی پێ سپێردراوە، لەوانە: فەرماندەی بەتالیۆنی شوان، فەرماندەی لیوا لە قیادەی مەنتیقەی كەركوك و لێپرسراوی بنكەی مەشق و زۆری دیكە.
بەداخەوە، رۆژی 30/1/2015 لە نەهرەوانی باشووری كەركوك، لە شەڕی دژ بە داعشدا، شەهیدكرا.
ئازایەتی شێركۆ شوانی لە داستان و نەبەردییەكاندا كەم نموونە و دەگمەن بووە، بەتایبەت ئەو ئازایەتییەی كاتی شەهیدبوونی كە لەبەر گیانی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی نواندوویەتی.
دوا پلەی عەمید بووە، فەرماندەی لیوا و ئەندامی لیژنەی ئەمنیی شاری كەركوك بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان