سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەڵمانیا لەگەڵ جەنەڕاڵ دەیڤد پەترایۆس، لێپرسراوی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (CIA) و فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی هەمەلایەنە لەسەر دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان، عیراق، ناوچەکە و گرنگی سەقامگیریی ئەمنی و پەرەپێدانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا و پێویستی بەردەوامی دیالۆگی بونیادنەرانە لەنێوان هەموو لایەنەکان جەختی لەسەرکرایەوە لەپێناوی زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکاندا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا تاوتوێکرا و سەرۆک بافڵ هەموو ئامادەییەکی لەورووەوە دەربڕی لە چوارچێوەی پاراستی بەرژەوەندییە باڵاکان و زیاتر خزمەتکردن بەخەڵک و بەهێزترکردنی ژێرخانی ئابووری لە وڵاتدا