ئەرشەد تەحسین
زمانی كوردی وەك هەر زمانێكی زیندووی جیهان خاوەن فەرهەنگێكی وشەسازی و واتازانیی دەوڵەمەندە، بەچەشنێك بۆهەر بارودۆخێك وشە و دەستەواژە و ئیدیۆمی گونجاو و واتاداری داڕشتووە، هەر بەناوهێنانی وشەكە، یان دەستەواژەكە، تێدەگەین مەبەست و ئامانجی چییە. لەو سۆنگەیەوە، بۆ بارینی بەفر و گوزارشتكردن لەكات و جۆر و شێواز و چۆنییەتی بارینی بەفر، چەندین وشە و دەستەواژەی كوردی رەسەن هەن تاڕادەی فەرامۆشكردن، لەبیرچوونەتەوە و بەكارنایەن، چونكە بەشێوەیەكی گشتی بۆ هەموو دۆخەكانی بەفربارین، تەنها یەك وشە یان دەستەواژە بەكار دەهێنرێت، ئەویش «بەفربارین»ە، بێ ئاگا لەوەی لەكوردەواریدا و بە پێی تێپەڕبوونی مێژوو، باوباپیرانمان چەندین ناوی جوانیان بە گوێرەی شێواز و ئاست و جۆری بارینی بەفر داتاشیوە و بەكاریان هێناوە، دەتوانین بەكورتی لێرەدا ئاماژە بەچەند وشە یان دەستەواژەیەك بكەین، كە وەك ناوی بەفربارین بەكاردەهێنرێن.
كلوو بەفر: بەو دەنكانەی بەفر دەوترێت كە دێنە خوار، هەروەك بە باران دەوترێت دڵۆپەی باران.
دوودانك: بریتییە لە دەستپێكردنی بارینی بەفر و باران پێكەوە.
شڵێوە: بارینی بەفر و باران پێكەوە، جیاوازیشی لەگەڵ دوودانك ئەوەیە شڵێوە كاتێك دروست دەبێت كە بارانێكی باش باریوە و لەكاتی باران باریندا كەشێكی سارد دروست دەبێت و بەفریش لەگەڵ بارانەكە دەبارێت و تێكەڵ دەبن، لەبەرئەوەش زەوی تەڕە و بەفرەكە بارانی لەگەڵدایە، بەكەوتنی بەزەوی دەتوێتەوە و دەبێتە ئاو، لەكاتێكدا دوودانك لەكاتی دەستپێكردندا و لەسەرەتاوە باران و بەفر پێكەوە دەبارن.
پروشە: بەفری كەم و هێواش و دەنك دەنك یان كلوو كلوو دەبارێت، كەشێكی ئارام و هێمن و خۆش دروست دەكات بەبێ با و باران و سەرمای زۆر.
پەپولە بەفر: هاتنە خوارەوەی كلووی بەفرەكانە بەشێوەی پەڕەی پان و گەورە، بە هێمنی و لەسەرخۆ هەر دەڵێی بەهەوادا سەما دەكەن، كەشێكی جوان دروست دەكات بای لەگەڵدا نییە.
ژیلە: بارینی بەفری دەنك ورد بە شێوەی لەسەرخۆ، ئەمیش بای لەگەڵدا نییە، بەڵام كەشێكی ساردتر دروست دەكات.
كڕێوە: بارینی بەفری دەنك ورد، کە بای لەگەڵدایە و بەشێوەی توند دەبارێت، دۆخێكی سارد دروست دەكات، لەناوچە چۆڵەكان گێژەڵووكە دروست دەكات، بەهۆی ئەوە رێی كاروانچییەكان ون دەكات و سەریان لێدەشێوێنێ، لەكڕێوەدا مرۆڤ و زیندەوەرانیتر رەق دەبنەوە.
بۆران: كاتێك بارانێكی بەخوڕ و بە لێزمە دەبارێت و بای بەهێزی لەگەڵدایە، لەپڕ دۆخی بارانەكە دەگۆڕێت بۆ بەفر، لەگەڵ با بەهێزەكە هاوتەریب كلووبەفری گەورە دەبارێت و دەكەوێت، لەكوردەواریدا با و بۆران پێكەوە وتراوە.
كەڕەبەفر: بارینی بەفری زۆر ورد لەگەڵ سەرمای بەهێز، ئاستی سەرما توندە و گەیشتووەتە چەند پلەیەك ژێر سفری سەدی.
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا كە دۆخی دابارینی بەفرن دەستەواژەیەكیتر هەیە پێی دەوترێت «زوقم»، ئەگەرچی ئەمیش بەفرە، بەڵام دابارینی لەگەڵدا نییە، بەڵكو كاتێك كەش لەشەواندا زۆر ساردە ئاسمان ساماڵ و سایەقەیە، لەسەر زەوی و كەلوپەلەكانی سەر زەوی كە هیچ نوایەكیان نییە، چینێك بەفری سپی دەكەوێت.
بەواتایەكیتر، كاتێك ئاسمان سایەقەیە و بەفر و شەختە زەوی داپۆشیوە پێی دەوترێت زوقم، شایانی باسە لەبەهاراندا پێی دەوترێت ئاونگ یان شەونم، بەڵام لەبەرئەوەی لەزستاندا كەش ساردە و دەیبەستێت دەبێتە زوقم.
ماوەتەوە بڵێین: لە كوردەواریدا بە هەزاران وشەی جوان و ناوازەمان هەیە بۆ بارودۆخ و كاتە جیاوازەكان، بەڵام لەبەرئەوەی بەتەواوی فەرامۆشكراون و رۆژ بە رۆژ لە بیر دەچنەوە، لەئێستادا سەردەمی تەكنەلۆژیا و پێشكەوتنە نوێیەكانی ژیانە، كاتی خۆیەتی كوردپەروەرانە قۆڵی لێهەڵماڵین و ئەو وشە و دەستەواژە كوردی و رەسەنانە بهێنینەوە ناو ئاخاوتنی رۆژانە و لەكاتی قسەكردندا بەكاریان بهێنین كە لە لێواری فەوتان و لەناوچووندان.