قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی نەختینە لە بانكەكاندا، گرفتی بۆ پرۆژەكان دروستكردووە

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین: بەبڕی زیاتر لە 200 ملیار دینار چەندین پرۆژەی ستراتیژیی جێبەجێكراون

10:06 - 2025-02-05
ڕاپۆرت
650 جار خوێندراوەتەوە
ئاوەدانی لە رانیەی دەروازەی راپەڕین

دیداری/ هەڵكەوت زەنگەنە



ئەندازیار ئاوارە كوێخا عەلی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین، لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: لە سەرەتای دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین لە ساڵی 2016 وە تائێستا، بەبڕی زیاتر لە 200 ملیار دینار چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژیی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین جێبەجێكراون، هەندێکیان ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندان، وتیشی: بەداخەوە قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەی نەختینە لە بانكەكاندا، گرفتی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی سنوورەكە دروستكردووە.

سەردانی تیمی كوردستانی نوێ بۆ ئیدارەی راپەڕین
رۆژی 30/1/2025، تیمێكی كوردستانی نوێ، بە سەرپەرشتی سەرنووسەری رۆژنامەکە، سەردانی دەڤەری راپەڕین-ی كرد و لە رانیە چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ لایەنە حزبی و حكومییەكانی سنوورەكە و مامۆستایانی زانكۆ و نووسەران و رۆژنامەنووساندا، كرد.
 ئامانج لە سەردان و كۆبوونەوەكان، بایەخدانی زیاتری راگەیاندنی یەكێتی و كوردستانی نوێ-یە بە سنوورەكە لە هەموو بوارەكاندا، یەكێك لەو بوارە گرنگانەش شارەوانی و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و كێشە و داواكاریی خەڵك و دانیشتووانی سنووری ئیدارەی راپەڕینە.
تیمی كوردستانی نوێ، هەر لە بەڕێكەوتنمانەوە تا گەیشتنمان بە ناو شاری رانیە، هەستمان بە كاروانی ئاوەدانیی و خزمەتگوزاریی و جێبەجێكردنی چەندین پرۆژە لە سنوورەكەدا کرد، لە هەمانكاتدا چەندین گرفت و پێویستیی لە هەموو بوارەكاندا لەو سنوورە قوربانیدەرە بینرا کە پێویستی بە ئاوڕدانەوەی زیاترە.
لایەنێكی سەردان و كۆبوونەوەكانی تیمی كوردستانی نوێ، بەسەركردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین بوو، لەو سەردانەدا لەگەڵ ئەندازیار ئاوارە كوێخا عەلی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین و سەرۆكی شارەوانییەكانی سنوورەكەدا كۆبووینەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆكرا لەبارەی پرسی بایەخدان بە پرۆژەكانی سنوورەكە و لە هەمانكاتدا خستنەڕووی كەموكوڕییەكان و گرفت و كێشەو داواكارییەكانی هاووڵاتیان.

 

ئەندازیار ئاوارە كوێخا عەلی بۆ  کوردستانی نوێ  :
لەسەر راسپاردەی سەرۆكی یەكێتی، لەلایەن دامەزراوە داراییەكانی یەكێتییەوە، مانگانە بودجەی تایبەت بۆ كۆمپانیای کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تەرخانكراوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین، 12 شارەوانی لەخۆدەگرێت
بۆ گفتوگۆكردنی زیاتر لەوبارەیەوە، ئەندازیار ئاوارە كوێخا عەلی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین، لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین لە ساڵی 2016، دامەزراوە و سەرەتا 15 شارەوانی سنوورەكە لە پشدەر و بیتوێن و بناری مەرگە و دۆڵی خۆشناوەتی لەخۆ دەگرت كە پێكهاتبوون لە شارەوانییەكانی (رانیە، قەڵادزێ، چوارقوڕنە، حاجیاوا، ژاراوە، سەنگەسەر، سەروچاوە، شكارتە، سەركەپكان، بۆسكێن، هێرۆ، هەڵشۆ، ئیسێوە، خدران، بنگرد)، بەڵام ئێستا 12 شارەوانی لەخۆ دەگرێت، لەبەرئەوەی شارەوانیی رانیە سەربەخۆیە و شارەوانییەکانی بنگرد و خدران چوونەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی، وتیشی: سەرجەم شارەوانییەکانی سنوورەکە، رۆژانە بە بەردەوامی لە خزمەتی دانیشتوانی سنوورەكەدان، بۆ ئەو مەبەستەش لێپرسراوانی باڵای حكومەت بە تایبەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەردەوام هاوكار و پشتیوانمان بوون، راشیگەیاند: بەداخەوە قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینە لە بانكەكاندا، كاریگەریی هەبووە لەسەر كاری شارەوانییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵكی سنوورەكە بكەین و بۆ ئەو مەبەستەش درێغیمان نەكردووە.

 

 

دوای سەردانی جێگری سەرۆك وەزیران لە ناوەڕاستی ساڵی 2024، بۆ سنووری ئیدارەی راپەڕین، زیاتر لە 27 پرۆژە تەنها لە سێکتەری شارەوانیدا رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە و ئێستا كار لەسەر جێبەجێكردنیان دەكرێت


بودجەی تەرخانكراو بۆ پرۆژەكانی سنوورەكە
ئاماژەی بەوەشدا: لە ساڵانی رابردوودا لە چەندین بواردا بودجە بۆ سنوورەكە تەرخانكراوە و ئەوەش كاریگەریی بەرچاوی هەبووە لەسەر كاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی، بۆ نموونە تەنها لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بەبڕی زیاتر لە 20 ملیار دینار، چەندین پرۆژە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین جێبەجێكراون، لەسەر بودجەی وەزارەتەكان و بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش، چەندین پرۆژەی ستراتیژیی لە رانیە و قەڵادزێ بەبڕی زیاتر لە حەوت ملیار دینار جێبەجێكراون، هەروەها لە ساڵانی 2022 و 2024، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، بەبڕی زیاتر لە نۆ ملیار دینار، چەندین پرۆژە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە قۆناغی جێبەجێكردندان، تەنها لە ساڵی 2024دا بەبڕی زیاتر لە پێنج ملیار دینار، چەندین پرۆژە لەلایەن بەڵێندەرانەوە چوونە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، راشیگەیاند: دوای سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە ناوەڕاستی ساڵی 2024، بۆ سنووری ئیدارەی راپەڕین، زیاتر لە 27 پرۆژە تەنها لە سێکتەری شارەوانیدا، رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە و پێنج پرۆژەیان لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی، 22 پرۆژەشیان لەسەر بودجەی ئاسایی وەزارەتی شارەوانی، ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین كار لەسەر جێبەجێكردنیان دەكرێت، چەندین پرۆژەی دیکەش لە بوارە جیاوازەکاندا رەزامەندییان بۆ وەرگیراوە.

بایەخدان بە بواری ژینگە 
ئەوەشی خستەڕوو: لە بواری ژینگەدا، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین، خۆڵ و خاشاكی ماڵان و شوێنە گشتییەكان و شەقامەكان و ناوبازاڕ كۆدەكرێنەوە و لە شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك، بە شێوەیەكی تەندروست لەناودەبرێن، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینە لە بانكەكاندا، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا گرفت بۆ پرۆسەی پاككردنەوەی شارەكان دروستبوو، خۆشبەختانە لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەلایەن دامەزراوە داراییەكانی یەكێتییەوە، مانگانە بودجەی تایبەت بۆ كۆمپانیای کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تەرخانكراوە و پرۆسەكە بەبێ گرفت بەڕێوەدەچێت و ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری هەیە بۆ پاكڕاگرتنی ژینگەی سنووری ئیدارەی راپەڕین.

#شارەوانی سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان