پرۆفیسۆر د.جۆزێف نای
له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی زیره‌كیی ده‌ستكردیشدا بڕ و قه‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان زۆر به خێرایی زیاد ده‌كات، كه‌واته جیهانگیریی به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ره‌نگه ئه‌م جاره‌یان له جۆری باشتر بێت
له‌گه‌ڵ كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر له ناوچه جیاجیاكانی لۆس ئه‌نجلۆسدا، كه مانگی كانونی دووه‌می رابردوو روویدا، جۆنز ئه‌لێكس، كه‌سایه‌تیی به‌ناوبانگ له بواری تیۆریی پیلانگێڕیدا، له ئه‌كاونته‌كه‌ی خۆیدا له سایتی ئێكس (تویته‌ری جاران) نووسیبووی: ئاگره‌كه به‌شێكه له پیلانی گه‌وره‌تر، كه به‌رپاكرابوو بۆ له‌ناوبردنی پیشه‌سازی ئه‌مریكا.
ئه‌م پێشنیازه‌ی جۆنز، هه‌رچه‌نده تا راده‌یه‌ك بێ‌مانا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌وه‌دا كه ده‌ڵێ: ئاگره‌كه په‌یوه‌ندیی به جیهانگیرییه‌وه هه‌یه، قسه‌كه‌ی راست بوو، چونكه ساڵی رابردوو گه‌رمترین ساڵ بوو له‌سه‌ر زه‌وی، له‌و كاته‌وه، كه پله‌ی گه‌رمی تۆمار ده‌كرێت، پێده‌چێ گه‌رمترین ساڵیش بێت له 125 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وپێشه‌وه تا ئێستا، چونكه له‌و ساڵه‌دا پلەی گه‌رما، ئاستی چاوه‌ڕوانیی رێكه‌وتننامه‌ی پاریسی تێپه‌ڕاند، كه ده‌بوو 1,5 پله به‌راورد به سه‌رده‌می پێش شۆڕشی پیشه‌سازی به‌رز بێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه زۆرینه‌ی زاناكان گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و پله‌ی گه‌رما ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی ره‌فتاره‌كانی مرۆڤ.
جیهانگیریی، به ساده‌یی واته پشتبه‌ستن به یه‌كتر له‌و دیوی سنووری كیشوه‌ره‌كانه‌وه، چونكه بازرگانیی له نێوان وڵاتانی ئه‌وروپادا پشتبه‌ستنه به یه‌كتر له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی، یان هه‌رێمیی، به‌ڵام بازرگانی له نێوان ئه‌وروپا و ئه‌مریكا، یان چیندا، ره‌نگدانه‌وه‌ی جیهانگیرییه. ئێستا دۆناڵد تره‌مپ-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا به هه‌ڕه‌شه‌كانی له چین و سه‌پاندنی باج و گومرگ به‌سه‌ریدا، ده‌یه‌وێ له ئاستی پشتبه‌ستنی جیهانگیریی كه‌م بكاته‌وه، چونكه پێی وایه هۆكاره بۆ زیانگه‌یاندن به پیشه‌سازی و هه‌لی كاری ناخۆ.
گله‌یی پۆپۆلیسته‌كان
پسپۆڕانی ئابووریی له كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و زیانانه‌یان كۆڵیوه‌ته‌وه، كه به هۆی بازرگانیی جیهانییه‌وه روو ده‌ده‌ن، هه‌ندێك له‌و لێكۆڵینه‌وانه گه‌یشتنه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی به‌هۆی كێبڕكێی بیانییه‌وه چه‌ندین ملیۆن هه‌لی كاری ناوخۆیی له‌ده‌ستچووه، به‌ڵام ئه‌مه تاكه هۆكار نییه، به‌ڵكو زۆرێك له پسپۆڕانی ئابووریی ته‌كنۆلۆجیای نوێ و داهێنانی كارپێكردنی ئۆتۆماتیكی به هۆكار ده‌زانن بۆ فراوانبوونی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان، له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه سه‌ركرده پۆپۆلیسته‌كان پێیان وایه گلله‌ییكردن له هێزی كاری بیانی ئاسانتره له گلله‌ییكردنی له رۆبۆت و ته‌كنۆلۆجیا، ئه‌وان كێشه‌كه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی كۆچه‌ران، ئه‌و كۆچه‌رانه‌ی كه ره‌نگه له درێژمه‌ودادا سوودیان هه‌بێت بۆ وڵاته‌كه، به‌ڵام له تێگه‌یشتنی كورتمه‌ودادا، ئه‌وان وێرانكه‌رن، ره‌نگه كۆچی مرۆڤ له ئه‌فریقاوه یه‌كه‌م نموونه‌ی جیهانگیریی بێت، ره‌نگه ئه‌مریكا و زۆر وڵاتی دیكه‌ش به‌ره‌نجامی هه‌مان دیارده بن.
كاتێك دیارده‌ی كۆچ زیاد ده‌كات، یان له‌لایه‌ن راگه‌یاندنه‌وه گرنگیی زۆریی پێده‌درێت، كاردانه‌وه سیاسییه‌كانیش چاوه‌ڕوانكراو ده‌بن، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كۆچ به‌ره‌و وڵاته دیموكراتییه‌كان بۆته بابه‌تی سه‌ره‌كی سه‌ركرده پۆپۆلیسته‌كان و له هه‌ڵبژاردنی 2016 و 2024ی دۆناڵد تره‌مپیشدا دیارده‌ی كۆچ هۆكاری سه‌ركه‌وتنی بوو، هه‌ڵبه‌ت پێگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ته‌كنۆلۆجیای زیره‌كیی ده‌ستكردیش گرنگن له‌و بواره‌دا به‌ڵام كاریگه‌رییان كه‌متره.
گواستنه‌وه له نێوان سنووره‌كاندا
زۆر کەس پێیان وایه زۆربه‌ی كێشه‌كان به‌هۆی خیرایی بڵاوبوونه‌وه‌ی جیهانگیرییه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه، پۆپۆلیسته‌كانیش بازرگانی و كۆچی هێزی كار به هۆكاری هه‌موو كێشه ناوخۆییه‌كانی وڵاته‌كانیان ده‌زانن، له راستیشدا ره‌وتی بارزگانی و كۆچ له دوای جه‌نگی سارده‌وه زۆر خێرابووه و گۆڕانكارییه سیاسییه‌كان به‌ره‌وپێشچوونی ته‌كنۆلۆژیای گه‌یاندن بوونه‌ته هۆی فراوانترین كرانه‌وه‌ی ئابووری و كه‌مبوونه‌وه‌ی تێچووی گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵك (واته هێزی كار) و سه‌رمایه و كاڵا له نێوان سنووره‌كاندا، ئێستاش له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی هه‌ژموونی پۆپۆلیسته‌كاندا، ئه‌گه‌ری هه‌یه سه‌پاندنی گومرگی زۆر و توندوتۆڵكردنی كۆت و به‌ند له‌سه‌ر سنووره‌كان ببنه هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌و گواستنه‌وه‌یه‌ی باس كرا له نێوان سنووره‌كاندا.
به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: ئایا رێڕه‌وی جیهانگیریی ئابووری پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه؟ به‌ڵێ پێشتریش روویداوه، له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا بازرگانی و كۆچ زۆر به خێرایی په‌ره‌ی سه‌ند، به‌ڵام كتوپڕ راوه‌ستا، ئه‌ویش به‌هۆی هه‌ڵایسانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه و له‌و كاته‌وه بارزگانیی وه‌ك به‌شێك له پێكهێنه‌ری تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی له‌سه‌ر ئاستی جیهان سه‌رپێی خۆی نه‌كه‌وته‌وه تا ده‌وروبه‌ری ساڵی 1970.
جه‌نگ بازرگانیی راده‌گرێت
ئێستا كه هه‌ندێك له به‌رپرسانی ئه‌مریكا داوای دابڕانی ته‌واو ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ چین، تۆ بڵێی جارێكی دیكه ئه‌وه روو بداته‌وه؟ هه‌رچه‌نده ره‌نگه مه‌ترسیی ئه‌منیی قه‌باره‌ی بازرگانیی نێوانیان كه‌م بكاته‌وه، به‌ڵام ده‌ستهه‌ڵگرتن له بازرگانییه‌كی دوولایه‌نه، كه به‌هاكه‌ی ساڵانه ده‌گاته نیو تریلیۆن دۆلار زیانه‌كانی ئه‌وه‌نده زۆرن پێناچێ ئه‌وه روو بدات. هه‌ڵبه‌ت (پێناچێ روو بدات) جیاوازه له (ئه‌سته‌مه روو بدات)، چونكه هه‌ڵایسانی جه‌نگ له‌باره‌ی تایوانه‌وه، ئه‌گه‌ری هه‌یه بازرگانیی نێوان چین و ئه‌مریكا رابگرێت.
بۆ ئه‌وه‌ی له جیهانگیریی تێبگه‌ین، ده‌بێ كه‌مێك دوورتر له مه‌سه‌له‌ی ئابووری بڕوانین، چونكه شێوه‌كانی پشت به یه‌كتر به‌ستن له نێوان وڵاتانی جیهاندا، ته‌نیا ئابووریی ناگرێته‌وه، بواری سه‌ربازی، ژینگه، كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌ندروستی و ..هتد ده‌گرێته‌وه، راسته جه‌نگ به پله‌ی یه‌كه‌م وێرانكه‌ره بۆ ئه‌وانه‌ی تێوه‌ده‌گلێن، به‌ڵام له بیرمان نه‌چێت په‌تای كۆڤید19 به‌قه‌د هه‌موو جه‌نگه‌كان خه‌ڵكی ئه‌مریكای كوشت.
جیهانگیریی ریشه‌ی مێژوویی هه‌یه
هاوكات زاناكان پێشبینی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی كه‌ش و هه‌وا و توانه‌وه‌ی شاخه به‌سته‌ڵه‌كه‌كاندا زۆر شاری كه‌نار زه‌ریاكان نوقم ده‌بن و زیانی ماددی گه‌وره‌ی به دواوه ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاگركه‌وتنه‌وه زیاتر ده‌بێت و زریان و گه‌رده‌لولی سروشتی هه‌ڵده‌كه‌ن و زیانه‌كان چه‌ند هێنده ده‌كه‌ن، سه‌یر له‌وه‌دایه، به ده‌ستی خۆمان سنوور بۆ جۆرێك له جیهانگیریی داده‌نێین كه سوودی هه‌یه و گرنگیش به هه‌ندێك بابه‌ت ده‌ده‌ین كه جگه له خه‌رجییه‌كی زیاده هیچی دیكه‌ی تێدا نییه، بۆ نموونه كشانه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ له رێكه‌وتننامه‌ی پاریس و رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانیی.
كه‌واته داهاتووی جیهانگیریی چییه؟ مه‌سه‌له‌ی پشتبه‌ستن به یه‌كدی و كۆچی مرۆڤ له نێوان وڵاتاندا، به تایبه‌ت له سه‌رده‌مێكیشدا كه خاوه‌نی ته‌كنۆلۆژیای گواستنه‌وه و گه‌یاندنین شتێكی حه‌تمییه، جیهانگیریی ئابووریش ره‌گ و ریشه‌ی له مێژووی سه‌دان ساڵدا داكوتیوه، رێگا بازرگانییه دێرینه‌كان به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ن، وه‌ك رێگای ئاوریشم، كه ئێستا چین ده‌یه‌وێت زیندووی بكاته‌وه به ناوی پشتێن و رێگا، كه پرۆژه‌یه‌كه هه‌موو جیهان ده‌گرێته‌وه.
كه‌واته به‌رده‌وام ده‌بێت
له سه‌ده‌ی پازده‌دا داهێنانه‌كانی بواری گواستنه‌وه له رێگه‌ی ده‌ریاوه، بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی سه‌ده‌ی دۆزینه‌وه زانستییه‌كان و به دوای خۆیدا سه‌رده‌می كۆلۆنیالیزمی هێنا، له هه‌ردوو سه‌ده‌ی نۆزده و بیستیشدا ته‌له‌گراف و كه‌شتییه نوێیه‌كان پرۆسه‌ی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی خێراتركرد، ئێستاش شۆڕشی زانیاری ئابووریمان به‌ره‌و خزمه‌تگوزاریی ده‌بات، له سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌وه ئینته‌رنێت به فراوانی به ناو خه‌ڵكدا بڵاو بۆوه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ چه‌ندین ملیار كه‌س هه‌ڵگری كۆمپیۆته‌رێكی بچووكن له گیرفانیاندا، ئه‌و كۆمپیوته‌ره‌ی رۆژگارێك یه‌ك دانه‌ی به ته‌نیا ژوورێكی ده‌گرت، له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی زیره‌كیی ده‌ستكردیشدا بڕ و قه‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان زۆر به خێرایی زیاد ده‌كات، كه‌واته جیهانگیریی به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ره‌نگه ئه‌م جاره‌یان له جۆری باشتر بێت.
*مامۆستا له زانكۆی هارڤارد و خاوه‌نی چه‌ندین كتێب، بۆ نموونه نه‌رمه‌هێز، ئایا سه‌ده‌ی ئه‌مریكا ته‌واوبوو؟ ..هتد.
له عه‌ره‌بییه‌وه:
كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
سه‌رچاوه: پرۆجێكت سه‌ندیكه‌یت