بۆ هاندان و دەرخستنی تواناکان . . .

خاوەنی گەورەترین گروپی خانمانە لە شاری کەلار

11:10 - 2025-02-03
دیدار
196 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: نەرمین عوسمان محەمەد

بەختەوەر عەبدوڵڵا گەرمیانی بۆ کوردستانی نوێ  :  دەرخستنی ژنە لێهاتووەکان و خەڵاتکردنیان لەپێناو بە هێزکردنیان و هاندانیان بۆ بەردەوامبوون لە بوارەکانی خۆیاندا، کارێکی زۆر باشە

گەرمیان ئەو ناوچە جوان و خۆڕاگرەی کوردستانە کە توانیویەتی بەرەنگاری هەموو جۆرە سەختییە جوگرافیی و سیاسیی و ئابوورییەکان ببێتەوە و بەرهەمهێنەری چەندین مرۆڤی لێهاتووە لە بوارە جیاوازەکاندا، ژنانیشیان بەهەمانشێوە خۆڕاگر و بەهێز و بەرهەمهێنن و شایەنی ئاوڕلێدانەوەن، یەکێک لەو کچە لێهاتووانەی وێڕای تەمەنی لاویی خاوەنی کۆمەڵێک ئەزموون و چالاکییە لە ناوچەکەدا و توانیویەتی بوێرانە جێپەنجەی لە بوارەکانی تایبەت بە ژنان لەو ناوچەیەدا دیار بێت، ئەویش بەختەوەر عەبدوڵڵا گەرمیانی-یە کە لەپاڵ کاری حزبییدا ماوەی شەش ساڵە خاوەنی گەورەترین گروپی خانمانە لە کەلار بە ناوی (گروپی گوڵخانم)، کە گروپێکی تایبەتە بە خانمانی گەرمیان، لە دیدارێکی تایبەتدا بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئامانجی سەرەکیی ئەم گروپە پێگەیاندن و هاندانی ژنانە بۆئەوەی ببنە خاوەنی پڕۆژەی خۆیان، هاوکات دۆزینەوەی هەلی کارە بۆ ژنانی ناوچەکە،  لە راستیدا لقەکانی پڕۆژەکە زۆرن، بەڵام ئاماژە بە هەندێکیان دەدەم، وەک خولی دروومان و دانانی سەنتەرەکانی بەرگدوورین کە لەلایەن ژنانەوە سەرپەرشتیی دەکرێن و ئێمە فێرخوازیان بۆ دابین دەکەین. ساڵانە نزیکەی زیاتر لە 700 فێرخواز لەو سەنتەرانە دەردەچن و دەبنە خاوەن پیشەی خۆیان، هاوکات توانیومانە هاوکاری یەکێک لە خانمانی بەشدار لەو سەنتەرانەدا بکەین بۆئەوەی ببێتە خاوەنی کارگەی دروومانی خۆی، هەروەها توانیومانە سێ سەنتەری دیکەی دروومانیش لە ناوچەکەدا دابمەزرێنین و پڕۆژەکانی ئێمە تەنها بریتیی نین لە هاندانی کاری بەرگدوورین، بەڵکو هاندانی ئیشی دەست و دروستکردنی خواردن و کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلیشە بە ئۆنلاین، کە لە رێگەی ئێمەوە چەندین ژن توانیویانە لایەنی ئابوورییان بەهێز بکەن و ببنە خاوەنی بڕاندی خۆیان، هەروەها لە بواری تەندروستیشدا توانیومانە پشتگیرییەکی بەهێزی خانمە پزیشکەکانی ناوچەکە بکەین، بۆ کردنەوەی چەندین خولی هۆشیاریی بۆ ژنان، لەبارەی دووگیانیی و نەخۆشییەکانی تایبەت بە ژنانەوە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی، خۆشبەختانە ئەم چالاکییانە بۆتە چەتری کۆکەرەوەی ژنانی گەرمیان، واتا ناوچەکانی خانەقین و کەلار و کفری و دەربەندیخان.
ئاستەنگەکانی بەردەمیان
بەختەوەر سەبارەت بەوەی دووچاری چ ئاستەنگێک بوونەتەوە لە کارەکانیاندا وتی: هەڵبەتە هەموو کارێک لە دەستپێکدا ئاستەنگی لەبەردەمدا دروست دەبێت و پێویستە لە هەوڵدان نەوەستین، یەکێکیش لە ئاستەنگەکان ترسی ژنان بوو لەو ناوچەیەدا لە هاتنەپێشەوە بۆ ئیشکردن و سەربەخۆبوونیان لە رووی ئابوورییەوە، هەروەها ئاستەنگێکی تر بریتی بوو لە دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام خۆشبەختانە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا توانیومانە بەسەر هەموو ئەو بەربەستانەدا زاڵ ببین و ئاستی رۆشنبیریی ژنانی ناوچەکە بەگشتی و ژنانی ماڵەوە بەتایبەتی تا رادەیەکی 
زۆر بگۆڕین.
ژنانی بەجێماوی ئەنفال
بەختەوەر عەبدوڵڵا سەبارەت بە کارەکانیان لە بواری خزمەتکردن بە ژنانی بەجێماوی ئەنفال وتی: بێگومان لە رێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە هاوکاریی ژنانی ئەنفالمان کردووە، لە هەر کاتێکدا کە پێویستیان پێبووبێت، هاوکات یەکێک لە ئەرکەکانی من هاوکاریکردنی ئەو ژنانەی ناوچەکە بووە، لەپێناو شکاندنی رێچکەی کارکردن و هاتنە مەیدانی کارکردنەوە بە یەکسانی، بۆ نموونە توانیمان خەڵاتی ماددی ئەو سێ ژنە بکەین کە پێشەنگ بوون لە هاتنە نێو بواری کارەوە لە شاری کەلار، خۆشبەختانە لە دوای ئەو خەڵاتکردنەوە ژنی زیاتر هاتنە پێشەوە و دەستیان بە کاری وەک شۆفێری تاکسی کرد، ئێستا کەلار خاوەنی کۆمەڵێک ژنی بەتوانایە کە کاری شۆفێریی تاکسی دەکەن و ناوچەی گەرمیان خاوەنی دوو نووسینگەی شۆفێریین کە مامۆستاکانیان و کارمەندەکانیان هەموویان ژنن. 
بەختەوەر سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی چی دیکە بکرێت لەپێناو بەرەوپێشچوونی ژنانی گەرمیاندا؟ رای وابوو یەکێک لە خاڵە گرنگەکان بۆ ژنانی گەرمیان بەردەوامبوونی هاندان و هاوکاریکردنە، هەروەها پشتیوانیی حکومەت و حزب و رێکخراوەکانە بەو پێیەی ناوچەی گەرمیان زیانێکی زۆری لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بەرکەوتووە، لەو نێوەندەشدا ژن بە پلەی یەکەم زەرەرمەندبووە، بۆیە دەرخستنی ژنە لێهاتووەکان و خەڵاتکردنیان لەپێناو بە هێزکردنیان و هاندانیان بۆ بەردەوامبوون لە بوارەکانی خۆیاندا، کارێکی زۆر باشە. ئێمەش ساڵانە ئەو کچانەی ئاستی بەرز لەبواری خوێندندا بەدەستدەهێنن خەڵاتیان دەکەین، هەروەها ئەو ژنانە خەڵات دەکەین کە لەو سەنتەر و نووسینگانەدان و ئێمە سپۆنسەریانین، وەک جۆرێک لە پاڵپشتیی بۆ ئەو ژنانە و شانازییەک بۆ ناوچەکە.
دواجار بەختەوەر عەبدوڵڵا وتی: بەردەوامیم لەم کارەدا تەنها سوودی دڵخۆشبوونی منە، لەوەی ببینم ئەو شارەی کە تێیدا لەدایکبووم رۆژبەڕۆژ لە بەرەوپێشچووندا بێت، هەروەها خۆشحاڵ دەبم هاوکاربم لە زیادکردنی رێژەی ئەو ژنانەی لە کارەکانیاندا پێشدەکەون، جێگەی خۆشبەختیشمە لە یەکێک لە بۆنەکاندا بەڕێوەبەری راهێنان و پیشەیی گەرمیان پێی وتم: «تۆ شان بەشانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی من خزمەت بەم شارە دەکەیت و تەنانەت ئێمەش سوود لە چالاکییەکانی تۆ دەبینین».

بابەتە پەیوەندیدارەکان