هەولێر، لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆ-دا

״مام جەلال لە كۆتایی ساڵی 1959وە دەستی بەكاری توێژینەوە كردووە״

11:45 - 2025-02-05
دووتوێ
14 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رەهێڵ سەمەد


لە درێژەی ئەو كۆڕ و سیمینارانەی لە ساڵۆنی لاپەڕە 9ی ناوەندیی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەنجامدەدرێت، رۆژی 1ی شوباتی 2025، كۆڕێك بۆ د. نەوزاد عەلی ئەحمەد بەڕێوەچوو، كە تایبەت بوو  بە ناساندن و دابەشكردنی كتێبی(جلال الطالباني حول المشكلة الكردیة فی العراق) كە لە نووسینی جەلال تاڵەبانییە و بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لە دووتوێی كتێبێك کوردستانی نوێ چاپی كردۆتەوە.
لە سەرەتای كۆڕەكەدا كە ژمارەیەك لە نووسەران و رۆشنبیران و مامۆستایانی زانكۆ ئامادەیبوون،
د. نەوزاد باسی ئامانجەكانی چاپكردنەوەی كتێبەكەی كرد و تیشكی خستە سەر چەند كتێب و لێكۆڵینەوەیەكی مام جەلال، كە لە قۆناغە جیاوازەكانی تەمەنی نووسیویەتی، هاوكات سەرسوڕمانی خۆشی نەشاردەوە لەوەی، بۆچی تائێستا توێژەری ئێمە دركی بەوە نەكردووە، كە مام جەلال توێژەر بووە، بۆئەمەش چەندین سەرنج و پێشنیازی خستەڕوو، بۆئەوەی خوێندنەوەی زیاتر بۆ بابەت و لێكۆڵینەوەكانی (مام) بكرێت و لە زانكۆكان وەك بەشێكی تایبەت بخوێنرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: كاتێك مام جەلال بوو بە سەرۆك كۆمار غەدرێكی ترمان لێكرد، چونكە نەمانتوانی كارێك بكەین خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت، لەكاتێكدا چەندین كەسی ناشایستە لەسەر ئاستی جیهان ئەو خەڵاتەیان پێدرا، بۆیە دەكرا ئێمە كاری لەسەر بكەین و  نۆبڵی ئاشتی بدرێت بە مام جەلال.
هەرلەو كۆڕەدا پێش قسەكردن لەسەر ناوەڕۆكی كتێبی (حول المشكلة الكردیة فی العراق)، د.نەوزاد عەلی ئەحمەد زیاتر باسی ژیانی مام جەلال کرد و وتی: مام جەلال هەر لەتەمەنی بیست و پێنج ساڵییەوە لە كۆتایی ساڵی 1959 دەستی بەكاری توێژینەوە كردووە، كە كارێكی ئەكادیمییە و بریتییە لە كۆمەڵێك پڕەنسیپ، پێویستە توێژەر كار لەسەر ئەو پڕەنسیپانە بكات، پێش هەموو شتێك دەبێت بابەتێكی تازە ساغ بكاتەوە، بە پشتبەستن بە كۆمەڵێك سەرچاوەی بەڵگە نەویست.
وتیشی: هەمیشە لە زۆربەی كۆڕەكاندا كە باسی مام جەلال دەكەم، دەگەڕێمەوە بۆ كتێبی (كوردایەتی، بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوایەتی كوردستان)، مام جەلال خاوەنی تیۆرێكە پێی دەڵێن كوردایەتی، دەكرێت توێژەران كار لەسەر ئەو وشەیە بكەن، بۆئەوەی بزانن مەبەستی چییە، ئەم كتێبە لە كۆتایی پەنجاكاندا نووسراوە، لە كۆبوونەوەی ئەوكاتەی كادیراندا، مام جەلال وەك بابەتێكی ئەكادیمی پێشكەشی كردووە، دواتر پەرەی بەو بابەتە دەدات و  دەیكات بە كتێبێك.
هەروەها باسی لە كتێبێكی دیكەی مام جەلال کرد و وتی: مام جەلال بەگوێرەی نووسین و نامەكانی لەسەر ئەو تەوەرە كاریكردووە، بۆئەوەی شۆڕشی خەڵكی كوردستان سەركەوتوو بێت، ئەو هەمیشە لە نامە و قسەكانیدا دەڵێت:(ئەگەر ئێمە حەرەكەی تەقەدومی عیراقی نەكەین بە هاوبەشی خۆمان، بزووتنەوەكەی ئێمە سەركەوتوو نابێت) مەبەستی بزووتنەوەی كوردایەتییە .
وتیشی: ئەوكاتەی مام جەلال بەشداریی لە لە كۆنفرانسێك دەكات لە جەزائیر، بابەتێك بەناوی (الاشتراكیة و المسألة الكوردیة في العراق) پێشكەش دەكات، ئەمەش یەكێكە لە كارە ئەكادیمییەكان، دەكرێت توێژەران لەسەری بوەستن،  ئەمە جگە لەوەی رەنگە كۆمەڵێك  لێكۆڵینەوە و نووسینی دیكەی مام جەلال هەبێت هێشتا نەدۆزراوەتەوە.
هەروەها وتی: مام جەلال پیاوێك بووە هەمیشە خەریكی نووسین و خوێندنەوە بووە، هەر لەسەر بونیادی خوێندەواری  لێكۆڵینەوەكانی نوسیووە، بۆیە دەتوانم بڵێم هیچ سەركردەیەكی كورد، هێندەی مام جەلال خوێندەوار نەبووە، ئەو هەمیشە سێ یان چوار كتێبی بە یەكەوە خوێندۆتەوە، هەر قسەیەكی بكردایە پشتی بە سەرچاوە دەبەست. پێشیوابوو: مام جەلال بە زەخیرەیەكی گەورەی رۆشنبیری هاتۆتە ناو كایەی حزبایەتی، وەك مامۆستاكانی سەردەمی خۆی دەڵێن، لە قۆناغی سەرەتاییەوە مام جەلال كەسێكی  بزۆک و رۆشنبیر بووە، بۆیە ئەوە دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی كە مام جەلال تەنیا یەك مێشكی نەبووە، ئەوە بۆچوونی خۆمە، چونكە ئەو كاتێك لەگەڵت دەدوێت، لەولاوە گوێ لە كەسێكی تر دەگرێت.
دواتر د. نەوزاد باسی كتێبی (حول المشكلة الكردیة في العراق) كرد و رایگەیاند: ئەم كتێبە سەرەتا لە ساڵی 1989چاپ و بڵاوكراوەتەوە، دواتر بەسوودوەرگرتنم لە دەسنووسەكانی مام جەلال كە لەلای  كاك عومەر شێخ موس پارێزراوە، جارێكی تر ئەو كتێبەمان بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بەچاپگەیاندەوە.
وتیشی: كتێبەكە تایبەتە بە نووسین و دەستنووسەكانی مام جەلال  لە قۆناغەكانی ژیانی سیاسی خۆی، لەبارەی ئەم تەوەرانە(كێشەی كورد لە عیراق و دیاردەكانی شەڕی جینۆساید دژ بەگەلی كورد و بەركارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن حكومەتی ئەوكاتەی عیراق، لەگەڵ ئەو چارەسەرییانە بۆ كێشەی كورد خراونەتەڕوو، وەك چارەسەری بەعسییەكانی عیراق و چارەسەری ناسرییەكان بۆ كێشەی كورد و چارەسەری سۆشیالیستی زانستی و  چارەسەری كێشەی كوردی عیراق لەبارەی سەرنجی كورد و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان) پێشیوایە ئەم كتێبە مانفێستی مام جەلالە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ئینجا هەر حكومەتێك بێت.
هەروەك لە پێشەكی بەشی كوردی كتێبەكەی ئاماژەی بۆ كردووە،
د. نەوزاد ئامانجی چاپكرنەوەی ئەو كتێبە رووندەكاتەوە و دەڵێت: مەبەستم لە چاپكردنەوەی ئەم كتێبە ئەوە بووە، كە دەقە عەرەبیەكەی لێرە چاپ نەكراوە، كاتێكیش چاپە عەرەبییەكەم لەگەڵ دەستنووسەکە بەراورد كرد، چەندین هەڵەی چاپی تێدابوو و لەم كتێبە راستكرانەوە، هاوكات لە نێوان دەقە كوردییەكە و عەرەبییەكەدا هەڵە هەبووە، ئەوانیش راستكردونەتەوە.

 

 

 

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان