راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
بەڕێوەبەری پێشووی هونەری لە نەوت و كانزاكان بۆ کوردستانی نوێ :سەدان جار لیژنەكانمان سزای بەنزینخانەیان داوە، بەهۆی گۆڕینی كوالێتی بەنزینی حکومی، بە پێبژاردن بەبڕی 27 تا 30 ملیۆن دینار، تا داخستنی بەنزینخانەکەش
ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی گرانیی نرخی سووتەمەنی بازرگانی، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنزین دەداتە ژمارەیەک بەنزینخانە و بە نرخی 750 دینار دابەشی دەکەن بەسەر شۆفێراندا.
لە شاری هەولێر 20 بەنزینخانە بەنزینی حکومی دابەش دەکات، ئەو ژمارەیە بەراورد بەو ژمارەی زۆرەی ئۆتۆمبێل کە لە شارەکەدا هەیە کەمە و پێویستییەکانیان پڕ ناکاتەوە، بۆیە رۆژانە قەرەباڵغییەكی زۆر لە سەرەی بەنزیندا دروست دەبێت و شۆفێران بە سەعات لە سەرەی وەرگرتنی بەنزیندا دەوەستن، کە هەندێکجار تا سەرەیان دێت بەنزین تەواو بووە و بەهۆیەوە شەڕ و ئاڵۆزی دروست دەبێت.
بەنزینی حکومی لە شاری هەولێر لە دوو پاڵاوگە بەرهەم دەهێنرێت، یەكێكیان بەرهەمی بۆ 20 بەنزینخانەیە و ئەوی دیکەیان بۆ 10 بەنزینخانە، رۆژانە هەر بەنزینخانەیەك یەك تانكەر بەنزینی پێدەدرێت كە 36 هەزار لیترە
گلەیی شۆفێران
كارزان مەغدید گەنجێكی دانیشتووی شاری هەولێرە بۆ کوردستانی نوێ وتی: لە شاری هەولێر تەنیا چەند بەنزینخانەیەكی كەم بەنزینی حكومی دابەش دەكات، كە بەهۆیەوە دەبێت ماوەی زیاتر لە سەعاتێک لە سەرەدا بوەستین، لەبەرئەوە پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس ژمارەی بەنزینخانەکان زیاد بکات، بۆ ئەوەی شۆفێران زۆر نەوەستن لە سەرەی وەرگرتنی بەنزیندا.
وتیشی: سەرەی بەنزینی حکومی لە بەنزینخانەکاندا زۆر درێژ دەبێتەوە و بەنزینیش بە ماوەیەكی كەم تەواو دەبێت، بەهۆی کەمیی بڕەکەی و کاتەکەی زۆربەی رۆژ شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان شۆفێراندا لەسەر نۆرەگرتن و لەگەڵ کارمەندی بەنزینخانەکە لەسەر زوو تەواو بوونی بەنزینخانەکەدا دروست دەبێت.
بەگشتی دابەشکردنی بەنزینی حکومی سەعات حەوتی بەیانی دەستپێدەکات و لە سەعات 12 نیوەڕۆ تەواو دەبێت.
كارزان دەڵێت: ناكرێت شارێكی گەورەی وەك هەولێر تەنیا 15 تا 20 بەنزینخانە بەنزینی حكومی تێدا دابەشبكرێت، کاتەکەشی تەنیا لە بەیانی تا نیوەڕۆ بێت، زۆربەی هاووڵاتیان کارمەندی حكومەتن و بەهۆی دەوام ناتوانن لەوکاتە دیاریکراوەدا بچن سەرە بگرن، لەبەرئەوە پێویستە ژمارەیەك بەنزینخانە دیاری بکرێت بۆ كاتی ئێوارە بەنزینی حكومی دابەش بكات.
وەڵامی کارمەندێکی بەنزیخانە
كارمەندی بەنزینخانەیەكی هەولێر كە بەنزینی حكومی دابەش دەكات بە کوردستانی نوێی وت: هۆكاری زۆریی سەرەی بەنزین ئێمەنین، بەڵكو بەڕێوەبەرایەتی سووتەمەنی هەولێرە كە ژمارەی بەنزینخانەكانی دابەشكەری بەنزینی حكومی دیاری دەكات و بەنزینیان بەسەردا دابەشدەكات.
وتیشی: بەهۆی ئەوەی ژمارەی بەنزینخانەكانی دابەشكەری بەنزینی حكومی كەمە و ژمارەی ئۆتۆمبێلیش زۆرن، بۆیە بەنزین بە كاتێكی زوو تەواو دەبێت، بەهۆیەوە رۆژانە كێشەمان لەگەڵ شۆفێراندا بۆ دروست دەبێت، ئەوان بڕوا بە ئێمە ناكەن كە بەنزین تەواو بووە. پێمان دەڵێن، لە بازاڕی رەش بە نرخی گرانتر دەیفرۆشنەوە، لەكاتێكدا ئێمە لە سەعات شەش و نیوی بەیانی لە بەنزینخانە ئامادە دەبین بۆ دابەشکردنی بەنزین، بەڵام بەهۆی زۆریی سەرە لە سەعات 12ی نیوەڕۆ بەنزین تەواو دەبێت.
ئەو کارمەندەی بەنزینخانەکە دەڵێت: داوا لە شۆفێرانی هەولێر دەكەین لە كاتی نەمانی بەنزین یان زۆریی سەرەگرتندا گلەیی لە ئێمە نەكەن، بەڵكو بچن گلەیی لە بەڕێوەبەرایەتی سووتەمەنی هەولێر و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بكەن كە ئەوان هۆكارن.
بۆ زانینی هۆكاری كەمیی ژمارەی بەنزینخانەكانی دابەشکەری بەنزینی حکومی، كوردستانی نوێ پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی سووتەمەنی هەولێر كرد، بەڵام ئامادەنەبوون وەڵام بدەنەوە.
هۆکاری کەمیی بەنزینخانەی حکومی
فەتاح قادر شارەزا لە بواری سووتەمەنی و بەڕێوەبەری پێشووی هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر لە بارەی ئەو كێشەیە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: حكومەت رۆژانە بەنزین بە 27 تا 30 بەنزینخانەی شاری هەولێر و قەزا و ناحیەكانی دەوروبەری دەدات، هەروەها هۆكاری كەمیی ژمارەی بەنزینخانەكانی دابەشكەری بەنزینی حكومی لە هەولێر، بۆ كەمیی بەرهەم دەگەڕێتەوە، كە پێویستە زیاد بكرێت ئەوكات ژمارەی بەنزینخانەكانیش زیاد دەبن.
بەنزینی حکومی لە شاری هەولێر لە دوو پاڵاوگە بەرهەم دەهێنرێت، یەكێكیان بەرهەمی بۆ 20 بەنزینخانەیە و ئەوی دیکەیان بۆ 10 بەنزینخانە، رۆژانە هەر بەنزینخانەیەك یەك تانكەر بەنزینی پێدەدرێت كە 36 هەزار لیترە.
وتیشی: مەرجی حكومەت بۆ بەنزینخانەكان ئەوەیە، دەبێت 8 پەمپی بەنزین كەمتری نەبێت، كاربكەن و گۆڕەپانەكەشیان گەورەبێت و كەلوپەلی خۆپارێزیشیان هەبێت، بەڵام هۆكاری زوو تەواوبوونی بەنزین لە بەنزینخانەكاندا بۆ خێرایی پەمپی هەندێكیان یا زۆریی پەمپەكانیان یان زووتر دابەشكردنیان دەگەڕێتەوە.
یەكێكی دیکە لەو كێشانەی لە كاتی وەرگرتنی بەنزینی حكومیدا دروست دەبێت، شۆفێران پێیان وایە ئەو بەنزینە حکومییەکی لە بەنزینخانەکاندا دەفرۆشرێت کوالێتییان جیاوازە و بەنزینی بەنزینخانەیەکیان کوالێتی باشترە بۆیە دەبێتە هۆی دروست بوونی قەرەباڵغی زیاتر لەو بەنزینخانەیەدا، لە کاتێكدا جۆری بەنزینەکە جیاوازی نییە و هەمان بەرهەمە دەدرێتە بەنزینخانەکان، مەگەر بەنزینخانەکە بیگۆڕێت!.
فەتاح قادر شارەزا لە بواری سووتەمەنی دەڵێت: سەدان جار لیژنەكانمان لە پێشوودا سزای بەنزینخانەیانداوە، بەهۆی گۆڕینی كوالێتی بەنزینەکە، یان فرۆشتنی بەنزینی حكومی بە جۆری (موحەسەن) یاخود گۆڕینی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە جۆری حكومی، كە سزاكەی پێبژرادن بووە بە 27 تا 30 ملیۆن دینار یان هەندێكجار داخستنی بەنزینخانەکە بووە.