خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی:
جه‌لال تاڵه‌بانی و هه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی مێژوو
د. محه‌مه‌د گه‌ڵاڵه‌یی
له په‌راوێز و به‌دواداچوونه‌كانی ته‌واوی ئه‌م كتێبه‌دا، هیچ جۆره ستایش كردنێك به‌دی ناكرێت، به‌ڵكو (پ.د. ئه‌حمه‌د حه‌مه‌دئه‌مین ئۆمه‌ر)، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر زانستی و بابه‌تییانه و بێ لایه‌نانه هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی به‌دی كردبێت، راستی كردووەته‌وه
ناساندنی كتێب:
ئه‌م كتێبه به ناونیشانی: (جه‌لال تاڵه‌بانی و هه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی مێژوو) له ساڵی 2023 بڵاوكراوه‌ته‌وه و له بنه‌ڕه‌تیشدا چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانییه له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسی ناوداری عەره‌ب (غه‌سان شەربل) له‌گه‌ڵ (مام جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری پێشووتری عیراق و سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك) له كۆتایی پایزی 1998 ئه‌نجامیداوه، له یه‌ك كاتیش‌دا له رۆژنامه‌ی (الحیاة) و گۆڤاری (الوسط) به زمانی عه‌ره‌بی بڵاوبووەته‌وه و خاتوو شاناز هیرانی وەریگێڕاوەتە سه‌ر زمانی كوردی و (پ. د. ئه‌حمه‌د حه‌مه‌دئه‌مین ئۆمه‌ر)یش پێشه‌كی و به‌دواداچوونی بۆکردووە و په‌راوێزێکی ورد و زانستی بۆ نووسیووه و له دووتوێی (288) لاپه‌ڕه‌ی سه‌رووی مامناوه‌نددا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌شی ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه، بوونی په‌راوێز و به‌دواداچوونێكی زۆری پڕۆفیسۆری ناوبراوه بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان و به‌راوردكردنه‌وه‌ی رووداو و گێڕانه‌وه‌كان و شه‌نوكه‌وكردنی بابه‌ته‌كان، كه ئه‌مه وایكردووه چاوپێكه‌وتنه‌كه له چوارچێوه‌ی چاوپێكه‌وتنێكی مێژووی سیاسیی هاوچه‌رخی مێژووی كورددا ده‌قبگرێت، چونكه ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ وه‌ك ده‌قی چاوپێكه‌وتنێكی ئه‌نجامدراو كاری وه‌رگێڕان و بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆ كرابووایه، ئه‌وا پرسیار و كه‌لێن و كه‌موكورتی ئێجگار زۆری ده‌بوو.
ناوه‌ڕۆكی كتێب:
ئه‌م كتێبه له چوار به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه، كه چاوپێكه‌وتنێكی دوور و درێژی رۆژنامه‌وانیی له‌خۆگرتووه، به‌ڵام به‌پێی ریزبه‌ندیی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كان، نه‌ك به‌پێی ریزبه‌ندیی رووداوه مێژووییه‌كان، چونكه هه‌ر به‌شێك باس له رووداوه مێژووییه‌كانی قۆناغێك ده‌كه‌ن، بۆ نموونه: به‌شی یه‌كه‌م له لاپه‌ڕه‌كانی (13 - 38): له هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عسی رووخاوەوە ده‌ستپێده‌كات و به باسی ناسین و دۆستایه‌تیی (عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان) سه‌رۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان و پڕۆسه‌ی هێنانه‌كایه‌ی ئاشتیی له توركیا كۆتایی دێت.
به‌شی دووه‌میش له لاپه‌ڕه‌كانی (39 - 73): به هه‌ڵوێستی (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) به‌رامبه‌ر به شه‌ڕی عیراق و ئێران له ماوه‌ی 1980 - 1988 ده‌ستپێده‌كات، به باسی دروستكردنی حكومه‌ت و پەرله‌مانی كوردستان و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی (ی.ن.ك) له شاری هه‌ولێر له رۆژی 31ی ئابی 1996 كۆتایی دێت.
هه‌روه‌ها به‌شی سێییه‌می چاوپێكه‌وتنه‌كه له لاپه‌ڕه‌كانی (75 - 109)، كه به له دایكبوونی (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) له ساڵی (1933) ده‌ستپێده‌كات و له‌گه‌ڵ باسی چیرۆكی دۆزینه‌وه‌ی (مه‌لا مسته‌فای بارزانی) له شاری مۆسكۆ، هه‌روه‌ها به ده‌ستپێكی رووداوه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلولی 1961 كۆتایی دێت.
له به‌شی چواره‌می كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌شدا له لاپه‌ڕه‌كانی(111 - 139) هه‌ر باسی رووداوه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلول و سه‌ره‌تاكانی ده‌ستپێكی ئه‌و شۆڕشه‌یه تا لێكترازانه‌كانی نێو ریزه‌كانی(پ.د.ك) و گه‌ڕانه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی له ئێرانه‌وه بۆ كوردستانی عیراق و ریزه‌كانی (پ.د.ك) له 1966 كۆتایی دێت.
شایانی باسه؛ ئه‌م كتێبه پاشكۆیه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ نووسراوه له لاپه‌ڕه‌كانی (141 - 224)، كه پێكهاتووه له ژیاننامه‌ی (168) كه‌سایه‌تیی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، رووناكبیری، سه‌ربازی و ئاینیی و...هتد له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی، نیشتمانی و خۆجێی له ده‌وڵه‌تانی جیهان، عیراق و كوردستاندا، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی به نزیكه‌ی سوودی له (218) سه‌رچاوه‌ی مێژوویی جۆراوجۆر بۆ به‌دواداچوون و پەراوێزدانانی ئه‌م كتێبه به زمانه‌كانی(كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی و ئینگلیزی) وه‌رگرتووه.
چه‌ند سه‌رنجێكی دۆستانه:
هه‌موو كتێبێكی چاپكراو به‌ده‌ر نییه له‌وه‌ی كه ره‌خنه‌ی ئاراسته بكرێت، بۆیه چه‌ند ورده سه‌رنجێكی دۆستانه ده‌خه‌ینه‌ڕوو و ره‌خنه‌ی سه‌ره‌كی له‌م كتێبه ئه‌وه‌یه، كه ده‌بوایه به‌شه‌كانی به‌پێی زنجیره‌ی رووداوه مێژووییه‌كان ریزبه‌ند بکرابایە، بۆنموونه: به‌شی سێیه‌م و چواره‌می ئه‌م كتێبه ببوونایە به به‌شی یه‌كه‌م و دووه‌م، هه‌روه‌ها به‌شی یه‌كه‌م و دووه‌میش به‌هه‌مان شێوه ببوونایە بە به‌شی سێیه‌م و چواره‌م، ئه‌مه‌ش یارمه‌تی خوێنه‌ری ده‌دا، بۆئه‌وه‌ی روونتر و باشتر و به‌پێی زنجیره‌ی رووداوه مێژووییه‌كان له خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌دا سوودێكی ته‌واو وه‌ربگرێت، ئه‌گه‌ر پاساوێكی له‌م جۆره بخرێته‌ڕوو كه له‌به‌ر پارێزگاریكردن له ئه‌مانه‌تی وه‌رگێڕان بووه، ئه‌وا پاساوه‌كه به‌ڕووی به‌جێهێنانی ئه‌مانه‌تی وه‌رگێڕاندا راسته، به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستتره ته‌نها ئاڵۆگۆڕكردنی به‌شه‌كانی ئه‌م كتێبه ده‌بوو و هیچ گۆڕانكارییەكی تر نه‌ده‌بوو، چونكه چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) كاتی خۆی كه له رۆژنامه‌ی (الحیاة) و گۆڤاری (الوسط) بڵاوكراوه‌ته‌وه ئامانجێكی دیاریكراوی خۆی هه‌بووه، چونكه رۆژنامه‌گه‌ریی له جیهان و به‌تایبه‌تیش له‌م ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌دا رۆژنامه‌گه‌رییەكی ئاراسته‌كراوه، جا بۆیه بۆ سیاسه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژنامه و گۆڤاری ئاماژه‌پێكراو به راست زانراوه، كه به‌پێی ئه‌و ویسته‌ی هه‌یانبووه، چاوپێكه‌وتنه‌كه بڵاوبكه‌نه‌وه، به‌ڵام مادام هه‌وڵدراوه له چوارچێوه‌ی كتێبێكی سه‌ربه‌خۆدا چاپ و بڵاوبكرێته‌وه، ده‌بوو به‌شه‌كانی ئه‌م كتێبه به‌پێی زنجیره‌ی رووداوه مێژووییه‌كان ریزبه‌ندیی بۆ بکرایەتەوە، هه‌رچه‌نده خوا هه‌ڵناگرێ (پ. د. ئه‌حمه‌د حه‌مه‌دئه‌مین ئۆمه‌ر) له پێشه‌كیی كتێبه‌كه‌دا (ل 10) ده‌نووسێت: «له راستیدا، ئه‌گه‌رچی ناوه‌ڕۆكی دیداره‌كه پێڕه‌وی له باسكردنی رووداوه مێژووییه‌كان به زنجیره له دوای یه‌كدا نه‌كردووه، به‌ڵام دیسانه‌وه گرنگه و بایه‌خی مێژوویی خۆیان هه‌یه». به‌ڵام ده‌بووایه به‌شه‌كانی كتێبه‌كه به‌پێی زنجیره‌ی رووداوه مێژووییه‌كان رێكبخرانایە.
ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) له دوای قۆناغێكی زۆر چاره‌نووسسازی كوردستان ئه‌نجامدراوه، كه تێیدا باسی له هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌گه‌لێكی شاردراوه‌ی نێو مێژووی هاوچه‌رخی كورد له ماوه‌ی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا كردووه، كه تێیدا درێژخایه‌نترین شه‌ڕی نێوان دوو ده‌وڵه‌تی وه‌ك عیراق و ئێرانی(1980 - 1988) هه‌ڵایساوه، هه‌روه‌ها درێژخایه‌نترین شۆڕشی كورد كه شۆڕشی نوێی گه‌لی كوردستانە (1976 – 1991)ه، تێیدا هه‌ڵگیرساوه، ئه‌مه بێجگه له هاتنه سه‌ر حوكمی یه‌كێك له دڕه‌نده‌ترین رژێم و دیكتاتۆره‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م كه حزبی به‌عس و سه‌ددام حسێن بوون و بۆ ماوه‌ی 35 ساڵ (1968 - 2003) حوكمڕانی عیراق بوون. هه‌روه‌ها هاتنه‌كایه‌ی حكومه‌ت و پەرله‌مانی كوردستان له ساڵی 1992، به هاوته‌ریبی ئه‌م رووداوه مێژووییه‌ش، هه‌ڵایسانی شه‌ڕی ناوخۆ و دووكه‌رتبوونی هه‌رێمی كوردستان -عیراق بۆ دوو ئیداره‌ی جیاواز، سه‌ره‌نجامیش هاتنه‌كایه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی ئاشتیی واشنتۆن له نێوان (ی.ن.ك و پ.د.ك)، كه (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) رێككه‌وتننامه‌ی واشنتۆن به رێككه‌وتننامه‌ی كۆتایی سه‌ده ناوزه‌د ده‌كات.
ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌مان:
یه‌كه‌م: ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی (مام جه‌لال تاڵه‌بانی)، كه چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی مێژوویی هه‌ڵداوه‌ته‌وه، به ساڵێك زیاتر له پێش كۆتاییهاتنی سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌نجامدراوه، باس له رووداوه‌كانی نیو سه‌ده ده‌كات به‌تایبه‌تی له سه‌ره‌تاكانی نیوه‌ی دووه‌م تا كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م، كه تا ئه‌مڕۆش رووداوه‌كانی ئه‌وكات كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئاراسته‌كردنی به‌شێك له رووداو و په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان -عیراق هه‌یه.
دووه‌م: چاوپێكه‌وتنه‌كه له كه‌شێكی ئاشتیی گه‌رمدا ئه‌نجامدراوه، خوێندنه‌وه‌ی رووداوه مێژووییه‌كان له‌لایه‌ن (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) زۆر ورد و هێمنتره به به‌راورد به‌و چاوپێكه‌وتن و گفتوگۆیانه‌ی ناوبراو له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ئه‌نجامی داون، هه‌تا له شیكردنه‌وه‌ی به‌شێكی رووداوه‌كاندا به به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ هه‌مان رووداوه‌كانی نێو كتێبی (دیداری ته‌مه‌ن)یشدا، زۆر وردتر بۆچوونی خۆی ده‌ربڕیووه و نه‌یویستووه حزبه ركابه‌ره‌كانی بریندار بكات، به‌ڵكو بارودۆخی ئاشتیی كۆتایی سه‌ده‌ی زۆر له‌به‌رچاوگرتووه، هه‌رچه‌نده رووداوی مێژوویی گێڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتاش له هه‌ندێك رووداودا زۆر خۆپارێزیی كردووه.
سێیه‌م: ئه‌م كتێبه و دوو كتێبی تریش (دیداره‌كه‌ی رۆژنامه‌ی الشرق الا‌وسط)ی له‌نده‌نی له چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌نووس مه‌عد فه‌یاز، هه‌روه‌ها (دیداری ته‌مه‌ن) له ئاماده‌كردنی سه‌ڵاح ره‌شید، كه دوو چاوپێكه‌وتنی زۆر دوور و درێژی رۆژنامه‌وانی و بیره‌وه‌ریین جا هه‌ر له‌م كتێبه‌وه تا به كتێبی (دیداری ته‌مه‌ن)یش ده‌گات، كه ئاماده‌كارانیان كه‌سایه‌تیی جیاواز بوون، پرسیاری ره‌خنه‌یی زۆر به كه‌می به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵكو ئه‌وه (مام جه‌لال تاڵه‌بانی)یه، هه‌م ره‌خنه ده‌گرێ و هه‌میش ده‌یكاته پرسیار و خۆی وه‌ڵامی ره‌خنه‌كانی ده‌داته‌وه و ده‌یخاته نێو پرۆسه‌ی یان چوارچێوه‌ی ره‌خنه‌گرتن و ره‌خنه له‌خۆگرتنه‌وه، كه ئه‌م دوو چه‌مكه وه‌ك نه‌ریتێكی سیاسی فه‌رهه‌نگی (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و رووناكبیریی كوردستاندا وێناكراوه، چونكه زۆرێك له پرسیاره‌كانی نێو چاوپێكه‌وتنه‌كانی ئه‌م كتێبه، كه‌متر خۆی له پرسیاری ره‌خنه‌یی داوه، به‌ڵكو ویستوویه‌تی له رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی رووداوه مێژووییه‌كانەوە خاڵ له‌سه‌ر پیته‌كان دابنێت، به‌ڵام ئه‌مه بۆ كاری رۆژنامه‌وانی جددی و كاریگه‌ر دادی نادات، چونكه ده‌بوایه پرسیاری ره‌خنه‌یی ورد له (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) بكرابایه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی نیوه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م.
چواره‌م: ئه‌م كتێبه ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌سوود بۆ خوێندنه‌وه‌ی بیر و هزری (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) وه‌ك كاراكته‌رێكی كاریگه‌ری سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی، سه‌ربازی، رووناكبیری و جڤاكی له‌ماوه‌ی 70 ساڵی رابردووی باشووری كوردستان و عیراق و ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، چونكه رۆڵ و كاریگه‌ریی ئه‌م كه‌سایه‌تییه تا ئه‌مڕۆش به‌سه‌ر هه‌ندێك له رووداوه سیاسییه‌كانی كوردستان، عیراق و ناوچه‌كه‌وە ماونه‌ته‌وه، نموونه‌ی زۆر هه‌ن له‌وانه: پڕۆسه‌ی ئاشتیی له باكووری كوردستان و توركیا، كه (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) ئه‌ندازیار و بنیاتنه‌ری پرۆسه‌ی ئاشتییه له باكووری كوردستان و توركیا له ماوه‌ی ساڵانی 1993 - 2012، كه ئه‌مڕۆ هه‌مان پرۆسه‌ی ئاشتی هاتۆته‌وه به‌ر باسوخواسی ناوچه‌كه و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی له رۆژه‌ڤی گه‌رمی ناوخۆیی توركیا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدایه.
پێنجه‌م: له په‌راوێز و به‌دواداچوونه‌كانی ته‌واوی ئه‌م كتێبه‌دا، هیچ جۆره ستایشێك و موجامه‌له كردنێك به‌دی ناكرێت، به‌ڵكو (پ.د. ئه‌حمه‌د حه‌مه‌دئه‌مین ئۆمه‌ر)، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر زانستی و بابه‌تییانه و بێ لایه‌نانه هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی به‌دی كردبێت، راستی كردووەته‌وه و چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندتر كردووه، ئه‌مه‌ش بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كیی نووسینه‌وه‌ی مێژوو و راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه مێژووییه‌كانه به‌ده‌ر له‌هه‌ر جۆره لایه‌نگری و ده‌مارگیرییەك.