بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەڵمانیا لەگەڵ ناتالیا پوزیرێف، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەرەنسا لە لیژنەی بەرگری پەرلەمان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتی لە بەردەوامی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەنێوان هەردوولا کردەوە لەپێناو یەکخستنی هەوڵەکان و بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەجۆرێک ببێتە مایەی بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ وڵاتەکەمان.
سەرۆک بافڵ دووپاتی لە خواستی یەکێتی و گەلی کورد کردەوە لە بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە لە مێژینەکان و بەھێزکردنی ھاریکاری ھاوبەش لەگەڵ فەرەنسا لە بوارە جیاجیاکاندا بەتایبەت لە بواری ئابووری و دیپلۆماسیدا و رایگەیاند، یەکێتی هەمیشە بەچاوی رێزەوە لە گەل و دەوڵەتی فەرەنسا، بە تایبەت هەڵوێستیی دڵسۆزانهی خاتوو دانیاڵ میتران دەڕوانێت كه له سهرجهم قۆناغەکانی سەختی خەباتی کوردایەتیدا پاڵپشت و داکۆکیکار بوو لە مافەکانمان و رایگەیاند ئێمە قەت دۆستەکانمان کە لەگەڵمان بوون و پشتیان لێنەکردین لە یادناکەین و بەپێزانینەوە لەو پەیوەندییانە دەڕوانین و دەمانەوێت گەشەی چۆنایەتی پێبدەین.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت سووریا و پرسی کورد لە رۆژئاوا بیروبۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان کردەوە لە چوارچێوەی سووریای نوێدا و وتی، دەبێت رێز لە قوربانیدان و خەباتی گەلی کورد لە رۆژئاوا بگیرێت و بەشدارێکی راستەقینە بێت لە بنیادنانەوەی وڵاتەکەیان هەر هەوڵێکیش بۆ پەراوێزخستن و لە دەرەوەی ئەم ئامانجە نیشتمانییە بە زیان بۆ ئاسایشی ناوچەکە دەشکێتەوە.