بوژانەوەی ئابووری لە سایەی بەهای دینار و ئاسایشی خۆراك و داهاتی تاكدا

09:59 - 2022-07-26
دووتوێ
384 جار خوێندراوەتەوە
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەریی لەسەر بوژانەوەی ئابوری و باشبوونی گوزەرانی هاووڵاتی هەیە

ئاوێنەی عیراق

هەیسەم جبوری راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابوری، ئاماژە بە بوونی دیدێكی ئابوری دەكات بۆ قۆناغی داهاتوو كە بەشێكی نوسراوەتەوە، دەركەوتووترینیان بیرۆكەی گۆڕینی رەوشی وەزارەتەكانی گواستنەوە و پەیوەندییەكان و ناوخۆ و بازرگانییە لە پارەداركردنی ناوەندی بۆ پارەداركردنی خۆیی. 
جبوری لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»دەكرێت سود لە داهاتە بەدەستهاتووەكان وەربگیرێت، لەڕێی كۆمپانیا گەورە رەسەنەكانی دەوڵەت، یان ئەو داهاتانەی لەڕێی كارەكانیانەوە بەدەستهاتوون، دەكرێت سود لەو پارەیە وەربگیرێت كە لەلایەن خەزێنەی دەوڵەتەوە بۆیان تەرخان دەكرێت لە پرۆژەكانی گەشەپێدان و بەرهەمهێنان». 
بە وتەی جبوری»لەرووی نرخی خەرجی دۆلارەوە دیدێكی تر هاتۆتەوە ئارا، لەپێناو گێڕانەوەی متمانە بۆ بەهێزكردنی بەهای دیناری عیراقی، ئەمەش نابێت لەڕێی بڕیارێكی هاوشێوەی ئەو بڕیارە بێت كە بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار دەركرا، بەڵكو دەبێت لەڕێی چاكسازییەكی ئابوری راستەقینەوە و زیادكردنی داهاتە نانەوتییەكانەوە بێت، بە پلانێك كە لە ساڵێكەوە بۆ چوار ساڵ درێژە بكێشێت، لەگەڵ زیادكردنی قەبارەی وەبەرهێنان لە وڵاتدا لەڕێی رازیكردنی وەبەرهێنەرانی عیراقی بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەكانیان لەناوخۆدا كە پێویستە ئاسانكارییان بۆ بكرێت و هانبدرێن، تا لەناوخۆی وڵاتدا سەرمایەكانیان لە وەبەرهێناندا بخەنەگەڕ». 
راوێژكارە ئابورییەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت»لە چوارچێوەی دیدەكان، تەواوكردنی رێكارە حكومییەكان و بەستنەوەی ئەلیكترۆنی و دەستكاریكردنی رێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستە حكومییەكان، و مەسەلەی لێبوردنی باجەكانە لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر زیادكردنی سەرچاوەكانی باج لەڕێی كۆ‌ومپانیا و كەساتییەكان سودمەندەكان»، نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی كە «لە پرسی باجدا پێداگری لەسەر هاووڵاتی ئاسایی دەكرێتەوە، لەكاتێكدا زۆربەی كۆمپانیاكان لە حیساباتی كۆتایی خۆیان دەدزنەوە، بەو پێیەی رەشنوسن و جێگیرنەكراون». 
هەیسەم جبوری پێیوایە»دەكرێت داهاتە گومرگییەكان زیادبكرێن و پارەیەكی زۆر دەستەبەر بكرێت، گەر دەسەڵاتی حكومی لە خاڵە سنورییەكاندا بە تەواوەتی بەرقەرار و جێگیربكرێت».  
جبوری جەختی لەسەر پێویستی بەگەڕخستنی كۆكردنەوەی پارەی وزەی كارەبا كردەوە كە بۆ هاووڵاتیان و كۆگا و مۆڵ و دامەزراوە بازرگانییەكان دابین دەكرێت، بەو پێیەی وەزارەتی كارەبا لەئێستادا تەنیا لەسەدا 7ی پارەی كارەبا دەستەبەر دەكات، هەروەها دیدە نوێیەكە، دامەزراندنی كۆمپانیای مۆڵەتی چوارەم بۆ مۆبایل لەخۆدەگرێت، لەگەڵ بەگەڕخستنی گەڕەكانی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە كانزاكانی تری هاوشێوەی نەوت، و یەكخستنی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران ، بەبێ‌ ئەوەی كۆی گشتی بڕە پارەی تەرخانكراو زیاد بكرێت كە لە چوارچێوەی بایەخ و ئەركی حكومەتی داهاتوودا دەبێت، چونكە ناكرێت فەرمانبەرێك لە وەزارەتێكدا 5 هێندەی فەرمانبەرێكی تر ببات كە هەمان ناونیشان و پلە و بڕوانامەی هەیە». 

ئاسایشی خۆراك 
لەگەڵ هەوڵەكان بۆ بوژانەوەی ئابوری وڵات، راپۆرتێكی رەسمی زیانەكانی یاسای ئاسایشی خۆراك ئاشكرا دەكات بۆ هاووڵاتی عیراقی كە لەم ماوەیەی دواییدا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندكرا و خرایە بواری جێبەجێكردنەوە. 
نەبیل جەبار عەلی، پسپۆڕی ئابوری لەو بارەیەوە رایگەیاندووە»زۆر بە راشكاوانە دەڵێم، ئەو هیوایەی كە سیاسییەكان بەخشیانە گەلی عیراق سەبارەت بە یاسای ئاسایشی خۆراك، جگە لە هیوایەكی پوچ چی دی نییە». 
بە وتەی جەبار عەلی»بەپێی راپۆرتێك كە لەلایەن رۆژنامەی رەسمی لەم ماوەیەی دواییدا بڵاوكرایەوە، ئامانج لە یاساكە و كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ تێپەڕاندنی، رەخساندنی بوار بوو بۆ حكومەتی كاربەڕێكەر، تا 25 ترلیۆن دیناری زیادەی بۆ خەرج بكرێت و بخرێتە بواری خەرجییە ئاساییەكان، زیادكردنی بڕی خەرجییە گشتییەكانی وڵات (120 ترلیۆن دینارە كە لەماوەی ساڵی 2022دا خەرج دەكرێت)». 
ئەو پسپۆڕە ئابورییە دەڵێت»بەپێچەوانەی ئەوەی دەوترێت، داڕشتنی ئەو یاسایە كاریگەریی هەیە لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتی عیراقی، بەو پێیەی خەرجییە حكومییە گشتییەكان لە 10 ترلیۆن دیناری مانگانەوە بۆ 15 ترلیۆن دیناری مانگانە زیاد دەكات ، لەدوای ئەوەی یاساكە دەخرێتە بوای جێبەجێكردنەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی بەرزكردنەوەی ئاستی هەڵاوسان لە سایەی نەبووی سیاسەتێكی خەرجی رێكخراو و سیاسەتێكی نەختینەی ئاسانكاردا». 
 
داهاتی تاك 
لەبارەی داهاتی تاك لە وڵاتدا، وەزارەتی پلاندانانی عیراقی، پێشبینی دەكات ناوەندی داهاتی تاك لە ساڵی 2022 لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا روو لە بەرزبوونەوە بكات. 
عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە»ناوەندی پشكی تاك لە داهاتی ناوخۆ بەپێی نرخی جاری بۆ ساڵی 2021 گەیشتۆتە 5 بۆ 6 ملیۆن دینار كە دەكاتە 4 هەزار دۆلار».  
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت»بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەدیهێنانی داهاتی زیاتر، دەبێتە مایەی بەرزكردنەوەی ناوەندی داهاتی تاك لەماوەی ئەمساڵدا، تێكڕای داهاتی تاكیش بەرەنجامی دابەشكردنی داهاتەكانی وڵاتە بەسەر ژمارەی دانیشتواندا». 
بە وتەی هنداوی»پشكی تاك یان داهاتی  تاك، دەستەواژەیەكی ئابورییە و پلەی گەشەی ئابوری لە وڵاتاندا پێدەپێورێت و كاریگەریی كۆمەڵایەتی دروست دەكات، ئەمەش لەڕێی دابەشكردنی بەهای كۆی گشتی داهاتی ناوخۆیە بەسەر ژمارەی دانیشتوان». 
عیراق لەو وڵاتانەیە كە پشت بە یەك سەرچاوەی داهات دەبەستێت و داهاتی نەوتیش بەشێوەیەكی نیمچە تەواوەتی بودجەی گشتی وڵات پێكدەهێنێت، لەماوەی ساڵی 2020 وڵات بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، بە رەوشێكی ئابوری قورسدا تێپەڕی، بەڵام دوای ئەوەی نرخی نەوت لە كۆتایی ساڵی 2021 و سەرەتای 2022 رووی لە بەرزبوونەوە كرد و نرخی بەرمیلێك 100 دۆلاری تێپەڕاند، ئابوری عیراق بوژانەوەی بەخۆوەبینی. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان