پاکەتکردنی خۆراک و کاریگەرییە ژینگەییەکانی

11:40 - 2025-02-03
ژینگە
62 جار خوێندراوەتەوە
پیشەسازیی خۆراک، زۆرجار ماددە کیمیایی و زیانبەخشەکان لەخۆدەگرێت کە بەشدارن لە تێکچوونی ژینگەدا

نەشمیل عەلی*

پاکەتکردن یان قوتوکردن، شێوازێکی بەکارهێنراوی بەرفراوانە بۆ پاراستنی خۆراک بە داخستنی لەناو دەفردا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆراک، یاخود پێشکەشکردنی جۆرێکی تر لە هەمان خۆراک. لە کاتێکدا سوودی بەرچاوی وەک کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک و دڵنیابوون لە ئاسایشی خۆراک پێشکەش دەکات، بەڵام کاریگەرییە ژینگەییەکانی پرۆسەی قوتوکردن بابەتێکە جێگەی نیگەرانییە. بەرهەمهێنان و پاکەتکردن و بەکارهێنانی وزە لە قوتکردندا، کەمبوونەوەی سەرچاوەکان و دەردانی گازی گەرمخانەیی و بەرهەمهێنانی پاشماوەکاندا بەشدارن. تێگەیشتن لەم کاریگەرییە ژینگەییانە زۆر گرنگە.
کاریگەرییە پۆزەتیڤەکان
یەکێک لە سوودە سەرەکییە ژینگەییەکان لە قوتوکردندا کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراکە، بەپێی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO)، نزیکەی یەک لەسەر سێی هەموو ئەو خۆراکانەی لە جیهاندا بەرهەمدەهێنرێن بەفیڕۆدەچن، ئەمەش بەشدارە لە دەردانی گازی گەرمخانەیی لە زبڵدانەکاندا، قوتوکردن تەمەنی مانەوەی میوە و سەوزە و شتە لەناوچووەکانی تر درێژدەکاتەوە، ئەمەش خراپبوون و پێویستی و بەردەوامیی بەرهەمهێنانی خۆراک کەمدەکاتەوە، بە پاراستنی بەرهەمی وەرزیی، قوتوکردن هاندەری بەکارهێنانی خۆراکی سەرچاوەی ناوخۆییشە، کە کاربۆنی پەیوەست بە گواستنەوەی خۆراک بۆ مەودای دوور کەمدەکاتەوە.
جگە لەوەش، قوتوکردن لە ماڵەوە پشتگیریی لە شێوازە کشتوکاڵییە بەردەوامەکان دەکات، لە رێگەی پێشخستنی بەکارهێنانی بەرهەمی تازە و ناوخۆیی و وەرزیی، ئەم کارە  پێویستیی بۆ پرۆسێسکردن و پاکەتکردن و پیشەسازیی خۆراک  کەمدەکاتەوە، زۆرجار ماددە کیمیایی و ماددە زیانبەخشەکان لەخۆدەگرن کە بەشدارن لە تێکچوونی ژینگەدا.
کاریگەرییە نێگەتیڤەکان 
سەرەڕای سوودەکانی، قوتوکردن چەندین لایەنی خراپی ژینگەیی هەیە، بەرهەمهێنانی دەبە و دەفری کانزا و پەرداخی شووشە پێویستیی بە بڕێکی بەرچاو لە کەرەستەی خاو هەیە، لەوانە ئەلەمنیۆم و سیلیکا. دەرهێنان و پرۆسێسکردنی ئەم ماددانە وزە بەکاردەهێنێت و گازی گەرمخانەیی دروست دەکەن. توێژینەوەیەکی کۆمەڵەی ئەلەمنیۆمی ئەوروپی ساڵی (2018) کراوە دەریدەخات بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆم وزەی زۆری دەوێت، کە بەشدارە لە نزیکەی 2 % ی دەردانی CO2ی جیهان.
سەرەڕای ئەوەش، پرۆسەی قوتوکردن خۆی پێویستی بە وزەیەکی بەرچاو هەیە بۆ تەعقیمکردنی خۆراک لە رێگەی چارەسەرکردنی گەرمییەوە، ئەم بەکارهێنانی وزەیە بەشدارە لە دەردانی کاربۆنی بەرهەمەکان، هەروەها فڕێدانی نادروستی دەبە و پەرداخەکان، دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە ئەگەر رێژەی ریسایکلکردن کەم بێت.
پاکەتکردن، بە تایبەتی ئەو پلاستیکانەی یەکجار بەکاردێن، بەشێوەیەکی سەرەکی بەشدارن لە پیسبوونی ژینگە، لەم ساڵانەی دواتردا ئەمەیان بەشێوەیەکی بەرچاو دەبینین لە کوردستاندا هەر لە سفرەی خوانەکانمانەوە تا دەفری خواردن و کەوچك و سەرجەم پێداویستییە رۆژانەییەکانمان کە بەکاریدێنین بەشێوەیەکی بەربڵاو، پلاستیکی یەکجار بەکارهێنراو بەکاردێنین.
گازی گەرمخانەیی دەردەدەن
پلاستیک لە سووتەمەنی بەردینی نوێنەکراوەوە وەردەگیرێت و لە بەرهەمهێنان و فڕێدانیاندا گازی گەرمخانەیی دەردەدەن. ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن تۆن پاشماوەی پلاستیکیی دروست دەبێت، کە بەشێکی بەرچاویان لە زبڵدان و زەریاکاندا کۆتایی دێت، ئەمەش مەترسی لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکان و ئیکۆسیستەم دروست دەکەن، لە کاتێکدا کە ماددە جێگرەوەکانی وەک کاغەز و شووشە و بایۆپلاستیکیش هەیە، هەریەکەیان مامەڵەی ژینگەیی خۆیان هەیە، بۆ نموونە، پاکەتکردنی کاغەز پێویستی بە سەرچاوەی ئاو و وزەی زۆر هەیە، لەکاتێکدا شووشە قورسترە، ئەمەش دەردانی گازی ژەهراوی لە گواستنەوەدا زیاد دەکات.
پاشماوە زیاد دەکەن
پرۆسێسکردنی خۆراک، هەرچەندە پێویستە بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک و بەرزکردنەوەی ئاسایشی خۆراک، بەڵام کاریگەریی لەسەر ژینگەش هەیە. پرۆسەکانی وەک بەستن، قوتوکردن و وشککردنەوە بڕێکی زۆر کارەبای دەوێت. سەرەڕای ئەوەش، ئەم پرۆسانە بەرهەمی لاوەکیی و پاشماوەی وەک ئاوی پیس و پاشماوەی ئۆرگانیک بەرهەمدەهێنن، کە ئەگەر بە باشی بەڕێوەنەبرێن، دەتوانن ئاو و خاک پیس بکەن، ئەو پاکەتانەی کە لە خۆراکە پرۆسێسکراوەکاندا بەکاردەهێنرێن، پیسبوونی ژینگە زیاتر دەکەن بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی پاشماوە.
لە کۆتاییدا، لە کاتێکدا کە پاکەتکردن و پرۆسێسکردنی خۆراک بۆ سیستەمی خۆراکیی مۆدێرن پێویستن، بەڵام دەرئەنجامە ژینگەییەکانیان پێویستی بە کردەوەی بەپەلە هەیە. دەستێوەردانەکانی سیاسەت، وەک بەرپرسیارێتی درێژکراوەی بەرهەمهێنەر (EPR) و رێسای توندتر سەبارەت بە بەڕێوەبردنی پاشماوەکان زۆر گرنگن، هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان پیشەسازییەکان، حکومەتەکان و بەکاربەران دەتوانن رێگەخۆش بکەن بۆ پراکتیزەکردنی بەردەوام کە زیانەکانی ئیکۆلۆژی کەم بکەنەوە.

*ماستەر لە تەکنۆلۆژیای خۆراک، مامۆستا و توێژەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتیی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی

بابەتە پەیوەندیدارەکان