رزگار شوانی
بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، لەهۆڵی لقی کەرکوک -ی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق، خولێکی تایبەتی راهێنانی دەروونیی بەڕێوە چوو، خولەکە بۆ ئەو بەشدارانە بوو کە لە رۆژی دەروونییەوە تیپ و یاریزانان ئامادە دەکەن، لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی عەرەبی بۆ بڵاوکردنەوەی زانست و توێژینەوە، بە هاوکاری لقی کەرکوک بەڕێوە چوو.
حەربی خالید سەرۆکی لقی کەرکوک -ی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق، ستایشی سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراقی و وانەبێژان و سەرپەرشتیاریی خولەکە د.عەبدولوەدود ئەحمەد -ی کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم خولە کە تایبەت بوو بە وتنەوەی وانە دەروونییەکان بۆ وەرزشکاران، لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتنیشی بۆ بەشداربوان خولەکە خواست کە توانیان سوود لە وانەبێژان وەربگرن و زانیارییەکان بگوازنەوە بۆ بواری پراکتیکی.
لەلای خۆشییەوە د.عەبدولوەدود ئەحمەد، ئەندامی ئەکادیمیاکە و سەرپەرشتیاری خولەکە، سوپاسی سەرۆکی لقی کەرکوکی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراقی کرد بۆ پەرۆشیان لە بەڕێوەبردنی خولەکەدا، ئاماژەشی بە گرنگی خولەکە کرد لەئامادەکردنی وەرزشکاران و راهێنەران لە رووی دەروونییەوە، شایانی باسە نزیکەی 75 کوڕو کچ لەسەرجەم وەرزشە جۆراو جۆرەکاندا لەم خولەدا بەشداربون.