ئاوێنەی عیراق
كازمی: نابێت عیراق بكرێتە گۆڕەپانی ململانێ
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ دوو سەرۆكایەتییەكەی تری عیراق و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان لەسەر تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆ و كۆبوونەوە و رایانگەیاند»نابێت ململانێی نێوان توركیا و گرووپە چەكدارەكان لە عیراق یەكلایی بكرێتەوە».
بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن نوسینگەی رۆژنامەوانی مستەفا كازمییەوە بڵاوكرایەوە»لەسەر بانگهێشتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و سەرۆكایەتییەكان و سەرۆكی هێزە سیاسییەكان، لەبارەی بۆردومانەكەی توركیا بۆسەر ناوچەیەكی گەشتیاریی لە زاخۆ، كۆبوونەوە».
بە گوێرەی راگەیەندراوەكە»لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لەسەر یەكڕیزیی هەڵوێستی نیشتمانییانە بۆ پاراستنی سەروەریی خاكی عیراق و گیانی عیراقییەكان»
لە كۆبوونەوەكەدا ئیدانەی بۆردومانەكە كرا و پشتیوانیكرا لە رێكارەكانی پەیوەست بە تۆماركردنی سكاڵای نێودەوڵەتی لەسەر ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دهۆك.
هەر لە لە راگەیەندراوەكەدا هاتبوو»نابێت بە هیچ شێوەیەك عیراق وەك گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێكانی نێوان توركیا و گروپە چەكدارەكان بەكاربهێنرێت».
لە كۆبوونەوەكەشدا داوا لە حكومەت كرا لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەروەری عیراق، رێگە بگیرێت لە دووبارەبوونەوەی هێرش و پەلامارەكان.
ئەعرەجی: رێكاری گرنگ دەگیرێتەبەر
هەر لەبارەی دەستدرێژییەكانی توركیاوە، قاسم ئەعرەجی راوێكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق رایگەیاند، حكومەت رێكاری گرنگ وەك وەڵامی بۆردومانەكەی توركیا بۆ دهۆك دەگرێتەبەر، داواشی لە گەلی عیراق دانبەخۆداگربن.
ئەعرەجی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە 22ی تەمموزی 2022 رایگەیاند:”تاوانێك لەلایەن هێزەكانی توركیا ئەنجامدرا كە خۆی لە بۆردومانی ناوچەیەكی گەشتیاریدا بینییەوە و تێیدا 9 كەس شەهید بوون و 31 كەسی تر برینداربوون”.
بە وتەی ئەعرەجی”حكومەت ژمارەیەك رێكاری گرنگ و باشی گرتۆتەبەر كە خۆی لە بەرزكردنەوەی سكاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكان و بانگهێشتكردنی باڵیۆزی عیراق لە ئەنقەرە بۆ وتوێژ و رادەستكردنی یاداشتی نارەزایی بە باڵیۆزی توركیا لە بەغدادا بینییەوە”.
ئەعرەجی راگەیاند:”هێزە نیشتمانییەكان لە نوسینگەی سەرۆك وەزیران كۆبوونەوەیەكیان سازكرد و تێیدا گفتووگۆ لەسەر چەند بابەتێك كرا و هەڵوێستێكی یەكگرتووی نیشتمانی دەركرا، لێرەوە ستایشی ئەو هاریكارییە دەكەم لە نێوان هێزە سیاسییەكان و حزبەكان و گەلی عیراق، لەگەڵ هەموو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كە هاوسۆزبوون لەگەڵ كەسوكاریی قوربانییەكان، و بەرگریكردن لە مافی گەلی عیراق، و رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەكان و كوشتنی هاووڵاتیانی عیراقی بەوشێوەیە».
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق، داوای لە گەل كرد دانبەخۆداگربن و بەدەم هەندێك بانگەشە و داواكارییەوە نەچن كە بە بۆچوونی ئەو، پشێویان لێدەكەوێتەوە.
پلانی دوای كۆتایی هاتنی رێكەوننامەی لۆزان
لەلایەكی ترەوە، محمود حەیانی سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، توركیا دەستیكردووە بە هاتنە نێو باكووری عیراق، وەك خۆئامادەكردن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكەی لە دوای كۆتایی هاتنی رێكەوتنی لۆزان لە 2023دا.
حەیانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە”دوایین بۆردومانی توركیا لە دهۆك، سەرەتای هاتنەناوەوەی وڵاتەكەیە بۆ باكووری عیراق كە پیلان دادەڕێژێت بۆ پاش كۆتایی هاتنی رێككەوتنی لۆزان لە ساڵی 2023».
حەیانی سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە سازنەكردنی دەستبەجێی دانیشتنێكی پەرلەمان لە پاش كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان لە بۆردومانەكەی توركیا بۆ سەیرانگەیەك لە پارێزگای دهۆك.
حەیانی دەڵێت”حەشد بە تەنیا دەتوانێت خاكی عیراق لە هێزەكانی توركیا پاكبكاتەوە، بەڵام كارەكە رەزامەندی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و سەركردایەتی هەرێمی كوردستانی دەوێت».
پچڕاندنی پەیوەندییەكان
زوحا قەیسەر پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، وردەكاریی دانیشتنەكەی پەرلەمانی ئاشكرا كرد كە بۆ تاوتوێكردنی دەستدرێژییەكانی توركیا سازكرا و رایگەیاند:”پەرلەمان بەنیازبوو چەند رێوشوێنێك بگرێتەبەر، لەنێوانیاندا پچڕاندنی پەیوەندییە ئابوری و دیپلۆماسییەكان لەگەڵ توركیا».
قەیسەر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو:»دانیشتنەكەی پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ وڵاتە بیانییەكان و لەنێوانیاندا توركیا بەخۆوەبینی».
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا:”پەرلەمان بەنیازە چەند رێوشوێنێكی توند دژ بە توركیا بگرێتەبەر، لەوانە داخستنی سنورەكان و راگرتنی گەشتە ئاسمانی و وشكانییەكان و راگرتنی مامەڵەی ئابوری و بازرگانی، ئەوەی لەلایەن پەرلەمانیشەوە بڕیاری لێدەدرێت، دەبێت حكومەتی كاربەڕێكەر وەك وەڵامێك بەرامبەر بە داگیركاریی توركیا و وەك تۆڵەیەك بۆ خوێنی شەهیدان، جێبەجێیان بكات».
پێشتر عەلی فەتلاوی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح، رەخنەی لە وەڵامی لاوازیی حكومەتی عیراق گرتبوو بەرامبەر بە بۆردومانەكەی 20ی تەمموزی 2022 و رایگەیاندبوو، “وەڵامی دیپلۆماسی بەرامبەر بەو تاوانانە، بەبازاڕكردنی پرسەكەیە».
بایكۆتكردنی بازرگانی
وەك وەڵامدانەوەی لایەنی توركیا، ژووری بازرگانی بەغدا داوای بایكۆتكردنی كاڵا و كەلوپەلی توركی كرد، بەهۆی بۆردومانەكەی ئەم دواییە كە بووە مایەی كوژرانی 9 هاووڵاتی و برینداربوونی نزیكەی 30 كەسی تر، باسی لە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیش كرد لەگەڵ وڵاتەكە كە گەیشتۆتە 20 ملیار دۆلار، بایكۆتكردنیشی لەگەڵ توركیادا بەپێویست لەقەڵەمدا.
فیراس حەمدانی سەرۆكی ژووری بازرگانی بەغدا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند” ژووری بازرگانی كەرتی تایبەتی عیراقی، داوای راگرتنی كاركردن دەكات لەگەڵ كۆمپانیاكانی توركیا، بەهۆی ئەو دەستدرێژییە چەپەڵەی كرایە سەر هاووڵاتیان لە پارێزگای دهۆك».
بە وتەی حەمدانی»ژووری بازرگانی داوا لە هەموو بازرگانەكانی سەر بە ژووری بازرگانی و ئەوانەی ژێر سایەی دەستەی گشتی ژوورە بازرگانییەكان دەكات، بایكۆتی كاڵاكانی توركیا بكەن، بۆ گەیاندنی پەیامێكی توند بە حكومەتی توركیا كە پەیوەندی ستراتیژمان لەگەڵ هەندێك لە كۆمیانیاكانیان هەیە».
سەرۆكی ژووری بازرگانی بەغدا دەڵێت» قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانە لەگەڵ توركیادا دەگاتە 20 ملیار دۆلار، بایكۆتكردنەكەش زیان بە ئابوری توركیا دەگەیەنێت و پەیامێكی بەهێزی عیراقیشە لەوەی كە توانای بایكۆتكردنی بەرهەمەكانی وڵاتەكەی هەیە، وەك وەڵامێك بەرامبەر بە پێشێلكاریی بەردەوامی توركیا بۆ سەروەریی خاكی عیراق».
ژووری بازرگانی بەغدا داواشی لە سەرۆكی یەكێتیی گشتی ژوورە بازگانییەكان كرد، رێنمایی بدەنە هەموو ژوورە بازرگانییەكان لە هەموو پارێزگاكاندا، بۆ بایكۆتكردنی بازرگانی لەگەڵ توركیا.