یونسێف: %60ی لاوانی عیراق كارامە نین

09:57 - 2022-07-26
دووتوێ
439 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

یونسێف رایدەگەیەنێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، سێ لەسەر چواری لاوان (15-24) لە 92 وڵاتدا كە عیراق یەكێكە لەو وڵاتانە، هەلی دەستەبەركردنی كارامەیی پێویستییان نییە بۆ كاركردن لە بوارێكی دیاریكراودا، ئەمەش لە راپۆرتێكدا ئاماژەی پێكراوە كە لە 20ی تەمموزی 2022 لەلایەن دەستەی فێركاریی یونسێفەوە بە بۆنەی رۆژی جیهانی كارامەیی لاوانەوە بڵاوكرابۆوە.  
زانیارییەكان ئاستی نزمی كارامەیی لەنێوان منداڵان و لاواندا دەردەخەن لە تەواوی توێژەكانی ئەو تەمەنە، لەكاتێكدا لاوان لەو وڵاتانەی داهاتییان كەمترە كارامەیی پێویستییان هەیە بۆ دەستەبەركردنی قوتی ژیانیان، بە تایبەت لەڕووی دەستەبەركردنی هەلی ئەو كاروپیشانەی پەیوەندییان بە دواڕۆژەوە هەیە كە بە هەلی كاری شیاو و هەلی پێشەنگی و سەركردایەتی لە كارەكاندا دادەنرێن، ئەمەش لە راپۆرتەكەدا خراوەتەڕوو.
رۆبەرت جەنگیز، بەڕێوەبەری فێركاری لە یۆنسێف لەو بارەیەوە رایگەیاندووە»بوونی نەوەیەك لە منداڵان و لاوانی خاوەن كارامە، گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ بەدیهێنانی گەشەكردن و پێشكەوتن و سەركەوتنی كۆمەڵایەتی و ئابوری. بەڵام زۆربەی منداڵان و لاوان، لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان، سیستمەكانی فێركاریی ستەمی لێكردوون، بەبێ‌ خوێندن و بەبێ‌ ئیلهام و بەبێ‌ كارامەیی بەجێیهێشتوون- ئەمەش ئەو گەردەلول و زریانەیە كە كۆمەڵگەیەكی نابەرهەمهێن دەخولقێنێت». 
راپۆرتەكە جەخت لەسەر پێویستی بەگەڕخستنی وەبەرهێنانێكی بەسودی ئابوری و چارەسەرێكی رەسەن دەكاتەوە، لەپێناو پتەوكردنی فێركاریی و گەشەی كارامەییەكان بۆ نەوەی ئێستا و نەوەكانی ئایندە بەشێوەیەكی خێراتر لەپێناو چارەسەركردنی تەنگژەكە». 
لە عیراقدا، لاوان گەورەترین توێژی دانیشتوان پێكدەهێنن، راپۆرتەكەی یونسێف لەو بارەیەوە دەڵێت»59.2%ی ئەو لاوانەی تەمەنییان لەنێوان 15-24 ساڵاندایە، كارامەیی ئەلیكترۆنییان نییە كە دەكرێت لێوەی چالاكییە بنەڕەتییەكانی پەیوەست بە كۆمپیوتەرەوە ئەنجام بدەن. هەروەها لاوان بواری دەستەبەركردنی هەلی فێركارییەكی وەهایان بۆ نەڕەخساوە، تا لێوەی كارامەیی بۆ ژیان و گوزەران دابین بكەن و شیاوی دامەزراندنبن و كارامە و پێشەنگبن بۆ چوونە نێو بازاڕی كار. 
راپۆرتەكە دەڵێت، وێڕای ئەمەش، هەلی زۆر بەردەست نییە بۆ تەیاركردنی لاوان بە كارامەیی پێویست بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی تێكەڵبوونی مەدەنی، تا لێوەی كاریگەر و هۆشیاربن و ئاستی بەشدارییان لە پرۆسەكانی دروستكردنی بڕیاردا بەرزبكەنەوە. 
 لە راپۆرتەكەدا هاتووە، جیاوازییە قوڵەكان لەنێوان وڵاتان، و بە تایبەت لەو كۆمەڵگانەی زیاتر هەژارن، روویان لە زیادبوونە لەگەڵ فراوانبوونی كەلێنی نایەكسانی. 
لانی كەم لە وڵاتێكدا لە كۆی سێ‌ وڵات، كە زانیارییان لەبارەوە فەراهەمكراوە، دەبینرێت 85%ی لاوان لە دەرەوەی رێڕەوی فێركاریی ئامادەیی، و شارەزایی ئەلیكترۆنی و دەستەبەركردنی كارامەیی شیاون بۆ دامەزراندن. 
لیز ستێر، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دەستەی فێركاری دەڵێت»لەپێناو بەخشینی هەلی باشتر بە لاوان بۆ سەركەوتن و قەرەبووكردنەوەی ئەوەی لەدەستییان داوە لە فێركاریدا بەهۆی پەتاكەوە، پێویستە پشتیوانییەكی هەمەلایەنەیان لێبكەین. بەڵام ناتوانین ئەوە زیندووبكەینەوە كە ناتوانرێت بپێورێت. پێویستە لە رەوشی ئێستای منداڵان و لاوان تێبگەین، لەڕووی هەوڵی بنیاتنانی ئەو كارامەییەی پێویستیانە و بەدواچوون بۆ پێشكەوتنییان بكەین. بۆیە دەستەی فێركاری لە یۆنسێف لەگەڵ هاوبەشەكانی كاردەكات بۆ چارەسەركردنی كەلێنەكان لەو زانیارییانەی دستەبەردەكرێن، لەوانەش بەگەڕخستنی كاتژمێری جیهانی بۆ كارامەیی، لەپێناو یارمەتیدانیان لە بەدواداچوونی پێشكەوتن لە دەستەبەركردنی كارامەیی و هۆشیاری لەلایەن لاوانەوە، تا بتوانیین ئامانجە خێراكان دیاریی بكەین بۆ كاركردن و ئامادەكردنی نەوەیەكی پڕچەك بە كارامەیی ژیان بۆ ئایندە». 
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، زانیارییە رەخساوەكان لە 77 وڵاتەوە دەریدەخەن كە لانی كەم سێ‌ لەسەر چواری منداڵان لە تەمەنی سێ‌ بۆ پێنج ساڵی تەمەنیان، گەشەیەكی هاوسەنگییان هەیە، لانی كەم لە سێ‌ بۆ چوار بوار كە خۆیان لە بوارەكانی زانینی خویندن و نوسین و ژماردن و گەشەی جەستەیی و كۆمەڵایەتی- كارێلێك و فێركاریدا دەبیننەوە. زۆرینەی منداڵان لە تەمەنی نزیكەی 10 ساڵیدا لەو وڵاتانەی داهاتێكی نزم و مامناوەندییان هەیە، توانای خوێندنەوە یان تێگەیشتنیان نییە بۆ دەقە ئاسانەكانیان، لەكاتێكدا ئەو كارامەییە بنەڕەتیانە بە هەوێنی نیاتنانی پەرەپێدانی زیاتری فێركاریی و كارامەییەكان دادەنرێن. 
لای خۆیەوە، شیما سین گۆبتا نوێنەری یۆنسێف لە عیراق دەڵێت»ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە كە دەبێت كارامەیی منداڵان و لاوان بنیاتبنێن، لەپێناو ئەوەی بتوانن واتایەكی قوڵ بۆ بەتوانایی بهێنینەدی. لەگەڵ ئەمەشدا ماوەی داخستنی خوێندنگەكان بەهۆی پەتای كۆرۆناوە رێگربوو لەبەردەم بەردەوامبوونی گەشەپێدانی كارامەییەكان. بەڵام یۆنسێف بەردەوام دەبێت لەكاركردن لەگەڵ حكومەتی عیراق و هاوبەشەكانی تر بۆ دابینكردنی بوونی ئەو دەستپێشخەرییانەی هەمەلایەنەتر و فراوانترن بۆ گەشەپێدانی كارامەیی، لەپێناو هێنانەدی ئەو دیدەی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە هەموو منداڵ و لاواێك لە زۆربەی ئەو بوارانەدا پەرە بەخۆی بدات كە پێویستن بۆ سەركەوتن لە خوێندنگە، و كار و ژیان». 
یۆنسێف و دەستەی فێركاریی، ستایشی ئەو حكومەتانە دەكەن كە خوێندنی باش بۆ هەموو منداڵان دابین دەكەن، و ئەو بەربەرست و ئاستەنگانە ناهێڵن كە دەبنە مایەی كەوتنیان، و هەڵسەنگاندن بۆ ئاستەكانی فێركاریی منداڵان دەكەن، و پۆلی تایبەت بۆ قەربووكردنەوەی  فێركاریی تەرخان دەكەن، تا هاوشانی ئەوانی تربن و دوانەكەون، كارامەیی بنەڕەتی دەكەنە دەستپێكی كارەكان بۆ بنیاتنانی بنكەیەكی پتەو بۆ فێركاریی و بەردەوامبوون، و پشتیوانی لە تەندروستی و سەلامەتی دەروونی منداڵان دەكەن، لەپێناو دابینكردنی پشتیوانییەكی هەمەلایەنە. 
راپۆرتەكە پێویستییەكان دیاریی دەكات بۆ دابینكردنی زانیاریی زیاتر لەبارەی كەلێنەكانی كارامەیی لەنێو منداڵان و لاوان لە تەواوی ئاست و تەمەناكاندا. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان