ئەم كتێبە سەرجەم ئەو وتارانەی خاتوو هێرۆ برایم ئەحمەد لە خۆ دەگرێت كە لە گۆڤاری خاك بڵاویكردوونەتەوە كە بیرو بۆچوونی تایبەتی خاتوو هێرۆ برایم ئەحمەد بووە سەبارەت بە پرسە گرنگ و جیاوازەكان، زۆرینەی ئەو بابەتانە هەر دەڵێی بۆ ئەمڕۆ نووسراون، کتێبەکە بە تیراژی 2500 دانە لە چاپخانەی کارۆ چاپکراوە.
ئاكۆ غەریب لە پێشەكی كتێبەكەدا نووسیویەتی: «ژنێك لە چەشنی شۆڕەبی، ئەو هەمیشە ئامێزێكی كراوە و بێدەنگ بوو، لە ژێر سێبەرەكەیدا یار و نەیار هەستیان بە دڵنیایی دەكرد، ئەو بە رۆژیش هەر خەونی دەبینی بە جوانكردن و ئاوەدانكردنەوە و پاراستنی مێژوو و كەلەپوری میللەتەكەیەوە.
ئەو هاوڕێ سیاسییەكانی كەمتر بوون، بەڵكو زۆرینەی خەڵكی سادە و ساكار و بازاڕ و هونەرمەندان و نووسەران و پیشەوەران و رۆشنبیران بوون. بۆیە لە راستیدا ئەگەر هێرۆخان نەبوایە، ئەمنەسوورەکەش بە دەردی شوێنەكاتی تری هەرێمەكەمان دەچوو، دەڕوخێنرا و خواپێداوێك لە جێگەی، تاوەری بەرز بەرزی قوت دەكردەوە.»
ئاكۆ غەریب بەڕێوەبەری گشتیی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەكە بە دوالاپەڕەی وت: ئەم كتێبە تەنها بریتییە لە 104 وتار كە لە ژمارەكانی گۆڤاری خاكدا، لە گۆشەی(بە كورتی...) بڵاودەكرایەوە، یەكێك لە گۆشەكان هێرۆخان داویەتی بە خاتوو شاناز برایم ئەحمەد بۆ نووسینی وتارێك.
وتی: ئێمە لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەكە وەك وەفادارییەك بۆ بەخشیینەكانی هێرۆخان، ئەركی كۆكردنەوەی وتارەكانمان گرتەئەستۆ و بە سوپاسەوە خاتوو كافیە سلێمان هاوڕێی دێرینی هێرۆخان ئەركی لە چاپدانی كتێبەكەی گرتە ئەستۆ.
كوردۆنیا فەتاح