بەرهەمی جووتیاران و گوندنشینان

10:44 - 2022-07-27
دووتوێ
665 جار خوێندراوەتەوە

موتەلیب سەعید عومەر 

ئەو سەردەمانەی چەم و شیو، دۆڵ و کانیاوەکان، تاڤگەی شاخەکانی کوێستانە پڕ لە هاژە و خوڕە و ئاوی سازگار و بەفراوی کوێستانەکان بوو، ئەو سەرچاوانەی بەهەشتی خوداوەند و هۆکاری بوژاندنەوەی بەرهەم و بەروبوومی دانەوێڵە و تووتن و ماڵداری ئاژەڵدارەکان بوو، ئەو وەختەی کوێستانەکان پڕ لە ئاوی کانیاوی تەقیو، کارێزی سروشتی خودایی بوو، سەرچاوەی ئەم سامانە سروشتییە هۆکاری بوژاندنەوەی مێرگ و سەوزایی، درەختی بەردار و بێ بەر، میوەی هاوینە و هەمە جۆری خۆراکی پێداویستی سەرەکی گوندنشینان و کوردەواری بوو.
لەم سروشتە رازاوە ئەفسوناوییەدا دانەوێڵە، تووتن و گژوگیا و پاوانەکان سەرچاوەی بژێویی گوندەکان بوو، کە تێیدا ئاژەڵدارەکان لە لەوەڕگاکاندا ئاژەڵەکانیان دەلەوەڕاند، دانەوێڵە و تووتن دوو بەرهەم و بەرووبوومی سەرەکی گوندنشینانە، لەم باسەماندا ئاماژە بەدوو کەرتی گرنگ دەکەین کە بوونەتە سەرچاوەی ئاوەدانی و بژێوی دانیشتوانەکەی ئەویش زەوی دێمەکار و زەوی بەراو کە جوتیاران و خەڵکی گوندەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی پشتیان پێ بەستووە و کەڵکیان لێوەرگرتووە وەک سەرچاوەی خۆراکی رۆژانە و وەرزی ئەرک و کار و فەرمانەکانیان بەجێهێناوە.
زەوی دێمەکار
  لەسەرەتای وەرزی پایزدا، جوتیاران  پێش بارانی  پەڵە زەوی وەرد دەکات، تۆو دەچێنێت بارانی بەسەردا دەبارێت، دانەوێڵەش وەک هەر بەرووبوومێکی دیکە بەدرێژایی وەرزی پێگەیشتن دووچاری چەندین ئافات و نەخۆشی دەبێت لە نموونەی ژەنگ، مێروو، سن و کوللە، چەند جارێک جوتیار دەبێت دەرمانی قەڵاچۆکردن بەکاربهێنێت، سەرباری بژارکردن و پاککردنەوەی لە گیا و مرۆر، لە سەرەتای وەرزی بەهاردا جۆ و گەنم دەداتە قەف و گوڵ، لە پێشدا جۆ زەرد دەبێت و زووتر پێدەگات، بەڵام گەنم درەنگتر کامڵ دەبێت، لە گەرمەی کاری بەراودا گەنم هەی داسێتی. 
بابگەڕێینەوە سەر ئامادەکارییەکانی گیادروون بۆ پێداویستی وڵاخە بەرزە، رەشە وڵاخ، مەڕ و ماڵات. لە سەرەتای مانگی چوار هەموو خەڵکی گوندەکان سەرقاڵی گەرمەی کار و فەرمانن کاتێک جوتیار زەوی بەراو پاک دەکاتەوە، لە دوو لاوە پێویستی بەوەیە ئامادەکاریی بکات بۆ کێڵانی بەراوەکەی بەمەبەستی ئاوداشتن و کردنی بە توتن و جۆرەکانی دیکەی لە میوەی هەمەجۆر لە خەیار، ترۆزی، تەماتە، کوولەکە، باینجان و ... هتد، بۆ ئەم مەبەستە دانیشتوانی گوند بە هەرەوەز کۆمەک دەکەن بۆ پاککردنەوەی جۆگا تا ئاو دابین بکەن بۆ زەوییە بەراوەکانیان.
جۆگا ماڵین‌ 
بە درێژایی ساڵانی رابردوو تا کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستەم سەرچاوەی پاراوکردنی بەراوەکانی گوندەکان پشتیان بە ئاوی شیو  و دۆڵ و سەرچاوەکانی بنار شاخەکان بەستووە، لەگەڵ بەشێک لە کانیاو و کارێزەکان، لەبەرئەوەی ئەو سەردەمانە بەفراوی کوێستانەکان دەتوانەوە، باران بارینیش بە رێژەیەکی گونجاو دەباری، بۆیە خەڵکی گوندەکان بەڕادەیەک پشتیان بە ئاوی باراناو و کانی و چەم و شیوەکان دەبەست، ئێستا خەڵکی گوندەکان ئەو دەرفەت و بارە ئابوورییە گرنگەیان لەدەستداوە و بەدوای شێوازێکی دیکەی گوزەران کەوتوون.
هەڵمەتی جۆگاپاککردن بە کۆی دانیشتوانی گوند ساڵانە بۆ پاککردنەوەی جۆگاکانیان لە گژوگیا، هەموو ئەو قوڕاو و لیتانەی بە درێژایی وەرزی زستان لە پاشماوەی باران، جۆگاکانیان پڕ بۆتەوە، دەستدەکەن بەدەردان و پاککردنەوەی تا دەیگەیننە ئەو شوێنەی پێی دەڵێن بناوان، لە بناواندا ئاو هەڵدەبەستن بۆ سەر جۆگاکەی ناو گوند، پاشان هەر یەک لە خاوەن بەراوەکان لەسەرەی خۆیدا بڕگەی ئاوەکەی بەردەداتەوە بۆ پاراوکردنی تووتن و بەروبومەکانی، بەڵام پێش ئەم کارە دەبێ زەوییە بەراوەکان کێڵرا بێت و ئامادە کرابێت بۆ دێراو هەڵدان.
زەوی کێڵان 
لە رابردوودا بە دوو رێگە زەوی دەکێڵرا، ئەو زەویانەی تەلان و لە دامێنی شاخ هەڵکەوتوون جوتیارەکان لە رێگەی جووتەگاوە زەوییەکەی دەکێڵێت، چونکە تراکتۆر زۆر کەم بووە، ئەگەریش هەبووبێت لە شوێنی تەلاندا تراکتۆر توانای سەرکەوتن و داگەڕانی نییە.
کێڵان بە تراکتۆر لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، لە ناوچەی شارباژێر ئەرکێکی لەسەر جوتیار کەمکردەوە، بەم هۆیەوە جوتیار لەلایەک کاتێکی بۆ دەگەڕایەوە، هەم لە ماندوبوونیشی کەم دەکردەوە، لەم قۆناغە بەدواوە، کاری دێراو هەڵدان دێتە پێشەوە، مەبەست لەم کارە لێدانی شەتڵە تووتن بۆ بە دەستهێنانی بەرهەمی تووتن وەک سەرچاوەیەکی بژێوی ئابووری وەرزیی بۆ دانیشتوانی گوندەکان، لێرەدا کۆتایی بەم باسە دێنین لەبەشێکی دیکەدا دێینە سەر شەتڵلێدان بە هەرەوەز و قۆناغەکانی خزمەتکردن و گەشەکردنی تووتن، لەگەڵ درەوکردن و چۆنێتی هەرەوەزکردن لەکاری درەوکردندا.

#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان